English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
وەزارەتى خوێندنى باڵا کارنامەى چوار ساڵى کارکردنى پێشکەش بە ئەنجومەنى وەزیران دەکات
2019-09-23 [03:31 AM]

ZNA - هه‌ولێر


ئەمڕۆ دوشەممە ئارام محمد قادر وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌گه‌ڵ باربارا ڤۆڵف کونسڵى گشتى وڵاتى ئەڵمانیا لە هەولێر كۆبووه‌وه‌.

لە دیدارەکەدا کە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت ئامادەیبون، کونسڵى گشتى ئەڵمانیا لە هەولێر ستایشى هەماهەنگى و دڵسۆزى گەل و حکومەتى هەرێمى کوردستان کرد هەر لە شەڕى ڕوبەڕوبونەوەى داعش و پاراستنى ئەمن و ئاسایشى ناوچەکە و قوڵکردنى کلتورى پێکەوەژیان و ئاشتیانە لەنێوان پێکهاتە و نەتەوە و ئاینزا جیاوازەکانى کە لە هەرێمى کوردستان دەژین.

لەبارەى پەرەپێدانى سێکتەرى خوێندنى باڵاى کوردستان کونسڵى ئەڵمانیا پەرەپێدانى پەیوەندییەکان و هاوکارى خۆی بۆ سیستمى خوێندن و پێشخستنى ئاستى زانکۆکانى کوردستان دوپاتکردەوە و، کورتەیەکیشى لەبارەى گۆڕانکارییەکانى سیستمى خوێندن و فێربون لە وڵاتى ئەڵمانیا خستەڕو، بەشێوەیەک گۆڕانکارییەکان لەگەڵ ژینگە و پێداویستى بازاڕ گونجاون.

لەبەرامبەردا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، به‌گرنگیه‌وه‌ باسی له‌ پێویستی هه‌ماهه‌نگی و هاوكارییه‌كانی حكومه‌ت و گه‌لی ئەڵمانیا بۆ هه‌رێمی كوردستان كرد و، له‌و باره‌یه‌وه‌ وتی: له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردودا به‌تایبه‌ت له‌ شه‌ڕی داعش  ئەڵمانیا هاوكاری سەرەکى خه‌ڵك و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوه‌، بۆیه‌ هاوكارییه‌كانی ئه‌وان ڕۆڵی گه‌وره‌ی بۆ‌ له‌ناوبردنی داعش له‌ كوردستان و عێراق هه‌بو، بۆ ئه‌وه‌ش وتی سوپاس بۆ ئه‌و هاوكارییانەى ئەڵمانیا پێشكه‌شی كردوە.

هەر لە وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا ڕایگەیاند: لەدواى شەڕى داعش و گۆڕانکارییەکانى ناوچەکە وا دەخوازێت ئاستى پەیوەندى و لێکگەیشتنەکانمان بچێتە قۆناخێکى تر، بەتایبەت لە کەرتى خوێندنى باڵاى کوردستان و پێشخستن و پەرەپێدانى ئاستى زانکۆ و دامەزراوە زانستیەکانمان.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا و، بەمەبەستى تیشکخستنە سەر کارنامە و پلانى کارکردنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، د. ئارام محمد قادر ڕایگەیاند: لە کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان پلانى ستراتیژى چوار ساڵى کارکردنمان داڕشتوە و، به‌رزكراوه‌ته‌وه‌ بۆ ئەنجومەنى وەزیران بەمەبەستى گفتوگۆ و پەسەندکردنى، بۆ ئەوەش وتى: لە هێڵە سەرەکیەکانى کارنامەکەماندا بەهێزکردنى پێگەى نێودەوڵەتى زانکۆکانى کوردستان و، باشترکردن و ڕەخساندنى ژینگەى خوێندن و فێربونى سەردەمیانە بۆ ڕۆڵەکانمان و ئەنجامدانى پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژەکان و، بەستنى کۆنفرانسى زانستى و ئەکادیمى بۆ گۆڕانکارى لە سیستمى خوێندن و گونجانى لەگەڵ ڕەهەندى نێودەوڵەتى له‌ پێشینه‌ی كاره‌كانمانه‌، وتیشى دەمانەوێت لەم بوارەدا پەیوەندى نێوان زانکۆکان و بازاڕى کارى کوردستان بەهێز بکەین و پرۆگرامەکانمان بە پێداویستییەکانى بازاڕى کارى کوردستان ببەستینەوە، بۆ جێبەجێکردنى ئەم پلان و بەرنامانە و پڕکردنەوەى پێداویستیەکانى بازاڕى کارى کوردسان، پێویستمان بە هەماهەنگى و شارەزایى وڵاتى ئەڵمانیا دەبێت.

هه‌ر له‌ میانه‌ی قسه‌كانیدا، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی وتی: ئه‌و پڕۆژانه‌ی پێویسته‌ بخرێنه‌ خزمه‌ت کەرتەکە ده‌كرێ هه‌ماهه‌نگ و هاوكاری یه‌كتربین، بۆ ئه‌وه‌ش به‌سود وه‌رگرتن له‌و په‌یوه‌ندییه‌ توندوتۆڵه‌ی زانكۆكانی ئەڵمانیا له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ت و زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان دەتوانێت ئاڵوگۆڕى زانستى و ئەکادیمى و کلتورى زیاتر لە نێوادا پەرەپێبدات.





ئەم هەواڵە 2842جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad