English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
نه‌تانیاهۆ شكست ده‌هێنێت
2019-09-24 [05:54 AM]

ZNA- هه‌ولێڕ


هەفتەی رابردوو دووەم هەڵبژاردنی گشتی لە ماوەی ئەمساڵدا لە ئیسرائیل بەڕێوەچوو كە تێیدا هیچ حیزبێك براوەی رەها نییە و پێناچێ هیچكام لە دوو حیزبە سەرەكییەكە بچنە ناو هاوپەیمانییەك كە تێیدا لایەنی بەرامبەر سەرۆكایەتی بكات. بۆ یەكەمجار لە 10 ساڵی رابردوودا، سەرۆكوەزیران بنیامین نەتانیاهۆ دەسەڵاتێكی ئەوتۆی بەسەر سیاسەتی ئیسرائیلەوە نەماوە و دوور نییە خۆی لە گرتووخانەش ببینێتەوە. 

 

رۆژی هەینیی رابردوو لیژنەی ناوەندیی هەڵبژاردنی ئیسرائیل ئەنجامی 99.8٪ی زیاتر لە 10 هەزار بنكەی دەنگدانی راگەیاند و تێیدا هاوپەیمانێتی میانڕەو و لیبراڵی شین و سپی بە سەركردایەتی بێنی گانتز 33 كورسی و پارتی لیكود بە سەركردایەتیی نەتانیاهۆ 31 كورسییان بەدەستهێنا. 

 

بەپێی ئەو ئەنجامە، بنبەستی هەڵبژاردنەكەی نیسان دوای دەرچوونی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئەمجارەش درێژەی دەبێ. ئەوەی كە دیارە ئەوەیە حكومەتی بنكەفراوان تاكە رێگەچارەیە بۆ ئەوەی ئیسرائیل تووشی هەڵبژاردنی سێیەم نەبێت، ئەوەی دیار نییە ئەوەیە كێ سەركردایەتیی ئەو حكومەتە دەكات. لە كاتێكدا شین و سپییەكان دەڵێن بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی لەو جۆرە نەتانیاهۆ دەبێ واز لە سەركردایەتی لیكود بهێنێ. 

 

لە هەڵبژاردنی ئەمجارە كوتلەی چەپ و میانڕەو كە لیستی یەكگرتووی عەرەبەكانیش لە خۆدەگرێ، 57 كورسییان هەیە، لە كاتێكدا كوتلەی راست  و ئایینییەكان 55 كورسییان هەیە. بەو پێیەش هیچ كام لە دوو كوتلە سەرەكییەكە نەیانتوانیوە زۆرینەی رەها لە 120 كورسییەكەی پەرلەمانی ئیسرائیل بۆ خۆیان مسۆگەر بكەن. ئەوەش وایكردووە چاوی هەموو لایەنەكان لەسەر پارتی ئیسرائیل بەیتەنو بە سەركردایەتی ئاڤدیگۆر لیبەرمان بێ، كە  8 كورسی بە دەستهێناوە.

 

پارتەكەی لیبەرمان ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە لە حكومەتێكی بنكەفراواندا بەشداری دەكەن كە هەم لیكود و هەم شین و سپییەكان لە خۆبگرێ، بەڵام بەو مەرجەی داواكارییەكانیان بۆ سیكولاركردنەوەی هەندێك لە سیاسەتەكانی حكومەت لەبەرچاو بگیرێن.

 

لە دوای هەڵبژاردنەكانی نیسان، لیبەرمان هۆكاری شكستی هەوڵەكانی نەتانیاهۆ بوو بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی بنكەفراوان، كاتێك هەتا دوایین رۆژی مۆڵەتی نەتانیاهۆ بۆ پێكهێنانی حكومەتیش، لیبەرمان پێداگری لەسەر تێپەڕاندنی یاسایەك دەكرد كە بەهۆیەوە كەسانی سەر بە گروپە توندئاژۆ جووەكانیش دەبووایە لە سوپا ناونووس بكرێن. 

 

هەرچەندە گانتز و بەرەكەی زۆرترین ژمارەی كوررسییان بەدەستهێناوە، بەڵام پێكهێنانی حكومەت بۆیان ئاسان نابێ. لیستی یەكگرتووی عەرەبەكان كە 13 كورسی بەدەستهێناوە لە هیچ حكومەتێكی ئیسرائیلیدا بەشدار نەبووە و پێناچێ ئەمجارەش ئامادە بێ لە حكومەتێكی جوودا بەشدار بێ، بۆیە شین و سپی ناتوانێ بۆ پێكهێنانی حكومەت پشتیان پێ ببەستێ، وەك چۆن پێناچێ پارتە سەرەكییە ئیسرائیلییەكانیش سەركێشی وابكەن. 

 

عەرەبەكان 20٪ی دانیشتووانی ئیسرائیل پێكدەهێنن كە لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا رێژەی بەشدارییان بۆ 60٪ بەرزبووەتەوە. ئەگەر لیكود و شین و سپییەكان بتوانن لەسەر حكومەتی یەكگرتوو رێكبكەون، ئەوە عەرەبەكان دەبنە گەورەترین لیستی ئۆپۆزیسیۆن لە پەرلەمانی ئیسرائیل و بەو پێیەش ئەیمەن عودە، سەرۆكی لیستەكە، دەبێ بە سەرۆكی ئۆپۆزیسیۆن لە پەرلەماندا و مافی ئەوەی دەبێ هەفتانە لەگەڵ سەرۆكوەزیران دابنیشێ و لە وردەكارییە ئەمنییەكان ئاگادار بكرێتەوە. 

 

لیبەرمان كێشەی گەورەی لەگەڵ پارتەكانی هاوپەیمانی گانتز هەیە، لەوانەش پارتی یەكێتیی دیموكراتیك. ئەستەمە پارتە ئایینییەكانیش لەگەڵ هاوپەیمانە سێكولارە رادیكاڵەكانی گانتز بكەون، مەگەر ئەوەی ئەو پارتانە دەست لە بەشێكی گەورە لە ئەجێندای خۆیان هەڵگرن. پارتی لیكودیش لە هەڵبژاردنەكەی پێشووەوە بۆی دەركەوتووە یەكگرتن لەگەڵ لیبەرمان كۆمەڵێك هاوپەیمانی دیكەیان لێدووردەخاتەوە، بە تایبەتیش پارتە جووە كۆنزەرڤاتیڤەكان. 

 

تاكە رێگە بۆ دەرچوون لەو بنبەستەی ئێستا و رێگری لە سێیەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی، پێكهێنانی حكومەتێكی یەكگرتووە بە بەشداری لیكود و شین و سپییەكان. بەڵام تاكە رێگر لەبەردەم ئەو هەنگاوەدا بنیامین نەتانیاهۆوە، كە لە ساڵی 2009 ەوە سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیلە و لە 2005ەوە سەرۆكی پارتی لیكودە. 

 

نەتانیاهۆ سێ كەیسی گەندەڵی لە دژ كراوەتەوە، بڕیاریشە لە رۆژی دووی تشرینی یەكەمی داهاتوودا دادگایی بكرێ. تاكە چانسی نەتانیاهۆ بۆ وەرگرتنی پارێزبەندی لە بڕیاری دادگا ئەوەیە پۆستی سەرۆكوەزیران بەدەستبهێنێ. لە ئەمڕۆوە نەتانیاهۆ 10 رۆژی لەبەردەستە بۆ ئەوەی خۆی لە ئەگەری سزای گرتووخانە بپارێزێ. هەر بۆیەش دوای دەرچوونی ئەنجامەكان لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا رایگەیاند "رووی قسەم لە تۆیە بێنی (گانتز)، وەرە با هەر ئەمڕۆ یەك ببینین، لە هەر سەعاتێك و لە هەر كاتێكدا (كە پێت باشە)، بۆ ئەوەی پڕۆسەكە دەستپێبكەین".

 

چاوەڕێ دەكرێ بڕیاری دادگا لە كۆتایی تشرینی دووەم یان سەرەتای كانوونی یەكەمی ئەمساڵ دەربچێ، هەتا ئەو كات دانوستاندنەكانی حكومەتی نوێی ئیسرائیل دەبێ تەواو بووبن. شین و سپی بەڵێنیان داوە لە حكومەتێكدا بەشداری ناكەن كە سەرۆكوەزیرانەكەی كەیسی گەندەڵی لە دادگا هەبێ. 

 

تۆپەكە كەوتووەتە مەیدانی لیكود. یەكێك لە بژاردەكان ئەوەیە ئەو حیزبە نەتانیاهۆ لە سەرۆكایەتی حیزب لابدات، ئەو كات رێگە بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی هاوپەیمانی لەگەڵ شین و سپییەكان خۆش دەبێ. لەو حكومەتەشدا سەرۆكایەتی وەزیران دوو ساڵ بۆ لیكود و دوو ساڵ بۆ شین و سپی دەبێ. 

 

بەڵام ناتان ساكس، سەرۆكی ناوەندی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە پەیمانگەی برووكینگز، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە لیكود هەمیشە هەتا دوا ساتەكان وەفادار بووە بە سەركردەكانی خۆی، مەگەر ئەوەی بیانوویەكیان هەبێ. بیانووەكەشیان ئەو كاتە دەستدەكەوێ كە سەرۆككۆماری ئیسرائیل نەتانیاهۆ بۆ پێكهێنانی حكومەت راسپێرێ و ئەوجارەش شكست بهێنێ و لەو حاڵەتەشدا ئیسرائیلییەكان بۆ جاری سێیەم ناچار بن بچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان. 

 

سەرەڕای ئەو دۆخە ناڕوونەی سیاسەتی نێوخۆی ئیسرائیل پێیدا تێدەپەڕێ، هێڵە گشتییەكانی سیاسەتی دەرەوە و سیاسەتی ئەمنیی ئیسرائیل گۆڕانێكی ئەوتۆی بەسەردا نایەت، لەوانەش روانگەی گشتیی ئیسرائیل بۆ ئێران، حیزبوڵڵا، حەماس، پەیوەندییەكانی دەرەوە و پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ فەڵەستینییەكان.





ئەم هەواڵە 4447جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
بە ڤیدیۆ.. كاره‌ سه‌خت و نایابه‌كانى چه‌ند كرێكارێك
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad