ZNA- ههولێر ئەمڕۆ، سێشەممە ٢٤/٩/٢٠١٩، ئەنجومەنی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوون و سەرپەرشتیی بەڕێز ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ كۆ بووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا كە نوێنەری وەزارەتەكانی دارایی و بازرگانی و تەندروستی و كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و پلاندانان و پەروەردە و شارەوانی و فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە ئامادەی بوون، پلانی ئەنجومەن بۆ ساڵی داهاتوو سەبارەت بە پێداویستییە مرۆیی و تەندروستی و جڤاكییەكانی ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی لە هەرێمی كوردستاندا دەژین و پێداویستییەكانی خەڵكی كوردستان لە سووتەمەنی و خوێندن و تەندروستی خرانە بەرباس، بەتایبەتیش بەهۆی دەستپێكردنی وەرزی خوێندن و نزیكبوونەوە لە وەرزی زستان، بۆ ئەوەی لەگەڵ نوێنەرانی ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و وڵاتە بەخشەرەكان و حكوومەتی فیدراڵیی بەغدا گفتوگۆی لەسەر بكرێت و دابین بكرێن.
لەبەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا نوێنەرانی وەزارەتەكان پێداویستییەكانی تایبەت بە سێكتەری وەزارەتەكانیان خستە ڕوو، دوای گفتوگۆكردن گەڵاڵەی پلانێك كرا بۆ دیاریكردنی پێداویستییە مرۆییەكانی ئاوارە و پەنابەران و هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان.
ئەم هەواڵە 2602جار خوێندراوەتەوە |