ZNA-هەولێر
بڕیارە سبەی چوارشەممە شاندێكی پەرلەمانی کوردستان سەردانی بەغدا بكات و بودجە و نەوت و ماددەی (140) تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان دەبێت.
محەمەد سەعدەددین، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند؛ سبەینێ چوارشەممە، شاندێک لە پەرلەمانی کوردستان دەچێتە بەغدا و رۆژی پێنجشەممە شاندەکە دەچنە پەرلەمانی عێراق و لەسەر سێ تەوەر گفتوگۆ دەکەن.
گوتیشی: بابەتی بودجە، نەوت و ماددەی (140) تەوەری گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا دەبێت.
بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان رونیشیکردەوە بەرنامەی کاری سەردانەکەیان بریتی دەبێت لە گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژە بودجەی ساڵی (2020)ی عێراق، کێشەی نەوت و کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان و بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ لیژنە تایبەتمەندەکانی پەرلەمانی عێراق کۆدەبنەوە.
شاندەکەی پەرلەمانی کوردستان پێکهاتووە لە هەریەک لە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی لیژنەکانی دارایی و ئابووری، وزە و سامانە سروشتییەکان و پیشەسازی و بازرگانی و لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.
ئەم هەواڵە 3100جار خوێندراوەتەوە |