English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
سه‌رۆك وه‌زیران له‌ فه‌رمانده‌یەکی دژه‌ تیرۆری عێراق توڕه‌یه‌
2019-09-29 [11:42 AM]

ZNA-هەولێر


عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق سووره‌ له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ی فه‌ریق روكن، عه‌بدولوه‌هاب ئه‌لساعدی له‌ فه‌رمانده‌ی دژه‌ تیرۆری عێراقه‌وه‌ بۆ به‌شی میره‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگریی و ده‌ڵێت، ئه‌فسه‌ره‌كان نابێت سه‌ردانی باڵیۆزخانه‌كان بكه‌ن و كه‌یسه‌كانیان بخه‌نه‌ ده‌ست میدیا و سۆشیال میدیاكان.

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆنامه‌وانیدا گووتی: "له‌ فه‌رمانی گواستنه‌وه‌ی فه‌ریق ساعدی پاشگه‌ز نابینه‌وه‌، ئه‌و هه‌ڵه‌ی‌ كردووه‌ كاتێك دۆسیه‌كه‌ی گواستووه‌ته‌وه‌ ناو راگه‌یاندنه‌كان".

هه‌روه‌ها گووتی: "ئه‌فسه‌ره‌كان نابێت بچنه‌ لای باڵیۆزخانه‌كانی وڵاتان، ئه‌وه‌ قه‌بووڵ ناكرێت، نابێت ئه‌وه‌ بكرێت، نابێت دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازیی بۆ ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ به‌جێبهێڵین و خواستی كه‌سی خۆیان به‌جێبهێنن. چونكه‌ ئه‌فسه‌ر خۆی شوێنه‌كه‌ی دیاری ناكات، ئه‌و فه‌رمانی پێده‌كرێت و جێبه‌جیی ده‌كات، به‌ڵام په‌نابردنیان بۆ راگه‌یاندنه‌كان و سۆشیال میدیا هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ و مایه‌ی قه‌بووڵكردن نییه‌".

هاوكات چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار باس له‌ هۆكاری لادانی عه‌بدولوه‌هاب ساعدی، فه‌رمانده‌ی دژه‌ تیرۆری عێراق ده‌كه‌ن و سه‌ركرده‌كانی حه‌شدی شه‌عبی تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن به‌وه‌ی ده‌ستیان له‌ ده‌ركردنی ئه‌و بڕیاره‌ هه‌یه‌.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ كه‌ نه‌یویستووه‌ ناوه‌كه‌ی ئاشكرا بكرێت، رایگه‌یاندووه‌، ئامانجی ئه‌و سه‌ركردانه‌، دانانی كه‌سێكه‌ له‌ جێگه‌ی ساعدی، كه‌ نزیك بێت له‌ ئێران و بڕیاره‌كانی تاران جێبه‌جێ بكات.

ئاژانسی فرانس پرێس له‌ زاری سه‌رچاوه‌كانه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ "دوو سه‌ركرده‌ی دیاری حه‌شد شه‌عبی، گوشاره‌كانیان بۆ لادانی ساعدی چڕكردووه‌ته‌وه‌".

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كراوه‌، بیرۆكه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌، لادانی ساعدییه‌ و دانانی كه‌سێكی نزیك له‌ ئێرانه‌، به‌م هه‌نگاوه‌ش چیدیكه‌ ئه‌و هێزه‌ نابێته‌ كۆسپ له‌به‌رده‌م كه‌تیبه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی.

ئه‌وه‌ش باس كراوه‌، كه‌ بڕیاره‌كه‌ مشتومڕی زۆری به‌دوای خۆیدا هێناوه‌، به‌تایبه‌تیش كه‌ بڕیاره‌كه‌ پاكتاوكردنی ئه‌و فه‌رمانده‌ سه‌ربازییانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ له‌ واشنتن نزیكن.

ساعدی پێشتر به‌ كوردستان 24ی راگه‌یاند، ئه‌و نازانێت هۆكاری بڕیاری لادانه‌كه‌ی له‌و پۆسته‌ چییه‌ و بۆچی ده‌گوازرێته‌وه‌ ناو وه‌زاره‌تی به‌رگری و گوتی: "ئێمه‌ له‌ ریزی سه‌ربازین، هه‌ر بڕیارێك بدرێت جێبه‌جێی ده‌كه‌ین، به‌ڵام پێویسته‌ بڕیاره‌كان له‌ ئاست قه‌باره‌ی قوربانیدانه‌كان بن".

بڕیاره‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، به‌ دوورخستنه‌وه‌ی لیوا روكن ساعدی، تووڕه‌یی زۆری شه‌قامی عێراقی به‌دوای خۆیدا هێناوه‌ و نیشانه‌ی پرسیار له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌ دانراوه‌، له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش به‌ ناوونیشانی "هه‌موومان ساعدی-ن" هه‌ڵمه‌تی پشتیوانی بۆ ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ ده‌ستیپێكردووه‌.

تا ئێستاش دیوانی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق، هیچ لێدوانێكی له‌ باره‌ی ده‌ركردنی بڕیارێكی له‌و جۆره‌ نه‌داوه‌.

به‌ گوێره‌ی راپۆرتی ئاژانسه‌كه‌، هه‌ندێك پێیانوایه‌، بڕیاری دوورخستنه‌وه‌ی ساعدی، ته‌نها تۆڵه‌كردنه‌وه‌ و پاكتاوكردنی ناوخۆییه‌.

غالب شابه‌نده‌ر، چاودێری سیاسیش وایده‌بینێت، بڕیاره‌كه‌ی عه‌بدولمه‌هدی، "دوایین خه‌نجه‌ره‌ له‌ سینگی عێراق و سه‌ره‌تای له‌ناوبردنی سوپای عێراق و راده‌ستكردنیه‌تی به‌ فه‌رمانده‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و میلیشیا چه‌كدارییه‌كان".

ساعدی، له‌ ماوه‌ی شه‌ڕی داعش، به‌رده‌وام له‌ سه‌نگه‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ بووه‌ و فه‌رمانده‌یی هێزه‌كانی عێراقی كردووه‌ له‌ ئازادكردنه‌وه‌ی تكریت و بێجی له‌ ساڵی 2015، فه‌للووجه‌ له‌ 2016، له‌ سه‌ره‌تای 2017شدا كرایه‌ فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنی ئازادكردنی شاری مووسڵ، كه‌ هه‌ندێك به‌ "ئایكۆنی سه‌ركه‌وتنی" ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی داده‌نێن.

پێشتریش له‌ چه‌ندین هه‌وڵی تیرۆركردن رزگاری بووه‌، چ له‌ رێگه‌ی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو، یان به‌كارهێنانی چه‌كی قه‌ناس، دوای بڕیاری لابردنیشی، چالاكوانان داوای خۆپیشاندانی فراوان ده‌كه‌ن له‌ دژی بڕیاره‌كه‌.

ساعدی به‌كالۆریۆسی له‌ به‌شی فیزیای زانكۆی مووسڵ ته‌واوكردووه‌، دواتریش به‌ پله‌ی ملازمی دوو، كۆلێژی سه‌ربازی له‌ به‌غدا ته‌واو كردووه‌.

 

 

نتيجة بحث الصور عن عه‌بدولوه‌هاب ساعدی





ئەم هەواڵە 1324جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
بە ڤیدیۆ.. كاره‌ سه‌خت و نایابه‌كانى چه‌ند كرێكارێك
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad