ZNA-هەولێر
رووفاتی ھاووڵاتییەك لە دەڤەری گەرمیان دۆزرایەوە كە 33 ساڵ پێش ئێستا لەلایەن رژێمی بەعسی لەناوچووی عێراقەوە شەھید كراوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دەزگای مین لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كردووە: "بە هاوکاریی تیمێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی کاروباری مین/گەرمیان، ئەمڕۆ سیشەممە 1/10/2019، تەرمی هاووڵاتییەکی شاری کفری کە لەلایەن رژێمی بەعسەوە شەهید کرابوو دۆزرایەوە".
لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە: "ئەو كەسە بەناوی داوود سەمەد فەرجی، کوڕی خانەوادەیەكی پێشمەرگە بووە، لە تەمەنی 14 ساڵیدا و لە رێکەوتی 18/10/1986 لەلایەن سوپای عێراقەوە لە شوێنێکی سەربازی و بە شێوەیەکی شاراوە ژێرخاك کراوە. لە دوای راپەڕینەوە، خانەوادەکەی بۆ تەرمەکەی لە گەڕاندان".
لە راگەیەندراوەكەی دەزگای مین ئاماژە بەوەش كراوە: "لە رێکەوتی 23/9/2019، بە هاوکاریی تیمێكی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی گەرمیان، دەست کرا بە گەڕانێکی چڕتر و بە بەکارهێنانی ئامێری کانزای دۆزەرەوە تواندرا شوێنی تەرمەکە بدۆزنەوە کە لەنێو تابوتێکی ئاسنیندایە".

ئەم هەواڵە 2692جار خوێندراوەتەوە |