ZNA- ههولێر نوێنەری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە بەغدا رایگەیاند، شاندێكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات و دەربارەی پشكی ھەرێمی كوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٠ لەگەڵ بەرپرسانی عێراق گفتوگۆ دەكەن.
فارس عیسا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، ڕۆژی سێشەممە بڕیار دراوە شاندێكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات، بڕیاریشە شاندەكەی حكوومەتی ھەرێم لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران و لایەنە سیاسییەكانی نێو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆببنەوە.
ناوبراو ڕاشیگەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا، شاندی ھەرێم دەربارەی پشكی ھەرێمی كوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٠ و ماددەی ١٤٠، لەگەڵ بەرپرسانی عێراق گفتوگۆ دەكەن.
نوێنەری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە بەغدا، ڕوونیشی كردەوە، شاندەكەی هەرێم پێكهاتووە لە د. ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوان لە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، خالید شوانی، وەزیری ھەرێم، دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانانی ھەرێمی كوردستان و د. ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران.
فارس عیسا، ئاماژە بەوەش دەكات، ئەگەر خۆپێشاندانەكانی عێراق بەردەوامییان هەبێت و بەرەو ئاڵۆزتر بڕوات، رەنگە كۆبوونەوەكەی نێوان هەرێم و بەغدا بۆ كاتێكی تر دوابخرێت، چونكە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە هەوڵی ئاساییكردنەوەی بارودۆخەكەدان.
ئەم هەواڵە 2938جار خوێندراوەتەوە |