English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
دوو سیناتۆرى ئه‌مریكى ره‌شنوسێكى سه‌پاندنى سزا بۆ سه‌ر توركیا پێشكه‌شى كۆنگرێسى ئه‌مریكا ده‌كه‌ن
2019-10-10 [12:34 PM]

ZNA-هه‌ولێر


سیناتۆر لیندسى گراهامى كۆمارى و له‌گه‌ڵ سیناتۆر كرێس ڤان هاڵنى دیموكرات ره‌شنووسێكیان ئاماده‌ كردووه‌ پێشكه‌شى ئه‌نجوومه‌نى سینات ده‌كه‌ن بۆ په‌سه‌ندكردنى و دواجار ره‌وانه‌ى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران ده‌كرێت ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ردوو ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ په‌سه‌ند بكرێت ئه‌وا ره‌وانه‌ى به‌رده‌م دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكى ئه‌مریكا ده‌كرێت تاكو واژوى بكات و ببێته‌ بڕیار.  

دوێنێ چوارشه‌ممه‌ 9ى تشرینى یه‌كه‌مى 2019، سوپاى توركیا هێرشى كرده‌ سه‌ر باكوورى سوریا و هێرشه‌كه‌ى توركیا بۆ سه‌ر كوردانى رۆژئاوا جیهانى هێنایه‌ ده‌نگ.

ئه‌مڕۆ دوو سیناتۆرى هه‌ردوو پارتى كۆمارى و دیموكرات ره‌شنوسێكیان ئاماده‌ كردووه‌ و پێشكه‌ش به‌ كۆنگرێسى ئه‌مریكا ده‌كه‌ن بۆ سه‌پاندنى سزا به‌سه‌ر توركیا به‌هۆى ئه‌و هێرشه‌ى بۆ سه‌ر كورده‌كانى ئه‌نجام دا له‌ باكوورى سوریا.

هه‌ردوو سیناتۆر لیندسى گراهام و كرێس ڤان هاڵن ده‌رباره‌ى ره‌شنوسێ سزاكان ده‌ڵین: ئه‌م سزایانه‌ ده‌سه‌پێندرێن هه‌تا ئه‌و كاته‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ئه‌مریكا بۆ كۆنگرێسى پشتڕاستده‌كاته‌وه‌ توركیا تاكڕه‌ویانه‌ به‌بێ پشتیوانى ئه‌مریكا له‌ رۆژهه‌ڵاتى فورات و رۆژئاواى سنووره‌كانى عێراق له‌ سوریا كارناكات و هێزه‌ چه‌كداره‌كانى توركیا به‌ چه‌كداره‌كانیشى پشتیوانیان لێده‌كات كشاونه‌ته‌وه‌ له‌و ناوچانه‌ى داگیری كردوون له‌ میانه‌ى ئۆپه‌ڕاسیۆنه‌كانى دوێنێ 9ى تشرینى یه‌كه‌مى 2019ـه‌وه‌ كه‌ ده‌ستیان پێكردووه‌. 

ره‌شنووسه‌كه‌ی هه‌ردوو سیناتورى ناوبراو پێشكه‌ش به‌ كۆنگرێسى ئه‌مریكا ده‌كرێت و تیایدا ئاماژه‌ به‌ چه‌ند سزایه‌ك كراوه‌ بۆ سه‌ر توركیا له‌وانه‌: 

بڕگه‌ى یه‌كه‌م: سه‌پاندنى سزا به‌سه‌ر سه‌روه‌ت و سامانى ئه‌م سه‌ركرده‌ سیاسییه‌ توركانه‌ى خواره‌وه‌: 

سه‌رۆك، جێگرى سه‌رۆك، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌، وه‌زیرى دارایى، وه‌زیرى بازرگانى و وه‌زیرى وزه‌ و سه‌رچاوه‌ سرووشتییه‌كان.

بڕگه‌ى دووه‌م: سزا به‌سه‌ر مامه‌ڵه‌ له‌شكرییه‌كان له‌گه‌ڵ توركیا، سزا ده‌سه‌پێندرێت به‌سه‌ر هه‌ر كه‌سێكى بیانى شت به‌ له‌شكرى توركیا بفرۆشێت یان پشتیوانى داراریى لێبكات یان كه‌ره‌سته‌ى بداتێ یان ته‌كنۆلۆجیای بداتێ یان به‌ مه‌به‌ست مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا بكات له‌ پێدان و فروشتنى پارچه‌ى ئه‌و جۆره‌ فڕۆكانه‌ى كه‌ سوپاى ئاسمانى توركیا به‌كارى دێنێت و ئامێر و كه‌لوپه‌لى ئۆتۆمبیل ئه‌وانه‌ى هه‌ردوو هێزى پیاده‌ و ده‌ریایى توركیا به‌كارى ده‌هێنن و چه‌ك و ئامێره‌كانى له‌شكرى توركیا كه‌ به‌كاریان ده‌هێنێت.

برگه‌ى سێیه‌م: سزا به‌سه‌ر كه‌رتى وزه‌ى توركیا، سه‌پاندنى سزا به‌سه‌ر هه‌ر كه‌سێك یا كۆمپانیایه‌كى بیانى هه‌ستێت به‌ دابینكردنى كه‌ره‌سته‌و و زانیارى و پێداویستى ته‌كنۆلۆجیا یان هه‌ر جۆره‌ پشتیوانییه‌كى دیكه‌ كه‌ یارمه‌تیده‌ربن له‌ به‌رهه‌مهێنانى سووته‌مه‌نى له‌ توركیا كه‌ بۆ هێزه‌كانیان به‌كاریان ده‌هێنن. 

بڕگه‌ى چواره‌م:  قه‌ده‌غه‌كردنى یارمه‌تییه‌ له‌شكرییه‌كانى ئه‌مریكا، قه‌ده‌غه‌كردنى فرۆشتنى كه‌ره‌سته‌ و ته‌كنۆلۆجیا و قه‌ده‌غه‌ى فروشتن و ناردنى گوللـه‌ و ته‌قه‌مه‌نى به‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانى توركیا.

بڕگه‌ى پێنجه‌م: سه‌پاندنى سزاكانى یاساى (CAATSA)، واته‌ یاساى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى دوژمنانى ئه‌مریكا له‌ رێگه‌ى سزاكانه‌وه‌ كه‌ له‌ ساڵى 2017ـه‌وه‌ كارى پێده‌كرێت بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى هه‌ریه‌ك له‌ ئێران، روسیا و كوریاى باكوور.

بڕگه‌ى شه‌شه‌م: ئه‌وانى سزاكان نایانگرێته‌وه‌ یارمه‌تییه‌ مرۆییه‌كان، یارمه‌تییه‌ ته‌ندروستییه‌كان، به‌هێزكردنى دیموكراسى، یارمه‌تى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان، ئاڵوگۆڕى زانیارى و هه‌واڵگرى.

بڕگه‌ى حه‌وته‌م: داواكردنى ڕاپۆرتێك له‌ باره‌ى سه‌روه‌ت و سامانى سه‌رۆك ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌رۆدغان.

بڕگه‌ى هه‌شته‌م: دانانى كۆت و به‌ند له‌سه‌ر پێدانى ڤیزا به‌ سه‌ركردایه‌تى توركیا له‌ گه‌شتكردن بۆ ئه‌مریكا. 

هه‌ردوو سیناتۆر لیندسى گراهامى كۆمارى و سیناتۆر كرێس ڤان هاڵنى دیموكرات خاڵه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى پڕۆژه‌ بڕیاره‌كه‌یان له‌ رێگه‌ى تویته‌ره‌كه‌یان بڵاوكردۆته‌وه‌ و پێ ده‌چێت هه‌فته‌ى داهاتوو پڕۆژه‌ بڕیاره‌كه‌ پێشكه‌ش به‌ ئه‌نجوومه‌نى سینات بكه‌ن كه‌ كۆمارییه‌كان تیایدا زۆرینه‌ن په‌سه‌ندی بكه‌ن ئه‌وا دواتر ره‌وانه‌ى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران ده‌كرێت كه‌ له‌وێش دیموكراته‌كان زۆرینه‌ن ئه‌گه‌ر له‌وێش په‌سه‌ند بكرێت ئه‌وا ده‌چێته‌ به‌رده‌م تره‌مپ سه‌رۆكى ئه‌مریكا تاكو واژوى بكات و ببێته‌ بڕیار.

 

سیناتۆر


سیناتۆر 
 

 

 

 





ئەم هەواڵە 1216جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
بە ڤیدیۆ.. كاره‌ سه‌خت و نایابه‌كانى چه‌ند كرێكارێك
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad