English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
كۆمكاری عەرەبی ژمارەیەک بڕیاری لە دژی تورکیا ده‌ركرد
2019-10-13 [05:48 AM]

ZNA- هه‌ولێر


وەزیرانی دەرەوەی عەرەب لە کۆمکاری عەرەبی کۆبوونەوە و ژمارەیەک بڕیاریان لە دژی هێرشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، دا.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، کە رۆژی شەممە 12-10-2019 ئەنجامیان دا، وەزیرانی دەرەوەی عەرەب بەیاننامەیەکیان دەرکرد، بەڵام وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵاتی قەتەر و سۆماڵ، رەتیان کردەوە واژۆ لەسەر بەیاننامەکە بکەن.

وەزیرانی دەرەوەی عەرەب ژمارەیەک بڕیاریان لە دژی تورکیا دا:

- ئیدانەکردنی هێرشی تورکیا.

- داواکردنی راگرتنی هێرشەکە بەبێ مەرج.

- ئامادەکاریی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ”دوژمنکاریی تورکی“ بە پێداچوونەوە و دابەزاندنی ئاستی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، هاوکاریی سەربازی، پەیوەندییە رۆشنبیری و ئابوورییەکان بە تورکیا.

- داواکردن لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە ئەنجامدانی هەر کارێک بۆ راگرتنی هێرشەکە.

- رەتکردنەوەی هەوڵەکانی گۆڕینی دیمۆگرافیای رۆژئاوای کوردستان لەلایەن سوپای تورکیا.

- هەموو دەرەنجامەکانی ئەو هێرشە وەک سەرهەڵدانەوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بخرێتە ئەستۆی تورکیا.

- راسپاردنی ئەمینداری کۆمکاری عەرەبی بە گەیاندنی بەیاننامەکەی وەزیرانی دەرەوەی عەرەب بە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان.

- راسپاردنی نوێنەرانی عەرەب لە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەیاندنی پەیامی عەرەب لە دژی هێرشەکەی سوپای تورکیا بە هەموو ناوەندە نێودەوڵەتییەکان.

- چارەسەرکردنی دۆخی سووریا لەژێر رۆشنایی بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.

- دانانی ”دەستوەردانەکانی تورکیا لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی عەرەب“ وەک تەوەرێکی سەرەکی و هەمیشەیی لە کۆبوونەوەکانی کۆمکاری عەرەبی.

- داواکردن لە ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە.

ئێوارەی رۆژی شەممە وەزیرانی دەرەوەی عەرەب لەسەر داواکاریی میسر و بۆ وەرگرتنی بڕیارێکی هاوبەشی عەرەبی لە دژی هێرشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، کۆبوونەوە.

پێشتر میسر و پێنج وڵاتی دیکەی عەرەبی (سعودیە، ئیمارات، ئوردن، بەحرێن و کوێت)، دژایەتیی خۆیان بۆ ئەو هێرشەی سوپای تورکیا راگەیاندبوو.

دوای ئەو شەش وڵاتە، قەتەر لەسەر زاری خالید بن محەمەد ئەلعەتییە، وەزیری بەرگری پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، راگەیاند.

رۆژی چوارشەممە 9-10-2019، بە سەرپەرشتیی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، هێرشی زەمینی و ئاسمانیی سوپای تورکیا و گرووپە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، دەستی پێ کرد.





ئەم هەواڵە 3253جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
بە ڤیدیۆ.. كاره‌ سه‌خت و نایابه‌كانى چه‌ند كرێكارێك
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad