English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
حكومەتی هەرێمی كوردستان نامەیەك بۆ كۆنگرێسی ئەمریكا دەنێرێ‌
2019-10-15 [06:04 AM]

ZNA- هه‌ولێر


رۆژی چوارشەممەی رابردوو، چەند کاژێرێک دوای دەستپێكردنی هێرشی توركیا بۆ سەر رۆژئاڤا، نووسینگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە واشنتن ئیمەیڵێكی بۆ ئەندامانی كۆنگرێس نارد و لە دوایین گۆڕانكارییەكان ئاگاداری كردوونەتەوە و داوای لێكردوون گوشار لە سەرۆكی وڵاتەكەیان بكەن بە بڕیارەكەیدا لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە باكووری سووریا بچێتەوە. 

 

لە بەشێك لە نامەكەدا كە كۆپییەكی دەست ماڵپەڕی (دەیلی بیست)ی ئەمریكی كەوتووە، هاتووە "كوردی سووریا هیچ شوێنێكیان نییە بۆی بچن و ئەمە نیشتمانی باوباپیرانیانە. بۆ كورد ئەمە پرسی مەرگ و ژیانە. ئەوان ناچار دەبن بەرگری لە خۆیان بكەن و لە هەڵمەتی دژی داعش خاو ببنەوە".

 

بەشێك لە پلانی توركیا لەو هێرشە راگواستنی ئەو سێ‌ ملیۆن كۆچبەرە سوورییەیە كە لە سەرەتای دەستپێكردنی شەڕی نێوخۆی سووریاوە روویان لە توركیا كردووە. نامەكە هۆشداری دەدات كە هێرشەكەی توركیا خەڵكی كورد ناچار دەكات ناوچەكانیان جێبهێڵن و پەنابەری عەرەبی سووری بهێننە شوێنیان، ئەمەش رێگە بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش دەكاتەوە و زەمینەی شەڕێكی ناوچەیی بەرفراوانتر دەهێنێتە ئاراوە.

 

نووسینگەی نوێنەرایەتیی هەرێمی كوردستان هۆشداری داوە "ئەمە كارەساتێكە پەرەدەستێنێ. بۆیە لە بەرژەوەندیی هەموو لایەنەكانە رێ لە روودانی بگرن، چونكە هێشتا كات بەدەستەوە ماوە و واشنتن تاكە ئەكتەرە لەم هاوكێشەیەدا كە دەتوانێ رێ لەو كارەساتە بگرێ. ئەم گوشارەی ئێستای كۆنگرێس كاری خۆی دەكات و ئەگەر بەردەوام بێ، ئەوە چانسێكی باش هەیە بۆ ئەوەی سەرۆك ترەمپ وا لێبكات بڕیارەكەی بگۆڕێ".

 

هێرشی سەر رۆژئاڤای كوردستان دوای پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی شەوی یەكشەممەی هەفتەی رابردووی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا و هاوشانە توركەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان هات. نامەكە بۆ هەموو ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران چووە كە تێیدا داوایان لێدەكرێ لە پرێس كۆنفرانسەكاندا ئامادە بن، بیروڕای خۆیان بۆ رۆژنامەكان بنووسن، لە ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران باسی ئەو هێرشە بكەن و هانی ترەمپ و ئەردۆغان بدەن دۆخەكە هێور بكەنەوە.

 

حكومەتی هەرێمی كوردستان ساڵانێكی زۆرە هاوشێوەی دەوڵەتەكان لە واشنتن كاری لۆبی دەكات، بۆ ئەوەی دەنگی بە سیناتۆر و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران بگات و پەرە بە بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لە ئەمریكا بدات. بەڵام ئەو سیاسەتكارە دیموكراتەی كە نامەكەی بە (دەیلی بیست) داوە، دەڵێ: "ئەم نامەیە بە تایبەتی زۆر خەماوییە و راشكاوانە باسی ئەوە دەكات كە چی دەگوزەرێ و چ شتێك دەكرێ رووبدات".

 

كورد لە پێنج ساڵی رابردوودا بەشدارێكی كارای شەڕی دژی داعش لە عێراق و سووریا بووە، ئەوە هۆكارێك بووە بۆئەوەی كۆنگرێسمانەكانی هەردوو پارتی سەرەكیی ئەمریكا دژی بڕیاری ترەمپ لەبارەی كشاندنەوەی هێزەكانی ئەمریكا هەڵوێستی توند بنوێنن. 

 

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، جۆن شیمكس، ئەندامی كۆماریی ئەنجوومەنی نوێنەران لە ئیلەنۆی، رایگەیاند كە چیدی پشتگیریی ترەمپ ناكات، هۆكارەكەشی بۆ سیاسەتی كۆشكی سپی لەبارەی سووریا و كاریگەرییەكانی لەسەر كورد گەڕاندەوە. رۆژێك پێشتر، سیناتۆری كۆماری لیندسی گراهام و سیناتۆری دیموكراتەكان كریس ڤان هۆڵین پڕۆژەیەكیان خستەڕوو كە ئەگەر تێپەڕێ سزای توندی بۆ بەرپرسان و دامەزراوە باڵاكانی توركیا داناوە.

 

بەرپرسێكی كورد كە ناوی ئاشكرا نەكراوە، بە ماڵپەڕە ئەمریكییەكەی راگەیاندووە لە پلانیاندایە "ئەپدەیت"ی زیاتر لەبارەی بارودۆخەكە بۆ كۆنگرێس بنێرن، هەروەها كاتێك ئەم هەفتەیە كۆنگرێس لە پشووی دوو هەفتەیی خۆی گەڕایەوە، كۆبوونەوەیان لەگەڵ رێكدەخەن. بەرپرسەكە جەختی لەوە كردەوە كە "سەرۆك ترەمپ پەیامی زۆر بەئازاری لە كۆنگرێسەوە بەدەست دەگات".

 

كاربەدەستە كوردەكە پێشبینی ئەوەش دەكات كە ئەو ناڕەزایەتییە نیشانەیەكی باشە بۆئەوەی هەڵمەتی گوشار ئەنجامی دەبێ، بە تایبەتی ئەو گوشارەی كە لەلایەن دۆستان و هاوپەیمانانی سەرۆكەوە دەكرێن.





ئەم هەواڵە 2953جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
بە ڤیدیۆ.. كاره‌ سه‌خت و نایابه‌كانى چه‌ند كرێكارێك
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad