English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
سوید بڕیاری دا 10 ملیۆن دۆلار پێشكەش بە ئاوارەكانی ڕۆژئاوای كوردستان بكات
2019-10-22 [11:29 AM]

ZNA- هه‌ولێر


بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، هۆشیار سیوەیلی، پێشوازی لە شاندێكی پارتی سۆسیال دیموكراتی سویدی كرد و لە دیدارێكدا شاندەكە رایانگەیاند، حكوومەتی شاهانەی سوید بڕیاری پێشكەشكردنی بڕی (10) ملیۆن دۆلاری داوە بۆ گەیاندنی هاوكاریی مرۆیی بە لێقەوماوانی شەڕ و ئاوارەكانی ڕۆژئاوای كوردستان.

شاندێكی پارتی سۆسیال دیموكراتی سویدی فەرمانڕەوا، كە پێك هاتوون لە كادر كەسرگە، ئەندامی پەرلەمانی سوید لە فراكسیۆنی پارتی سۆسیال دیموكرات و خاتوو ئەڤین ئینجیر، ئەندامی پەرلەمانی یەكێتیی ئەورووپا لە سەر لیستی پارتی سۆسیال دیموكراتی سویدی، كە هەردووكیان دوو سیاسەتمەدار و چالاكوانی بە ڕەچەڵەك كوردی نێو پارتەكەن، چەند ڕۆژێكە سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە بۆ ئاشنابوون بە پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان و و دۆخی ناوچەكە و بەرەوپێشەوەبردنی پەیوەندییەكانییان لەسەر ئاستی پارتی سۆسیال دیموكرات و پەرلەمانی سوید و یەكێتیی ئەورووپا لەگەڵ دامەزراوەكانی حكوومی و حزبی لە هەرێم و بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی ئاوارەكان و پێداویستیەكانی مرۆیی دوای هێرشی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان، شاندەكە چەند دیدار و چاوپێكەوتنێكیان ئەنجام داوە، بە تایبەتیش سەردانی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك)ـیان كرد.

حكوومەتی شاهانەی سوید و وەزارەتی دەرەوەی ئەم وڵاتە  لە سەرەتای سەهەڵدانی قەیرانی ڕۆژئاوای كوردستان بە فەرمی سەركۆنەی هێرشی سەربازی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان و ئەو تراژیدیایە مرۆییەیان كردووە كە  لە ئەنجامی هێرشەكان بۆ سەر خەڵكی سڤیلی رۆژئاوای كوردستان هاتووەتە ئاراوە، حكوومەتی شاهانەی سوید بڕیاری پێشكەشكردنی بڕی (10) ملیۆن دۆلاری داوە بۆ گەیاندنی هاوكاریی مرۆیی بە لێقەوماوانی شەڕ و ئاوارەكانی ڕۆژئاوای كوردستان، هەروا لەسەر ئاستی سوید و لە نێو ڕەوەندی كوردستانی لەم وڵاتە ناڕەزایەتیەكی فراوان و خۆپێشاندانی گەورەی جەماوەری  لێكەوتۆتەوە. هەر بۆیە حكوومەتی شاهانەی سوید پرسی پەلاماری سەربازی سەر ڕۆژئاوای كوردستانی بردۆتە پەرلەمانی یەكێتیی ئەورووپا كە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لە نێو ئەندامانی پەرلەمانی یەكێتیی ئەورووپا دا  وێڕای سەركۆنەكردنی پەلاماری سەربازی سەر ڕۆژئاوای كوردستان، هەوڵێكی  دیپلۆماسی و نێودەوڵەتی هەیە بۆ پەلەكردن لە ڕاگرتنی شەڕەكە و ئاساییكردنەوەی سەقامگیری لە ناوچەكەدا.

كادر كەسرگە، ئەندامی پەرلەمانی سوید، لە سەردانیدا بۆ مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك)، پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستانی بەرز نرخاند و ئاماژەی بە پەیوەندیی بەهێز و دۆستانەی نێوان پارتی سۆسیال دیموكراتی فەرمانڕەوای سویدی و پارتی دیموكراتی كوردستان كرد و هیوای خواست ئەم پەیوەندیانە بەردەوام بن و گەشەیان پێ بدرێت و سوپاسی پشتگیری و هەڵوێستی كوردانە و مرۆڤدۆستانەی ڕێزدار سەرۆك مەسعوود بارزانی و سەركردایەتیی پارتی و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد، كە هەر لە سەرەتای هێرش و پەلامارە سەربازییەكان بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان سەركۆنەی هێرشەكانیان كردووە بۆ سەر خەڵكی سڤیل و هاوكاریی مرۆیییان لە ڕێگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە پێشكەش بە هەزاران كەس لە ئاوارەكانی شەڕ كردووە و پێشوازییان لە هەزاران ئاوارەی تر كردووە لە نێو هەرێمی كوردستان دا . هەروا ڕوانگەی سیاسەتی پارتی سۆسیال دیموكرات و حكوومەتی شاهانەی سویدی لە پشتگیری بەردەوام لە حكوومەتی هەرێم و دامەزراوەكانی و هەروەها پشتگیرییان لە پرسی كورد لە هەموو پارچەكانی تری كوردستان و بە تایبەتی هەڵوێستی حكوومەتی سوید و پارتی سۆسیال دیموكرات لە ڕۆژانی ڕابردوو لە سەركۆنەكردنی هێرش و پەلامارە سەربازییەكانی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان خستەڕوو و هیوایان خواست كە لەو بارۆدۆخە هەستیارەی بەسەر ناوچەكەدا هاتووە كورد یەكگرتوو بن و  رووبەڕووی هەموو  هەڕەشە و  مەترسییەكان لە ناوچەكەدا ببنەوە.

پەرلەمانتاری سوید كادر كاسرگە هەروا ڕایانگەیاند، كە لە سوید كۆدەنگییەك هەیە بۆ پشتگیری لە پرسی كورد و گەیاندنی خێرای هاوكارییە مرۆییەكان بۆ ڕۆژئاوای كوردستان.

هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك) بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە هەڤاڵانی پەیوەندییەكانی دەرەوە بەخێرهاتنی  پەرلەمانتار كادر كاسرگەی كرد كە ئەندامی لێژنەی پەیوەندییەكانی پەرلەمانی سویدە لەگەڵ یەكێتیی ئەورووپا و ئەندامە لە لێژنەی بیمەی كۆمەڵایەتی لە فراكسیۆنی پارتی سۆسیال دیموكراتی سویدیو سپاسی پەیوەندی بەهێزی مێژوویی و دۆستانەی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و پارتی سۆسیال دیموكراتی فەرمانڕەوای سویدیان كرد و ستاییشی پشتگیریی حكوومەتی شاهانەی سویدیان كرد لە هەرێمی كوردستان و دامەزراوەكانی و مەشق و ڕاهێنانی سەربازی  بە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە سەردەمی شەڕی تێكشكاندنی داعش و درێژكردنەوەی وادەی مانەوەی هێزەكانی سویدی لە ناوچەكەدا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ نەهێشتنی تیرۆر و مەترسیەكانی تیرۆریستی لە ناوچەكەدا.

بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك) هەروا باسی لە گرنگیی ئاڵوگۆڕی شاند لە نێوان هەردوولا كرد بۆ خزمەتی گەشەپێدان بە پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێم و شاهانەی سوید و هەردوو  (پ.د.ك) و پارتی سۆسیال دیموكراتی فەرمانڕەوای سویدی بۆ بەرەوپێشەوەبردنی پەیوەندییەكان لە هەموو بوارەكاندا و گرنگی ڕۆڵی ڕەوەندی كوردستانی لە سوید و بە تایبەتی سەركۆنەكردنی هێرش و پەلامارە سەربازییەكانی ڕۆژانی ڕابردوو بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان  بەرز نرخاند و ڕایگەیاند، بەخشینی بڕی (١٠) ملیۆن دۆلار لە لایەن وڵاتی شاهانەی سویدەوە وەك هاوكاریی مرۆیی بۆ ئاوارە و لێقەوماوانی شەڕ لە ڕۆژئاوای كوردستان و گەیاندنی دەنگی مەزڵومیەتی گەلی كورد بە پەرلەمانی یەكێتیی ئەورووپا و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان مایەی رێز و ستایش و پێزانینە.

هەر لە دیدارەكەدا، پرسی ناوچە كێشەلەسەرەكان و مەترسییەكانی سەرهەڵدانەوەی داعش و پەیوەندییە سیاسی و كۆمەڵاتییەكان لە ناوخۆی هەرێم و هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان لایەنە سیاسییەكانی بەشدار لە حكوومەت و ڕۆڵی حكوومەتی هەرێم لە بنبڕكردنی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاكسازی لە دامەزراوەكانی حكوومەتدا بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی زیاتر بە هاووڵاتیان، باس كرا.





ئەم هەواڵە 1723جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
بە ڤیدیۆ.. كاره‌ سه‌خت و نایابه‌كانى چه‌ند كرێكارێك
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad