English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
دلاوەر خالید ئاژگەیی لەگەڵ لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی بەلجیکا کۆ بووەوە
2019-10-26 [04:02 AM]

ZNA-هەولێر


لە سەردانێکی فەرمی بۆ پەرلەمانی بەلجیکا لە برۆکسێل، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، د. دلاوەر خالید ئاژگەیی، بە یاوەریی شاندێکی نوێنەرایەتی، لە لایەن خاتوو ئێلیس ڤان هۆڤ، بەرپرسی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی بەلجیکا پێشوازیی لێ کرا و دواتر لەگەڵ لیژنەی پەێوەندییەکانی دەرەوە، کە نوێنەری سەرجەم پارتە بەلجیکییەکانی تێدا بەشدار بوو، کۆ بووەوە.

 

لە دەستپێکی دانیشتنەکەدا، بەرپرسی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بەگەرمی بەخێرهاتنی شاندی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کرد و دەرفەتی بە نوێنەری حکوومەت دا، بارودۆخی ناوچەکە و تێڕوانین و داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەندامانی کۆمیتە شی بکاتەوە.

 

د. دلاوەر خالید ئاژگەیی لە وتەیەکدا، بە تێروتەسەلی بارودۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و کاریگەرعی قەیرانەکانی سووریا و عێراق و ناوچەکە و هەڵوێست و تێروانینی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ ڕووداوەکان شی کردەوە و بەوردی باسی لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان کرد و نیگەرانیی هەرێمی کوردستانی لە ڕووی ئەمنی و ئابووری و سەقامگیرییەوە گەیاندە پەرلەمانی بەلجیکا.

 

پرسی هاتنی پەنابەران بەشێکی تری دانیشتنەکە بوو، کە تێیدا نوێنەری حکوومەتی هەرێم باسی لە هاتنی شەپۆلێکی تری پەنابەران بۆ هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بریارێکدا سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی ڕاسپاردووە بۆ ئامادەکاری لە کاتی هاتنی پەنابەران و دەرگا و دڵی خەڵکی کوردستان بە ڕووی ئەو پەنابەرانەدا هەروەکو پێشوو کراوەیە. بۆ ئەم مەبەستەش حکوومەتی هەرێمی کوردستان پرۆگرامێکی ئامادەکاریی تۆکمە و زانستیی ئامادە کردووە. هەر لەو بارەیەوە، نوێنەری حکوومەت ئاماژەی بە دواین بریاری پەرلەمانی ئەوروپا دا، کە داوا لە وڵاتانی ئەندام و دامەزرەوەکانی یەکێتیی ئەوروپا دەکا هاوکاریی زیاتری هەرێمی کوردستان بکەن و لەو چوارچێوەیەشدا گرنگە حکوومەتی بەلجیکا وەکوو پێشتر هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکات.

 

پێکهێنانی گرووپی دۆستانی کوردستان لە پەرلەمانی بەلجیکا و وەڕێخستنی پەیوەندیی دوولایەنە لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان و چەند بابەتێکی دوولایەنە، تەوەرێکی تری دانیشتنەکە بوون.

 

لە کۆتاییی دانیشتنەکەدا، د. دلاوەرخالید ئاژگەیی، وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارانی دایەوە، کە سەبارەت بە بارودۆخی ناوچەکە و پێشهاتەکان ئاراستەیان کرد.

 

لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی بەلجیکاش دەستخۆشی لە ڕۆڵی هەرێمی کوردستان کرد لە دابینکردنی سەقامگیری و ئاسایش و لەخۆگرتنی ژمارەیەکی زۆری ئاوارە و پەنابەران و بەڵینی گەیاندنی پەیام و داواکارییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بە حکومەتی بەلجیکا دا و بریاریان دا، کە هاوکاری هەرێمی کوردستان دەبن و کار دەکەن بۆ ئەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.

بەلجیکا ئەندامی کارای یەکێتیی ئەوروپا و ناتۆیە و ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە و پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و لە شەڕی داعشدا هاوکاریی سەربازیی هەرێمی کوردستانی کردووە و بە فرۆکەی  F-16 و مەشق و ڕاهێنانی هێزەکانی پێشمەرگە و ناردنی نەخۆشخانەی مۆبایل بەشداریی لە شەڕی دژی داعش کردووە و چەندین برینداری پێشمەرگەی لە بەلجیکا چارەسەر کردووە.





ئەم هەواڵە 1450جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
بە ڤیدیۆ.. كاره‌ سه‌خت و نایابه‌كانى چه‌ند كرێكارێك
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad