ZNA – ههولێر
وەزیری ناوخۆی فەرەنسا هۆشداری لە ئەگەری هێرشی داعش دەدات و رایدەگەیەنێت، رەنگە داعش ھەوڵی تۆڵەكردنەوەی كوژرانی خەلیفەكەیان بدەن.
لە نامەیەکیدا بۆ پۆلیسی فەرەنسا کریستوف کاستانیر وەزیری ناوخۆی فەرەنسا، داوا دەکات هۆشیاربن بۆ رێگرتن لە هەر هێرشێکی داعش کە رەنگە وەکو توڵەکردنەوە لە بەرامبەر کوشتنی خەلیفەی داعش ئەبوبەکر بەغدادی ئەنجامی بدەن.
وەزیری ناوخۆی فەرەنسا لە نامەکەیدا دەڵێت "رەنگە داعش هەوڵەکانی چڕ بکاتەوە بۆ هێرشی تۆڵەکردنەوە، بۆیه داواتان لێدەکەم لە بەرزترین ئاستی هۆشیاردابن، بە تایبەت لە رێورەسمە گشتییەکان دا".
ئەم ھۆشداریەی وەزیری ناوخۆی فەرەنسا دوای ئەوەدێت كە دوێنێ 27/10/2019، كوژرانی ئەبوبەكر بەغدادی خەلیفەی داعش راگەیاندرا، كە لە ئوپەراسیۆنێكی ھێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا كوژرا.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە وتارێكدا بەوبۆنەیەوە گوتی: "بهغدادی له تونێلێكدا دۆزرایهوه و گهیشته كۆتایی تونێلهكه و خۆی كوشت و منداڵهكانیشی كوشت و جهستهكهی له تونێلهكه مایهوه".
ئەم هەواڵە 3121جار خوێندراوەتەوە |