English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
عێراق بەهۆی خۆپیشاندانەوە لەسەر لێواری شەڕی ناوخۆیە
2019-10-28 [05:52 AM]

ZNA- هه‌ولێر


پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغدا دەڵێت خۆپیشاندانی كۆتایی هەفتەی رابردووی عێراقییەكان جیاوازییەكی زۆری لەگەڵ خۆپیشاندانەكەی سەرەتای ئەم مانگە هەیە و مەترسی تەواوی خستووەتە سەر چارەنووسی عادل عەبدولمەهدی وەكو سەرۆكوەزیران، بۆیە دەبێ‌ كورد خۆی بۆ دوای قۆناغی عەبدولمەهدی ئامادە بكات.

هەفتەی رابردوو، عێراقییەكان بە هاشتاگی جۆراوجۆر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و بە تایبەتی تویتەر و فەیسبووكیان تەنی، ئەوان لە پۆستەكانیان بانگەشەی ئەوەیان دەكرد كە رۆژی هەینی لە 11 پارێزگای عێراق لە دژی گەندەڵی و نادادی خۆپیشاندان دەكەن.

ئەگەرچی عادل عەبدولمەهدی لە شەوی بەر لە خۆپیشاندانەكان لە پەیامێكدا رایگەیاند كە رووبەڕووی گەندەڵی دەبنەوە و مووچەی پلە باڵاكان بۆ نیوە كەمدەكەنەوە و مووچە بۆ بێكاران دەبڕنەوە، بەڵام ئەوە عێراقییەكانی سارد نەكردەوە و سەعات 11ی نیوەڕۆی رۆژی 25/10/2019 رژانە سەر شەقامەكان. 

ئەگەرچی عادل عەبدولمەهدی لە پەیامەكەیدا گوتی پێشێلكاری بەرامبەر خۆپیشاندران قبووڵ ناكەن، رێگە نادەن هێرش بكرێتە سەر كەناڵەكانی راگەیاندن، رێگە نادەن هێرش بكرێتە سەر دامەزراوەكانی دەوڵەت، بەڵام هەموو ئەمانە بەزیادەوە روویاندا.

 

ناسر هەركی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی ‌و بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش ‌و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "لەم دۆخەی عێراقدا كورد بێلایەن ‌و تەماشاكەر نییە ‌و پشتیوانی داواكارییە رەواكانی خۆپیشادەران ‌و حكومەتیش بووە". 

گوتیشی: "پشتیوانی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی دەكەین لەبەر ئەوەی بەدیلی باشتر نییە، جگە لەوە رێككەوتن لەسەر دروستكردنی حكومەتێكی دیكە كارێكی هەروا ئاسان نییە".

حكومەت بەڵێن لە دوای بەڵێن بەخۆپیشاندەران دەدات، بەڵام تا دێت خۆپیشاندەران سەقفی داواكارییەكانیان بەرز دەكەنەوە و ئێستا بە كەمتر لە لادانی حكومەت رازی نین.  

بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش ‌و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "حكومەت ئامادەیە قەرزیش بكات، بۆ ئەوەی داواكاریی خۆپیشاندەران جێبەجێ‌ بكات، دەبێت خۆپیشاندەرانیش دەرفەتێك بدەنە حكومەت بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان، داواكاری ‌و بەدیهێنانی مافەكان بە سووتاندنی دامودەزگاكانی حكومەت ‌و ماڵی بەرپرسان بەدی نایەت". 

ناسر هەركی رەتیكردەوە خۆپیشاندەران لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە كرابنە ئامانج  و گوتی: "وەزیری ناوخۆ دەڵێت هێزە ئەمنییەكان لوولەی تفەنگەكانیان لە خۆپیشاندەران نەكردووە، لیژنەیەكیش دروست كراوە بۆ بەدواداچوونی ئەو پرسە ‌و وەكو پەرلەمانیش چاوەڕێی ئەنجامی كارەكانی ئەو لیژنەیە دەكەین".

هەر لەبارەی تەقەكردن لە خۆپیشاندەران، د.موسەنا ئەمین پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "راستە كوشتنی خۆپیشاندەران بە تەقەی هێزە ئەمنیەكان نەبووە، بەڵام هەر بەچەكی دەوڵەت بووە. بەو چەكانە بووە كە حكومەتی داویەتی بە گروپەكانی حەشدی شەعبی، ئەوەی ئێستا هەیە تێكەڵەیەكە لە خۆپیشاندان ‌و شەڕی ناوخۆ".

پەرلەمانتارەكەی یەكگرتوو لە بەغدا باسی لەوەش كرد كە لە عێراقدا خۆپیشاندانی هێمانە نەبووەتە كولتوور ‌و خەڵكی زیاتر ئاشنای شۆڕش ‌و راپەڕینن: "بۆیە حكومەت ‌و خەڵكیش توندوتیژییان بەكارهێناوە، خەڵكیش كە تووڕەیە ناحەقی نییە، چونكە دەسەڵاتداران لە تەندەرەوە هەتاوەكو بیرە نەوتەكان لە نێوان خۆیاندا دابەشیان كردووە".





ئەم هەواڵە 2065جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
بە ڤیدیۆ.. كاره‌ سه‌خت و نایابه‌كانى چه‌ند كرێكارێك
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad