ZNA - هەولێر
گرێبەستە داهاتووەکانی نەوتی خاوی برێنت بۆ مانگی کانوونی یەکەم بە رێژەی 0.4% بۆ 61.34 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزی و گرێبەستە داهاتووەکانی نەوتی سووکی تێکساسیش بۆ هەمان مانگ بە رێژەی 0.5% بۆ 55.53 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزی.
وەبەرهێنەران چاوەڕوانی بڵاوکردنەوەی داتاکانی نەوتی کۆگاکراون کە بڕیارە ئەمڕۆ لە لایەن پەیمانگەی پێترۆلی ئەمریکاوە بڵاوبکرێتەوە.
لە کاتێکدا وەبەرهێنەران بە وردیەوە لە دانوستاندنە بازرگانییەکەی نێوان واشنتن و پەکین دەڕوانن، چاوەڕوانی وەبەرهێنەران و گوشارەکان بەهۆی سستبوونەوەی گەشەی ئابووریی جیهان گوشار دەخەنە سەر نرخی نەوت.
ئەمە لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایەگەیاند، پێشبینی دەکەن بەر لەو بەروارەی دیاریکراوە، لەگەڵ چین رێککەوتنی بازرگانی سنووردار ئەنجام بدەن.
هاوکات نوێنەری بازرگانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاندووە، ئەگەری هەیە هەڵپەساردنی پێناسی گومرگی بۆ سەری 34 ملیار دۆلار کاڵای چین درێژبکرێتەوە، کە بڕیار بوو 28 کانوونی یەکەمی ئەمساڵ کۆتایی پێبهێرێت.
ئەم هەواڵە 5593جار خوێندراوەتەوە |