English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
فرسه‌ت سۆفی : بە هیچ شێوەیەك هاوكاری دامەزراندنی بەنزینخانە و كارگەی غاز ناكەین
2019-11-04 [06:57 AM]

ZNA – هه‌ولێر


پارێزگاری هەولێر رایگه‌یاند بە هیچ شێوەیەك هاوكاری دامەزراندنی بەنزینخانە و كارگەی غاز ناكەن، بەڵام بەهۆی پێویستیی پارێزگاكە و بوونی بۆشایی دەرفەتی كار، هاوكارییەكی بێسنووری پرۆژەكانی پیشەسازی دەكەین.

ئەمڕۆ دووشه‌ممه ‌4 /11 كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بەڕێوە چوو كە تایبەت بوو بە خستنەڕووی بەرنامەی كاری پارێزگاری تازەی هەولێر فرسەت سۆفی.

لە كۆبوونەوەكەدا پارێزگاری هەولێر لەسەر چەند تەوەرێك بەرنامەی كاری خستە ڕوو و ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ئێمە هەیبەتی فەرمانگە و فەرمانبەری خۆمان دەپارێزین و هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ نەهێشتنی فشارە دەرەكییەكان لەسەر فەرمانبەران و دامەزراوەكانمان و هەر كەسێكیش پێشێلی یاسا بكات، تا رادەستی دادگای نەكەین راناوەستین و باسیشی لەوە كرد كە دەبێ هەموو فەرمانبەران لە كاتی یاسایی لەدەوام بن و پابەندی یاسا بن".

سۆفی گوتیشی: "ئێستا گرفتە كارگێڕی و رۆتینییەكانی پرۆژەكانی سنووری هەولێر چارەسەر كراون و ئەوەی پێویست بێ لەسەر بودجەی پارێزگا پارە بۆ پرۆژەكان تەرخان كراوە و لەوانەش رێگای هەولێر كۆیە و تونێلی پیرمامیش كارەكانی تەواو دەكرێن".

پارێزگاری هه‌ولێر گوتیشی: "ئێستا هەولێر بۆشایی كاری هەیە و ژمارەیەك خەڵكمان بێكارن، بۆیە ئێمە هەوڵ دەدەین زۆرترین كارگەی جۆراوجۆر لە هەولێر دابمەزرێن و هەموو هاوكارییەكیشیان دەكەین، بەڵام هیچ هاوكارییەكی بەنزینخانە و كارگەی غاز ناكەین".

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیشیدا پارێزگاری هەولێر باسی لەوە كرد، لە كەرتی گەشتیاریدا نزیكەی 3 ملیۆن دۆلار بۆ تەواوكردنی پرۆژەی نۆژەنكردنەوەی قەڵای هەولێر تەرخان كراوە كە 2 ملیۆن دۆلار لەسەر بودجەی یەكێتیی ئەورووپا و یەك ملیۆن دۆلاریش لەلایەن كارگرووپەوە و لەگەڵ دەستەی گەشتوگوزاریش قسە كراوە كە دەبێ سەرجەم تابلۆ بازرگانییەكان بە كوردی لەسەری بنووسرێت، بە شێوەیەك زمانی كوردی لەسەرەوە بێت".

لەبارەی دیاریدەی هەڵگرتنی چەكیش گوتی: "ئێستا مۆڵەتی هەڵگرتن و هەبوونی چەك ڕاگیراوە و ناشكرێتەوە تا كۆمەڵێك رێكار هەن نەگیرێنە بەر".

لەبارەی پەیكەری كارگێڕیی پارێزگای هەولێرەوە فرسەت سۆفی روونیشكرده‌وه‌: "چەند بریارێكی كارگێڕی دراوە، لەوانەش لیژنەكانی كڕین و كردنەوە و رادەستكردنی پارێزگا دەبێ لە ماوەی شەش مانگدا بگۆڕێن، هەروەها پارێزگاریش دوو جێگری دەبێت و لەوێشدا پشكی ئافرەتان دیاری دەكرێت".

 





ئەم هەواڵە 904جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
بە ڤیدیۆ.. كاره‌ سه‌خت و نایابه‌كانى چه‌ند كرێكارێك
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad