English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
زێباری: هه‌رێم هەنگاوی زۆری بۆ پابەندبوون بە پرەنسیپی مافه‌كانی مرۆڤ ناوە
2019-11-12 [09:30 AM]

ZNA - هه‌ولێر


لەمیانەی بەشداریكردنی لە خولی ٣٤ەمینی گفتوگۆکانی پانۆرامای خولی گشتگیر (UPR) رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وتی، سەرەڕای تەحەدییەكان هەرێم هەنگاوی زۆری سەبارەت بە پابەندبوون بە پرنسیپەكانی مافی مرۆڤ ناوە.

رۆژانی 9تا14/11/2019 لە بارەگای ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ لە جنێڤ گفتوگۆی راپۆرتی کۆماری عێراق ئەنجامدرا لە چوارچێوەی کارەکانی خولی (34) ی لیژنەی تایبەت بە گفتوگۆکانی پانۆرامای خولی گشتگیر (UPR) بە ئامادەبوونی پسپۆر و شارەزایان و نوێنەرانی کۆمەڵگای مەدەنی تایبەت بە مافی مرۆڤ بۆ گفتوگۆکردنی راپۆرتی عێراق و شاندێکی هەرێمی کوردستان.

لەم بارەیه‌وە دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان و سەرۆكی شاندی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: سەرەڕای ئەو تەحەدیاتانەی رووبەڕووی هەرێم بوونەتەوە، بەڵام هەنگاوی زۆری ناوە بۆ پاراستن و پابەندبوون بە پرەنسیپ و بەهاكانی مافی مرۆڤ بە شێوەیەكی گشتی لە رێگای دەركردنی یاسا و رێنمایی و هەنگاوی كرداری، یەكێك لەوانە یاسای ژمارە (5)ی ساڵی 2015 (یاسای پاراستنی پێكهاتەكانی كوردستان) كە مافی پێكهاتە نەتەوەییەكان وەك (توركمان، كلدان، ئاشوری و ئەرمەن) و كۆمەڵە و گرووپە ئایینی و تائیفییەكانی وەك: (كریستیان، ئێزیدی، سابیئەی مەندائی، كاكەیی، فەیلی و زەردەشتییەكان) زامن دەكات، لەلایەكی دیكەوە و لە چوارچێوەی سیاسەتی پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتەكان ناوی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئیسلامی گۆڕا بۆ وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی رۆژی 9/7/2017، بەڕێوەبەرایەتی(پێكەوەژیانی نێوان ئایینەكان) دامەزرا سەرەڕای بوونی بەڕێوەبەرایەتی گشتی و نوێنەرایەتی پێكهاتەكان لەوانە: (كریستیان، ئێزیدی، سابیئەی مەندائی، كاكەیی، فەیلی، جوو و زەردەشتی).

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی بەشداریکردنی پێكهاتەكان لە ژیانی سیاسی لە هەرێم  وتی: لە میانەی گفتوگۆکاندا ئەوەمان خستەڕوو کە پێكهاتەكانیش لە ژیانی سیاسی و دامەزراندنی حزبی سیاسی بەپێی یاسای حزبە سیاسییەكان ژمارە (17)ی ساڵی 1993 مافی پێكهێنانی حزب و رێكخراوییان هەیە، بۆ ئەم مەبەستە لە دوای دامەزراندنی پەرلەمانی كوردستان پێنج كورسی كۆتا بۆ پێكهاتەكان تەرخان كرا، بەڵام لە دوای ساڵی 2005 رێژەكە زیاد كرا بۆ (11) كورسی لەوانە (5) بۆ توركمان و (5) بۆ كلدان و ئاشوری و سریان و (1) بۆ ئەرمەن و لە پێكهاتەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم وەزیرێكی كریستیان هەیە و سكرتێری پەرلەمانی كوردستان ئافرەتێكی پێكهاتەی توركمانە، هەروەها دەیان سەنتەر و بنكەی رۆشنبیری بۆ گشت پێكهاتەكان دامەزراوە و قوتابخانەی تایبەت بە پێكهاتەكان هەیە لەو شوێنانەی كە رێژەی دانیشتوانیان زۆرە و تێیدا خوێندنی ئایینی تایبەت بە خۆیان دەخوێندرێت و جەژن وبۆنە نەتەوەیی و ئایینییەكانیان بە پشووی فەرمی دادەنرێت، لەلایەکی دیکەوە و بۆ نەهێشتنی وتارەكانی توندوتیژی رێگای لە بڵاوكردنەوەی ئەو كتێب و چاپكراوانە گیراوە  و (18) وتارخوێن دوورخراونەتەوە كە لە وتارەكانیان جۆرێك لە هاندان هەبووە بۆ رق و كینە، لە بەرامبەردا هەزاران كتێب و بڵاوكراوەی چاپ كردووە كە هانی پێكەوەژیان دەدەن و رێزی لە نزیكەی (2000) وتاربێژ و پیاوی ئایینی موسلمان ناوە كە نموونەی پێكەوەژیانن.

زێباری ئاماژەی بە بەشداری ئافرەتان کرد لە كایە سیاسییەكانی هەرێم و وتی: لە هەرێمی كوردستان رێژەی بەشداری ئافرەت لە پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكان چەسپێنراوە و بە (30%) دیاریكراوە، هەروەها پەرلەمانی كوردستان رۆژی (17/7/2018) پێڕەوی ناوخۆی دیاری كردووە و تێیدا هاتووە كە لە دەستەی سەرۆكایەتی هەرێم پێویستە بە لایەنی كەمەوە یەكیان ئافرەت بێت و  لە دانیشتی رۆژی 18/2/2019 ی پەرلەمان ئافرەتێک بە سەرۆك ویەكێكی دیکەش بە سكرتێری پەرلەمان هەڵبژێردران. لە بواری دادوەریش لە ئێستادا بە دەیان ئافرەت پۆستەكانی دادوەر و داواكاری گشتییان پێ سپێردراوە، و چەندین یاسا لە پەرلەمانی هەرێم دەرچووە یاخود هەموار كراوەتەوە كە لە بەرژەوەندی ئافرەتانە و زامنی پاراستنی مافەكانیان و گرنگترینیان یاسای نەهێشتنی توندوتیژی خێزانییە ژمارە (8) لە ساڵی (2011)، كە رێگا لە گشت كارێك دەگرێت پێچەوانەی مافەكانی ئافرەت بێت.

لەبارەی گیراوانی داعش رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان وتی: یەكێك لەو بابەتانەی كە لە كۆبوونەوەكانی جنێڤ گرنگیمان پێدا بابەتی گیراوانی داعش، چونكە لە هەرێمی کوردستان کار بە یاسای (دژە تیرۆر ژمارە ٣ی ساڵی 2006) دەکرێت، هەروەها لە دوای هێرشەكانی داعش دام و دەزگا ئەمنییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندین رێوشوێنی ئەمنیان گرتە بەر بۆ بەرپەرچدانەوەی تیرۆریستان. سەرەڕای ئەمەش رێوشوێنەكانی دەستگیركردنی ئەو كەسانەی پەیوەندییان بە داعشەوە هەیە بەپێی پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ بووە و كەرامەتی ئەو كەسانە پارێزراوە و لە كاتی دەستگیركردن و ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە گشت مافێكیان هەیە وەك بوونی پارێزەر و سەردانی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و كەسوكاریان و بە کارنەهێنانی توندوتیژی لە کاتی لێكۆڵینەوە و پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بەتایبەتی بۆ ئەو گیراوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە.

ئاماژە بەوەش کرد كە هەماهەنگی بەردەوام هەیە لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێم و حكومەتی ئیتیحادی سەبارەت بەو كەسانەی كە بە تۆمەتی پەیوەندییان بە تیرۆریستانی داعشەوە دەستگیر كراون و لەم رووەوە سەدان تیرۆریست رادەستی دادگاكانی بەغدا و نەینەوا كراون.

لە بارەی ئازادییەكانی تاك لە هەرێمی كوردستان و پاراستنیان ئاشكرای كرد پەرلەمانی كوردستان ئەمانەی بە یاسا رێكخستووەوەك ئازادی كاری رێكخراوەكانی بە یاسای ژمارەی (18)ی ساڵی 1993 و ئازادی رادەربڕین و كاری رۆژنامەوانیی بە یاسای ژماری (35)ی ساڵی 2007 یاسای كاری رۆژنامەوانی و ئازادی خۆپیشاندانی ئاشتیانەی بە یاسای ژمارە (11)ی ساڵی 2011، لەلایەكی دیكەوە لە ساڵی 2008 پەرلەمانی كوردستان یاسای ژمارە (6)ی دەركردووە كە بە یاسای رێگری كردن لە خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی گەیاندن ناسراوە، لەم یاسایەدا سزاكانی خراپ بەكارهێنانی مۆبایل یان هەر ئامرازێكی دیكەی گەیاندنی تەلی و بێتەلی یان ئەنتەرنێت یان ئیمێل دیاریكراون.

دیندار زێباری لە بارەی پاراستنی ماف و ئیمتیازاتی كەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت و دابینكردنی دەرفەتی كار بۆیان و یارمەتیدانی قوربانیانی مین و تەقەمەنی وتی: لە هەرێمی كوردستان مافی كەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت بەپێی یاسای ژمارە (22)ی ساڵی 2011 دیاریكراوە لەوانەش دابینكردنی دەرفەتی كار بۆیان، چونكە لە یاساكەدا هاتووە پێویستە كە (5%)ی كەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە كەرتی گشتی دابمەزرێن و مەشق و راهێنانی پێویستیان پێ بكرێت، بەپێی ئەم یاسایە ژمارەی كەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت كە فەرمانبەرن دەگاتە (12068) فەرمانبەر لە دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم. لەلایەكی دیكەوە لە ساڵی ١٩٩١ەوە تا ئێستا نزیکەی(١٠،٨١٥) کەس بوونەتە قوربانی مین لەوانە (٩٠) کەسیان لە بواری هەڵگرتنەوەی مین کار، بۆ یارمەتیدانیان و پاراستنی مافەكانیان رەشنووسی یاسایەكی تایبەت ئامادەكراوە بۆ زامنكردنی مافەكانیان بە دیاریكردنی ماف و ئیمتیازاتیان كە مووچە، بیمەی تەندروستی، خوێندن و خانەنشینی لە خۆدەگرێت، هەروها حكومەت مانگانە لە چوارچێوەی بودجەی هەرێم هاوكارییەكیان پێشكەشیان دەكات.

دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان تیشکی خستە سەر هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەت بۆ رزگار کردنی ئێزیدییە رفێندراوەکان و وتی: حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوەکانی زۆری ناوە بڕیاری ژمارە (5170)ی ئەنجومەنی وەزیران لە  رێکەوتی 21/8/2014 بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا بە مەبەستی ناساندنی ئەو تاوانانەی دەرهەق بە کوردانی ئێزیدی ئەنجامدراون وەک جینۆساید و پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەت لە  25/11/2014 کە ئەرکی کۆکردنەوەی زانیاری و رزگارکردنی رفێندراوانە، بەپێ زانیارییەکانی نووسینگەی ئازاد کردنی رفێندراوان تا رۆژی 9/10/2019 ژمارەی رزگار کراوەکان بریتی لە (3519) کەسه  لەوانە (1193)ئافرەت، (339) پیاو، (1039) منداڵی کچ، (948) منداڵی کوڕ و تا ئێستاش  (2898)یان ئازاد نەکراون لەوانە (1316) مێ، (1582) نێر، هەروەها (100) رزگاربووی دیکە نێردراون بۆ وڵاتی ئەڵمانیا بە مەبەستی چارەسەر کردن بەپێی رێکەوتنێکی نێوان حکومەتی ئەڵمانیا و حکومەتی هەرێم.

لە رووی یاساییەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاری زۆری رزگاركراوانی دەستی داعشی كردووە، زێباری ئاماژەی بەو هاوکاریانە کرد و وتی: ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری (٥١٧٠)ی لە رۆژی 2014/8/21 بۆ پێکهێنانی سەنتەری لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش ولیژنەیەکی تایبەت بە ناساندنی کارەساتی کوشتن و رفاندنی کوردانی ئێزیدی وەک جینۆساید، لیژنەیەکی دادوەریش پێکهێنراوە بۆ لێکۆڵینەوە لەو تاوانەی کە لە شنگال و ناوچەکانی دیکەی دەشتی نەینەوا لەلایەن تیرۆریستانەوە ئەنجامدراون و بە دیکیۆمینت کردنیان و یارمەتیدانی رزگابووان، لەم رووە توانراوە هاوکاری یاسایی پێشکەش بە زیاتر لە (٢٠٠٠) ئافرەت بکرێت، لە هەمان کاتدا (٢٠٣٦) کەیسی دەستدرێژی بۆ سەر ئافرەتان تۆمار کراون و لەرووی دەروونی و یاساییەوە (١٢٧٨) ئافرەت لە سەنتەری راوێژکاری پارێزگای دهۆک چارەسەر کراون.

رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان ئەوەشی باس كرد كە لیژنەی نەتەوەیەكگرتووەكان گرنگییەكی زۆری بە بابەتی پەناران و ئاوارەكان داوە و هەنگاوەكانی هەرێمی بە هەند وەرگرتووە و لەو بارەوە وتی: رووداوەکانی دوای ساڵی 2003ی عێراق بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆری دانیشتووانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق روو لە هەرێمی کوردستان، لێشاوی هاتنی ئاوارەی ناوخۆ و پەنابەرانی سوری گەیشتە لوتکە دوای ئەوەی تیرۆریستانی داعش دەستیان بەسەر بەشێکی زۆری خاکی سوریا و عێراقدا گرت. هاتنی ئەم لێشاوەی ئاوارە وپەنابەران بووە هۆی زیاد كردنی دانیشتوانی هەرێم بە رێژەی 23% ئەمەش قورساییەكی زۆری لەسەر هەرێم درووستكردووە لە رووی ئابووری و داراییەوە. بەپێی دوایین سەرژمێرییەكان ژمارە ئاوارە پەنابەران دەگاتە (1،037،446) کەس  کە لە نێویاندا پەنابەری سوری، تورکی، ئێرانی و فەلەستینی هەن کە بەشێکیان لە کەمپ و بەشێکی دیکەیان لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین و ئەوانەی لە ناو کەمپەکاندان حکومەتی هەرێم (٧٥ %) و رێکخراوە مرۆییەکانیش (٢٥ %)یپێداویستییەکانیان دابین دەکەن، هەروها حکومەتی هەرێم هیچ لە ئاوارەکان بە زۆرەملێ رەوانەی شوێنەکانی خۆیان ناکاتەوە.

لە كۆتاییدا دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێم وتی: لە عێراق یاسای ژمارە (28)ی ساڵی 2012 دەرچووە كە بە یاسای نەهێشتنی بازرگانی كردن ناسراوە لە مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان یاسای ژمارە (6)ی ساڵی 2018 دەرچووە كە تایبەتە بە ئینفاز كردنی ئەو یاسایە، بەڵام پێش كار كردن بەم یاسایە لە وەزارەتی ناوخۆ لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی كردن بە مرۆڤ دامەزرا كە نوێنەرانی لایەنە پەیوەندیدارەكانی تێدایە لەگەڵ لیژنەی ناوەكی لە پارێزگاكان، بەڵام دوای كار كردن بە یاساكە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی كردن بە مرۆڤ دامەزرا لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆ و راستەوخۆ پەیوەندیی بە نووسینگەی پارێزگاكانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەرین)، ئەم نووسینگانە هەڵدەستن بە بە لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون لەو سكاڵایانەی كە ئاراستەیان دەكرێن و ئەنجامدانی رێوشوێنی یاسایی پێویست لەم رووەوە كە دەگاتە دادگایی كردنی تاوانباران.





ئەم هەواڵە 1930جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
بە ڤیدیۆ.. كاره‌ سه‌خت و نایابه‌كانى چه‌ند كرێكارێك
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad