ZNA - هەولێر
کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ كە بنكەیان لە لەندەنە، ئاشكرای كرد، لە ئەنجامی تۆپـبارانی شارۆچکەی تەل ڕفعەت لەلایەن لەشکری تورکیاوە، 11 کەس کوژراون کە هەشتیان منداڵن و ئاوارەی خەڵکی عەفرینن.
ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری کۆمەڵەکە گوتی، تۆپـبارانەکە ئەمڕۆ هەینی کراوە و گولـلە تۆپ لە نزیک قوتابخانەیەک کەوتووە لەو کاتەی خوێندکارەکان دەڕۆیشتنەوە و لە ئەنجامدا 11 کەس کوژراون و 21 کەسی دیکە برینداربوون. گوتیشی قوربانیـیەکان خەڵکی عەفرینن. ژمارەیەک لە بریندارەکان برینەکانیان قورسە.
تەل ڕفعەت دەکەوێتە پارێزگای حەلەب و لە ڕۆژهەڵاتی عەفرینە و لە ئێستادا زۆربەی ئاوارەکانی خەڵکی عەفرین لەوێ نیشتەجێ بوون.
بەپـێی ڕێکەوتنی ساڵی 2018 ی نێوان مۆسکۆ و ئەنکەرە ناوچەی تەل ڕفعەت لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی حکومەتی سوریا و ڕووسیایە.
کۆمەڵەی سوریا ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا تەرمی قوربانیـیەکان پـیشان دەدات.
voa
ئەم هەواڵە 2944جار خوێندراوەتەوە |