English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
شیعە دوو مانگە، كورد سەدساڵە
2019-12-05 [06:07 AM]

نووسینی زکری موسا


 
لە سەردەمی مالكی ڕق و تۆڵەسەندنەوە لە سووننە گەییشتە لووتكەی خۆی. هەر لە سەردەمی ئەویشدا بڵاوكردنەوەی ڕق لەدژی كورد شێوەیەكی مەنهەجی وەرگرت و حزبە شیعەكان شەقامی عێراقییان لەدژی كورد هان دەدا. كار گەییشتە ئەوەی كامەیان پتر دژی كورد بێ زیاتر دەنگ بهێنێت. قووتی گەلی كوردستان لەلایەن مالكی بڕدرا و پێچەوانەی دەستووریش عەبادی سوپا و چەك بۆ یەكلاییكردنەوەی ناكۆكییە سیاسییەكانی لەگەڵ كوردستان بەكارهێنا. شەقامی عەرەبی ئەوەندە لەدژی كورد بارگاویی كرابوو، تەنانەت یەك پیاوی ئایینی عێراق و بە مەرجەعیەتیشەوە زاتی ئەوەیان نەكرد یەك وشە لەبەرانبەر ئەو زێدڕۆییە بڵێن كە دەرهەق كورد كرا.
پاش شەڕی داعش لایەنە شیعەكان خۆیان بە لایەنی سەركەوتووی پانزدە ساڵ ململانێی دەزانی لەبەرانبەر كورد و سووننە. میلیشیا و تاییفەخوازی و شیعەگەری سەرتاپای عێراقی تەنی. ئەو دەوڵەتە مەدەنییەی بڕیار بوو دابمەزرێ بووە دەوڵەتێكی تاییفی و میلیتاری كە ئۆلیگارشییەكی فاسیدی مەزهەبی ئیدارەی دەكرد. ئەوان لە مەحفەلەكانیان لەبارەی خەونی ئیمپراتۆری دەدوان كە سنوورەكانی لە ئەفغانستانەوە دەستی پێدەكرد هەتا دەگەییشتە سنووروكانی ئیسراییل لە دەریای سوور و سپی و هەروەها یەمەن لە نزیك شاخی ئەفریقا.
ئەم مەستیە زۆر كورتخایەن بوو، هەمیشە ئەحزابی دینی چاوەڕوانی ئەوەن خەڵك ویلائی ڕەهای بۆ ئەوان هەبێ و كوێرانە ئیتاعەت بكەن. خرۆشانی شەقامی شیعە لەدژی گەندەلی و تاییفەگەری دەستەڵاتی شیعەی تووشی شۆك كردووە. دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆكوەزیران و بەڵێن بۆ چاكسازی، سەركوتكردن و كوشتن و بڕین و هەوڵەكانی ئێران و مەرجەعییەت شەقامی هێور نەكردۆتەوە. ڕاستییەكەتان دەوێ عێراق لە دەستپێكی قۆناغێكی زۆر جیاوازە. كەسایەتی و هێز و كەرستە و دروشمەكانی ئەو قۆناغە لە عێراقدا پێشتر نەبینراون. سەرباری بوونی دەستێوەردانی دەرەكی و هەوڵەكان بۆ بەلاڕێدابردنی بەڵام ئەو خۆپێشاندان و ناڕەزاییە هێزێكی نوێ و دینامیكییە و ستراتیژی و داواكاریشی هەیە.
بە پێچەوانەی هەموو ئەو هەوڵانەی كە دەیانەوێ وا پێشان بدەن كە خۆپێشاندەران و شەقامی ناڕازیی شیعە دژی خواست و مافەكانی كوردن، خاڵی هاوبەش لە نێوان  داوكاریی كوردستان و خۆپێشاندەراندا هەیە. دیموكراسی و جیاكردنەوەی دین و دەوڵەت كە داواكاریی خۆپێشاندەرانە، دەیانساڵە  دروشم و ستراتیژیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان بووە. ئەگەر سەركردەكانی كورد لە كاتی نوووسینەوی دەستووری عێراق نەبان عەرەبەكان دەستووریان بۆ دەوڵەتێكی سەرتاپا دینی دەنوسییەوە. حزووری كورد لە عێراقی نوێدا وای كرد مافی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان لە دەستووردا جێگیر ببیت.
لەبارەی گۆڕینی كۆمیسیۆن و یاسای هەڵبژاردنەكانیش كە داواكاریی سەرەكیی خۆپێشاندەرانە، كورد هەمیشە لەو یاسایە زەرەرمەندبووە و بە لۆژیكی زۆرینە بەسەریدا سەپێندراوە. هەروەها كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە هەڵبژاردنی پێشوودا سەدانهەزار دەنگی كوردی سووتاند و حەفت كورسیی كوردی لە نەینەوا بە ناهەق پێشكەشی ئیئتیلافی عەبادی كرد. ئەو قسەیەی ئێستا خۆپێشاندەران لەبارەی كۆمیسیۆن و یاسای هەڵبژاردن دەیكەن كورد هەمیشە گوتویەتی و ناڕازی بووە.
هەرلە ساڵی 2010 هەتا ئێستا هیچ سیاسییەك بە قەدەر سەرۆك بارزانی تێبینی لەسەر بارودۆخی عێراق و پێشێلبوونی دەستوور نەبووە.ئەو یەكەم كەس بوو ڕایگەیاند عێراق بەرەو دیكتاتۆرییەت هەنگاو دەنێ. تەنیا ئەو پرسیاری ئەوەی كرد سەدان ملیار داهاتی عێراق بۆ كوێ ڕۆییشتووە. یەكەمجار سەرۆك بارزانی بوو كە هۆشداریی دا عێراق بەرەو چارەنووسی نادیار و هەڵدێڕ دەڕوات. ئەو دەستنیشانی كرد كە دەستوور پێشێل كراوە و شەراكەت و تەوافوق پشتگوێ خراوە. سەرۆك بارزانی بوو كە ڕایگەیاند لەبری ئەوەی دەوڵەتێكی مەدەنی دابمەزرێت، وا خەریكە دەبێتە دەوڵەتێكی تاییفی..
ئەوەی شەقامی عێراقی داوای دەكات دەیان ساڵە كورد داوای دەكات. پشتگیریی كوردیش لە عادل عەبدولمەهدی بە مانای پشتگیری لەو دەوڵەتە تاییفییە نییە. كورد پشتی عادلی گرت بۆ ئەوەی كەسانی وەك عەبادی تەمێ بكات و پشتیان لە ئەرز بدات. لە بابەتی گۆڕینی دەستووریش ئەگەر هیچ كەس نەیەوێت دەست بۆ كەمكردنەوەی دەستكەوت و مافەكانی كوردستان و پێكهاتەكان ببات ئەوە كورد هیچ ناكۆكییەكی لەگەڵ شەقامی خرۆشاوی عێراقیدا نییە. كوردیش دەیەوێ لە دەستووردا چەمكی هاووڵاتیبوون بەهێزتر ببێت و دەستوور وا دابڕێژرێتەوە كە یەكسانی دادپەروەری بێنێتە ئاراوە.

 





ئەم هەواڵە 5902جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad