English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك) و شاندێكی پارتی ئازادی كۆبوونەوە
2019-12-14 [12:21 PM]

ZNA- هەولێر


شاندێكی پارتی ئازادیی كوردستانی باكوور (پاك)، كە پێك هاتبوون لە بەڕێزان مستەفا ئۆزچەلیك، سەرۆكی گشتیی پاك و، عەبدولڕەحمان گوندكی، ئەندامی سەركردایەتی و ئۆرهان كایا، ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبەرایەتی و نوێنەری (پاك) لە باشووری كوردستان سەردانی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستانیان كرد و لەلایەن بەرێز هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەب و ژمارەیەك لە هەڤاڵانی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك) بە گەرمی پێشوازی كران.                 

هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، وێڕای بەخێرهێنانی شاندی سەركردایەتیی پارتی ئازادیی كوردستانی باكوور، گەشەپێدانی پەیوەندیی دۆستانە و لێكتێگەیشتنی نێوان هەردوو پارتی  (پ.د.ك) و (پاك)  لەسەر كۆمەڵێك پرسی گرنگی تایبەت بە دۆزی كورد و دیدگای هەردوو لا لەسەر پرسە نیشتیمانی و نەتەوەییەكان و ئاشتیی ناوخۆیی و سیاسەتی دەرەوە و گرنگیدانیان بە ڕێكخستنەوەی دیاسپۆرای كوردستانی لە تاراوگە لە لایەك و، نزیكیی دیدگای پارتی و هەموو ئەو پارتە سیاسییانەی لە  كوردستانی باكوور دا لەسەر بنەمای یەكهەڵوێستی لە پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكان و رێزگرتن لە ئاسایشی نەتەوەیی كوردستان و ماف و ئازادییەكانی گەلی كورد لە پێناوی ئاشتی و ئازادی و پێشكەوتنی كۆمەڵگای كوردستانی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی تێدەكۆشن و لە پێناوی  پێشكەوتنی دۆزی كورد لە رێگەی  هێنانەدی ئاشتی و یەكترقبووڵكردن و لە ڕێگەی دیالۆگی سیاسی و ڕێزگرتن لە ئازادیی بیروڕا و بەرەوپێشبردن و پەیڕەوكردنی پەیوەندیی سیاسیی سەردەمیانەی نێوانیان لەبەر ڕۆشنایی گۆڕانكاریی و پەرەسەندنەكانی ناوچەكە بۆ پێشخستنی دۆزی كورد و لە نێو دامەزراوەكانی ڕەوەندی كوردستانی لە دیاسپۆرا بەرز نرخاند.             

سیوەیلی ڕایگەیاند، كە پارتی دیموكراتی كوردستان لەبەر ڕۆشنایی سیاسەتی حەكیمانەی جەنابی سەرۆك بارزانی، هەردەم پشتیوانی مافە ڕەواكانی گەلی كورد بووە لە بەشەكانی تری كوردستان لەسەر پرەنسیپی ڕێزگرتن و یەكتر قبووڵكردن و چارەسەری ئاشتیانەی كێشە سیاسییەكان بە ڕێگەی دیالۆگ بۆ خزمەتی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەكە دا و، هەموو توندوتیژی و پێشێلكارییەكیش بەرامبەر بە مافە ڕەواكانی گەلی كورد ڕەت دەكاتەوە. پارتی دیموكراتی كوردستان خوازیارە كە پارت و لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی باكوور یەكگرتووتر بن و لە پلاتفۆرمێكی سیاسیی  نەتەوەیی هاوبەشدا هەوڵەكانیان بخەنە گەڕ بۆ ئەوەی لە  هەموو ئەو گۆڕانكارییە سیاسییانەی لە كۆماری توركیا دێنە كایەوە خاوەن هێزێكی كاریگەرتر بن لە داكۆكیكردن لە مافە ڕەواكانیان بۆ بنیادنانی متمانەی نێوانیان و هێنانەدی ئاشتیی كۆمەڵاتی و پێشكەوتنی سیاسی و لە هەموو بوارەكانی تردا.

لە دیدارەكەدا، بەرپرسی پەیوەندییئەكانی دەرەوەی (پ.د.ك) هەروا تیشكی خستە سەر شێوازی كار و چالاكی و سیاسەت و دیدگای (پ.د.ك) لەسەر ئاستی دەرەوە و  بە فراوانی  باسی دواپێشهاتەكانی كوردستان و چاكسازی و ستراتیژی كابینەی تازەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد بە ئاراستەی بنیادنانی كوردستانێكی بەهێزتر و سەقامگیرتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پڕ لە كێشە و ململانێی سیاسی،  كە شەڕ و نائارامییەكانی ناوچەكە هەڕەشە و مەترسین بۆ سەر دۆزی كورد و ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەكەدا. 

لە تەوەرێكی تری گفتۆگۆی نێوانیاندا، پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و پرۆسەی سیاسی و ڕووداوەكان و ناڕەزایەتییەكانی  ئەم دواییەی شەقامی عێراقی و چاوەڕوانییەكانی هەرێمی كوردستان  لەو  گۆڕانكاریانەی لەسەر ئاستی عێراق هاتوونەتە كایەوە بە ئاراستەی هێوركردنەوەی ناڕەزایەتییەكانی كۆمەڵانی خەڵكی عێراق، كە داوای چاكسازی و نەهێشتنی گەندەڵی دەكەن، لە دیدگای (پ.د.ك) داوای ڕەوان كە بە داخەوە دوای وازهێنانی سەرۆكوەزیرانی عێراق  توندوتیژییەكان لەسەر ئاستی چەندین شار و ناوچەی عێراق فراوانتر بوون، كە چاوەڕوان دەكرێت لایەنە عێراقییەكان لەسەر بنەمای نەخشەیەكی سیاسیی تازە بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتی حوكمڕانی تازە لە عێراق  هەنگاو بەرەو چارەسەركردنی كێشە سیاسییە ناوخۆییەكانی عێراق بنێن، كە ناكرێت ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی كوردستان و مافە دەستوورییەكانی هەرێم نادیدە بگیرێن، كە بە بێ گەڕانەوە بۆ دەستوور ئەو گۆڕانكارییە ناوخۆییانەی عێراق  زیاتر تەشەنە دەكەن و كۆی پرۆسەی سیاسی لە عێراق دەخاتە بەردەم مەترسییەوە. 

لە لایەكی ترەوە، دیدگای پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر دۆخی ئێستای گەلی كورد لە توركیا و سووریا و ئێران و بە تایبەتی هەڕەشە و مەترسییەكانی سەر ڕۆژئاوای كوردستانیان  خستە بەر باس و گفتۆگۆ و، نیگەرانیی (پ.د.ك) لە بەردەوامیی شەڕ و توندوتیژی لە ڕۆژئاوای كوردستان خستە روو و ڕایگەیاند، كە پارتی دیموكراتی كوردستان هەر لە سەرەتای شەڕ و ناكۆكییەكان لە ڕۆژئاوای كوردستان، داوای لە لایەنەكانی ناكۆك كردووە، كە خێرا شەڕ و پەلامارەكان بۆ سەر خەڵكی سڤیل بوەستێنرێن و لە رێگەی دیالۆگی سیاسی و میتۆدی ئاشتیانەوە كۆتایی بە شەڕ و كارەساتی مرۆیی لە كوردستانی ڕۆژئاوا بێنن.

بەڕێز مستەفا ئۆزچەلیك، سەرۆكی گشتی (پاك)، پێشكەوتنە بەردەوامەكانی هەرێمی كوردستانی لە هەموو بوارەكاندا بەرز نرخاند و سوپاس و ستایشی پشتگیری و هەوڵە بەردەوامەكانی جەنابی سەرۆك بارزانی و سەركردایەتیی پارتی و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد، كە جیا لە  نزیكردنەوەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی باكوور و حكوومەتی كۆماری توركیا، كە بەردەوام پشتیوانی چارەسەركردنی دۆزی سیاسی كوردستانی باكوور بوون بە ڕێگەی ئاشتیانەوە، كە لە باكووری كوردستان چەند ساڵێكی پڕ لە ئارامی و سەقامگیریان بەری كرد و لە  ڕووی سیاسی و ئابووری و كەلتووری و پەروەردەیی و ڕۆشنبیرییەوە ناوچەكە بووژانەوەی بەخۆیەوە بینی، بەڵام لە دوای ٢٠١١ هیدی هێدی حكوومەت خۆی لە چارەسەری ئاشتیانەی و دیالۆگی سیاسی لەگەڵ لایەنە كوردییەكان دزییەوە و لە ئەنجامدا هەوڵی ئاشتیانە بۆ چارەسەركردنی  كێشەكانی سیاسی و ناوخۆیی و بووژاندنەوە ناوچەكە پشتگوێ خران و چالاكییەكانی جەماوەری و ئاشتیانە و دیموكراسیانەی پارتە سیاسییەكانی باكووری كوردستانیش سنووردار كراون، هێرش و پەلامارە سەربازییەكانی سوپای توركیاشی بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان، هێندەی تر ناكۆكیی سیاسی و توندوتیژیی لێ كەوتووەتەوە، كە بە هۆیەوە دۆستایەتیی نێوان گەلانی ناوچەكەشی خستۆتە بەردەم مەترسیەوە. 

ناوبراو ئاماژەشی دا، ڕووداوەكانی ڕۆژئاوای كوردستان، جێی نیگەرانییەكی زۆرە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی و پێویستە بە خێرایی ئەم شەڕە بوستێت و لایەنە ناكۆكەكان پەنا ببەنە بەر چارەسەری سیاسی و ئاشتیئانەی قەیرانی سیاسی لە ڕۆژئاوای كوردستاندا، كە هۆكارێكیشە كە لە ئەنجامی شەڕدا بە هەزاران هاووڵاتیی مەدەنی ئاوارەی توركیا و هەرێمی كوردستان و ئەورووپا بوون و قەیرانێكی  سیاسی و مرۆیی گەورەش لە ناوچەكە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە پەیوەندییەكانی سیاسی و نێودەوڵەتیشی لێ كەوتۆتەوە، بۆیە پێویستە بە خێرایی ئەم شەڕە نەگریسەی لە ڕۆژئاوای كوردستان بەڕێوە دەچێت، بوەستێنرێت كە زیان بە ئاشتیی  نێوان گەلان و و ئارامی و سەقامگیریی هەموو ناوچەكە دەگەیەنێت.        





ئەم هەواڵە 2704جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad