ZNA- هەولێر بەشێک لە خۆپیشاندەرانی بەغدا وێنەی خۆپیشاندەرێکیان بەرزکردووەتەوە کە لە 24ـی ئەم مانگەوە لەلایەن هێزێکی دەمامکدارەوە رفێندراوە و بێسەروشوێنە، داوا دەکەن سەرجەم ئەو کەسانە ئازادبکرێن کە لەکاتی خۆپیشانداندا رفێندراون.
خۆپیشاندەرانی بەغدا لە گۆڕەپانی تەحریر کۆبوونەتەوە و خۆپیشاندەرێک دەڵێت "بەردەوامدەبین تاوەکو داواکارییەکانمان بەدەستدەهێنین، رفاندنی خەڵک بە هیچ شێوەیەک کار لە ئێمە ناکات. بەردەوامدەبین، کێشەمان نییە، رفاندنی یەک و دووان و سیان کێشە بۆ ئێمە دروستناکات. داواکارییەکانی خۆمان بەدەستدەهێنین، دەبێت گەندەڵکاران لە دەسەڵات بڕۆن".
رفاندنی خۆپیشاندەران یەکێکە لە ئامانجەکانی دەسەڵاتداران بۆ بڵاوەپێکردنی خەڵک و رێگریکردنیان لە هاتنەوە بۆ سەر شەقامەکان.
خۆپیشاندانەکانی عێراق وا پێدەنێتە مانگی چوارەم و خەڵک رۆژ دوای رۆژ سوورتر دەبن لەسەر داواکارییەکانیان.
خۆپیشاندەرێکی دیکە لە گۆڕەپانی تەحریر ئاماژە بەوە دەکات، "ئەوەی داوای مافی خۆیبکات دەیڕفێنن و مافەکانی مرۆڤ پێشێلدەکەن. ئێمە لە عێراق خاوەن مافەکانی مرۆڤ نین، ئەی کوا دەزگەکانی مافەکانی مرۆڤ؟ ئەوانە لە خوێنی شەهید ناپرسن لە خەڵكی رفێندراو ناپرسن. لەوانە ناپرسن کە لە مافەکانیان زەوتکراوە. تاکەی ئەمە بەردەوامدەبێت؟"
دەسەڵاتداران بەهەمووشێوەیەک چاو لە خۆپیشاندەران سووردەکەنەوە، لەسەرەتای کانوونی یەکەمەوە لانی کەم سێ چالاکڤانی مەدەنی لە بەغدا و لە ناوچەکانی دیکە بە دەمانچەی بێدەنگ کوژراون.
لەوەتەی خۆپیشاندانەکان لە سەرەتای تشرینی یەکەمەوە دەستیان پێکردووە، دەیان خۆپیشاندەر لە بەغدا و شوێنەکانی دیکە رفێندراون.
لە 11ـی دیسێمبەری ئەمساڵ 11 خۆپیشاندەر کە خەڵكی کەربەلا بوون ئازادکران، کە لەکاتی خۆپیشاندانەکان رفێندراوبوون و شوێنەواری ئەشکەنجە بە رووخساریانەوە دیاربوو.
ئەم هەواڵە 499جار خوێندراوەتەوە |