ZNA - هەولێر وتەبێژی دەوڵەتی ئێران لە لێدوانێکدا ئەو دەنگۆیەی رەت كردەوە كە باس لەوە دەكات ئێران دەستی لە هێرشی سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق هەبووە.
عەلی ڕەبیعی وتەبێژی دەوڵەتی ئێران لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی هەواڵی فارسی وتووە ئێران پێوەندیی بەو هێرشەوە نەبووە کە کرابوویە سەر هێزە ئەمریکییەکان و لەو بارەیەشەوە هیچ بەڵگە و زانیارییەك بوونی نییە.
رەبیعی وتیشی، بانگەشەی بێ بەڵگەی ئەمریکییەکان پاساوێکی گونجاو نییە بۆ کوشتن و تۆپبارانکردنی هاووڵاتییان. بۆیە ئەمە بە تێکدانی پەیڕەوی نێودەوڵەتی دەزانین.
باسی لەوەش كرد، ئەمە شتێکی گاڵتەجاڕە ئەمریکا ئێستاش لە خاکی عێراقدایە و بە بێ رێگەپێدانی دەوڵەتی عێراق دەست بە تۆپبارانکردن و کوشتنی هاووڵاتییانی عێراق دەکات و بە ئەوپەڕی بێ شەرمییشەوە بانگەشەی ئەوە دەكات دەکات کە ڕێزی لە سەروەریی عێراق گرتووە.
لە کۆتاییدا رەبیعی هەڕشەی ئەوەشی کرد کە ئەم جۆرە کارانەی ئەمریکا کە خۆسەرانە و ناماقوڵن یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات و هیچ ئەنجامێکیشی نابێت جگە لە پەرەسەندنی ناسەقامگیری و زیادکردنی هەستی نەفرەت لە داگیرکاری.
دوێنێ ئێوارە 29/12/2019 فرۆكە بێفڕۆكەوانەكانی ئەمەریكا چەند مۆڵگەیەك و بارەكایەكی حەشدی شەعبی لە شاری قائمی پارێزگای ئەنیار لەسەر سنوری سوری بۆردوومان كرد.
ڕۆژی ڕابردووش وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) لە بەیاننامەیێکدا ڕایگەیاند پێنج بارهگای حزبوڵڵای عێراق له عێراق و سووریا بۆردومان كراون.
پێنتاگۆن دەڵێت ئهو بۆردومانه وهڵامێكه بۆ ئهو بۆردومانهی کە هێزەکانی حزبوڵڵای عێراق كردیانه سهر بنكهكانی هاوپهیمانیی نێودهوڵهتیی دژی داعش.
پاش بەیاننامەکەی پێنتاگۆن، له بهیاننامهیێكدا، شانهی ڕاگهیاندنی ئهمنیی عێراقیش بڵاوی كردهوه، له كاتژمێر (07:00)ـی ئێوارهی ڕۆژی یەکشەمە 29ی کانوونی یەکەمی 2019 بارهگای لیوای (45)ـی حهشدی شهعبی له ناوچهی "غابة سلوم" و "الحرش"ـی سنووری عێراق – سووریا رووبهڕووی سێ بۆردومانی ئاسمانی سوپای ئهمهریكا بووهتهوه.
ئەمڕۆ دووشەممە حەشدی شەعبی وتی، لە ئەنجامی ئەم هێرشەی كرایە سەر بارەگاكانمان لەلایەن ئەمەریكاوە، 25 كەس كوژران و 51 كەسی دیكە بریندار بوون.
ئەم هەواڵە 1099جار خوێندراوەتەوە |