English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
لە هەفتەیەكدا 60 كۆگا و دەرمانخانە لە هەولێر داخراون
2020-01-06 [01:27 AM]

هەولێر ــ ZNA


 

هەفتەی رابردوو نزیكەی 167 دەرمانخانە و كۆگای دەرمان سزادران و 60 لەوانە داخران، زیاتر لە 200 دەرمانسازیش دوایین ئاگاداركردنەوەیان پێدراوە. سەرۆكی سەندیكای دەرمانسازانیش دەڵێت ژمارەی شوێنە نافەرمییەكان چوار هێندەی دەرمانخانە فەرمییەكانن و سەرچاوەی ساغكردنەوەی دەرمانی قاچاخ و ساختە و قەدەغەكراون، بۆیە ئەگەر زوو ئەو مەترسییە كۆنتڕۆڵ نەكرێت، كارەساتی گەورەی لێدەكەوێتەوە.

 

بەهۆی پابەندنەبوونیان بە رێنماییەكان، سەندیكای دەرمانسازان سزای بەشێك لە دەرمانخانە فەرمییەكانیش دەدات. دكتۆر رەنج محەممەد، سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای دەرمانسازانی كوردستان بە (رووداو)ی راگەیاند: "لەماوەی هەفتەیەكدا لەڕێگەی لیژنەكانمان چاودێریی كۆگا و دەرمانخانەكانی سنووری پارێزگای هەولێرمان كرد، ئەوانەی پابەند نەبوون بە رێنماییەكانەوە سزادران".

 

لەبارەی سزاكانیش، سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای دەرمانسازان گوتی: "60 دەرمانخانە و كۆگا داخراون، 107 دەرمانخانە و كۆگاش سزای دارایی دران، 212 دەرمانسازیش دوا ئاگاداركردنەوەیان پێدراوە".

 

بێجگە لە دەرمانخانە فەرمییەكان، بە گوتەی ئەو بەرپرسەی دەرمانسازان، سەدان شوێنی نافەرمی بۆ فرۆشتنی دەرمان هەن. دكتۆر رەنج دەڵێ: "بەسەدان شوێنی نافەرمی هەن كە دەرمان دەدەن بە نەخۆش، لەكاتێكدا بە بڕیاری ژمارە 5308ی ساڵی 2018ی ئەنجوومەنی وەزیران ئەو شوێنانە نابێت هیچ جۆرە دەرمانێك بفرۆشن و دەبێت دابخرێن، ئێمە وەكو سەندیكای دەرمانسازان ناتوانین هیچ لێپرسینەوەیەك لەگەڵ ئەو شوێنە نافەرمیانە بكەین، بەڵكو كاری حكومەت و وەزارەتی تەندروستییە دایانبخات".

 

سەندیكای دەرمانسازان پێیوایە ژمارەی شوێنە نافەرمییەكانی فرۆشتنی دەرمان زۆر زیاترە لە كۆگا و دەرمانخانە فەرمییەكان. دكتۆر باریف زاهیر، سەرۆكی سەندیكای دەرمانسازانی كوردستان بە (رووداو)ی راگەیاند: "شوێنە نافەرمییەكان لە پارێزگا، قەزا، ناحیە و گوندەكانیش هەن، ژمارەیان چوار هێندەی دەرمانخانە فەرمییەكانە كە زۆربەیان لە شارەكانن. دەرمانی ساختە و قاچاخ و قەدەغەكراو لەو شوێنە نافەرمیانە بەسەر هاووڵاتی و نەخۆشدا ساغ دەكرێتەوە".

 

ئەو پێیوایە حكومەت هەنگاوی جدی بۆ قەڵاچۆكردنیان نەناوە، لەكاتێكدا بە هەڵمەتێكی فراوان لەماوەیەكی كورتدا دەتوانرێت ئەو شوێنانە لە هەموو كوردستان بنەبڕ بكرێن. ئەو نموونە بە هەڵمەتێك دێنێتەوە لە هەڵەبجە و دەڵێت: "لەماوەی رابردوودا لە هەڵەبجە هەڵمەتێك بۆ شوێنە نافەرمییەكان كرا و لەماوەی مانگێكدا هەموویان داخران، لە سۆرانیش هەڵمەتێكی وا هەبوو".

 

د. باریف دەشڵێ: "ئەگەر بیانووەكە ئەوەیە لە قەزا و ناحیە و گوندەكان دەرمانخانەی فەرمی نییە، ئێمە لەڕێگەی ئێوەوە گەرەنتی دەدەین كە بە داخستنی شوێنە نافەرمییەكان، دەرمانخانەی فەرمی لە هەموو ئەو شوێنانە دەكەینەوە، چونكە تەنیا لە ئەزمەیەكی تەندروستی و بڵاوبوونەوەی نەخۆشیدا دەزانین كاتێك رێگە بە خەڵكی نەزان و نەشارەزا دەدرێت دەرمان بفرۆشن، چ هەڵەیەكی گەورەمان كردووە، چونكە رەنگە بەهۆی ئەوانەوە نەخۆشییەكە زیاتر بڵاوبێتەوە و نەشزانرێ سەرچاوەكەی كوێیە".

 

بە گوتەی سەرۆكی سەندیكای دەرمانسان، ئەوانەی لەو شوێنە نافەرمیانە كار دەكەن بەشێكی زۆریان دەرچووی كۆلێژی دەرمانسازی نین "خەڵكانێك ئەو شوێنانە بەڕێوەدەبەن كە دوور و نزیك شارەزاییان لە دەرمان نییە، لەوانەش گۆشتفرۆش، مامۆستا، فەرمانبەر و كەسانی خوار تەمەن 18 ساڵ هەن، خەڵك هەیە لە باوك و باپیرانییەوە بۆی ماوەتەوە، بەڵام هیچ پسپۆڕی و شارەزاییەكیان نییە".

 

د.باریف دەشڵێ: "سەندیكا ناتوانێت چاودێری شوێنە نافەرمییەكان بكات، هیچ جۆرە سانسۆر و رێگرییەكیشیان لەسەر نییە لە فرۆشتنی دەرمانی قاچاخ، ساختە و بەسەرچوو یان قەدەغەكراو لە عێراق و كوردستان، مەگەر بەڕێكەوت لیژنەیەكی قایمقامیەت بەسەریاندا بدات، ئەگەر سزاش بدرێن، تەنیا دوو رۆژ دادەخرێن و دواتر دەكرێنەوە، هەر شوێنێكیش سزا بدرێ بە دەیان كەس و بەرپرس پەیوەندی دەكەن و داوا دەكەن بیانبەخشن".

 

بۆ كۆنترۆڵكردنی ئەو بازاڕە مەترسیدارەی دەرمانیش، سەرۆكی سەندیكای دەرمانسازان پێیوایە "تەنیا رێگەی كۆنترۆڵكردنی ئەو بازاڕە مەترسیدارە بەسیستەمكردنی كاری دەرمانخانەكانە كە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر داوە، بەپێی سیستەمەكە تەنیا كەسانی پسپۆڕ و شارەزای دەرمان دەتوانن دەرمان بدەن بە نەخۆش، نەخۆشیش لەكاتی كڕینی دەرمان پسوولە وەردەگرێت، بەم هەنگاوەش دەرمانی قاچاخ و ساختە و قەدەغەكراو نامێنێ".

 

 

رووداو - هەولێر





ئەم هەواڵە 2776جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad