ZNA-هەولێر
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەرکۆنەی ھێرشە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر وڵاتەکەی، دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٨-١-٢٠٢٠، محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، پێویستە ھەموو لایەنەکان دان بەخۆیاندا بگرن و بارودۆخەکە زیاتر ئاڵۆز نەکەن.
محەمەد حەلبوسی سەرکۆنە (ئیدانە)ی ھێرشە مووشەکییەکەی ئێرانی بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق کردووە و رایگەیاندووە، ”رەتی دەکەینەوە عێراق بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەکار بھێنرێت“.
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای لە حکوومەتی وڵاتەکەی کردووە رێکاری سیاسی، ئەمنی و یاسایی پێویست بۆ پێشێڵکارییەکان دژی سەروەریی خاکی وڵاتەکەیان بگرێتە بەر و سەروەریی عێراق بپارێزێت.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ٨-١-٢٠٢٠، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سنووری پارێزگای کرماشانەوە، ژمارەیەک مووشەکی (سوپای عێراق دەڵێت ٢٢ مووشەک بووە) ئاراستەی بنکەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانان لە سنووری پارێزگای ئەنبار (١٧ مووشەکیان لە پارێزگای ئەنبار کەوتە خوارەوە) و پارێزگای ھەولێر (یەک مووشەک لە پارێزگای ھەولێر کەوتە خوارەوە، چوار مووشەکیش دیار نییە لە کوێ کەوتوونەتە خوارەوە) کرد.
ئەم هەواڵە 793جار خوێندراوەتەوە |