English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە رێنمایی دەدرێتە ئەو بازرگانە كوردانەی سەردانی چین دەكەن
2020-01-26 [12:35 PM]


بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان رێنمایی تایبەت دەداتە ئەو ھاونیشتمانی و بازرگانە کوردانەی سەردانی وڵاتی چین دەکەن.
 
دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، وەزارەتی تەندروستیی رێنمایی تایبەت دەداتە ئەو بازرگانە کوردانەی سەردانی وڵاتی چین دەکەن.
 
وەزیری تەندروستیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ‌ئاماژەی بەوە کرد، "تاوەکو ئێستا ھیچ مەترسییەکی راستەوخۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر وڵاتی ئێمە نییە، بەڵام بەردەوام چاودێریی دۆخەکە دەکەین. ئەمڕۆ کۆمەڵێک رێنمایی دیکە بۆ خۆپاراستن دەردەکەین".
 
وەزیری تەندروستی جەخت لەوە دەکاتەوە، تاوەکو ئێستا ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتانی رۆژھەڵاتی نێوەڕاستدا بڵاونەبووەتەوە، بەڵام وەزارەتەکەیان بۆ ھەر ئەگەرێکی لەناکاو بەردەوام لەگەڵ رێکخراوی تەندروستیی جیھانی و وەزارەتی تەندروستیی عێراقدا لە پەیوەندیدایە.
 
ڤایرۆسی کۆرۆنا گرووپێکی فراوانی ڤایرۆسەکانە و ساڵی ١٩٦٥ لە مرۆڤدا دەستنیشانکرا. ھۆکارەکانی تووشبوون جیاوازن و دەگوترێت، لە ئاژەڵەوە تووشی مرۆڤ دەبێت، بەڵام لە نوێترین زانیاریدا لەبارەی گواستنەوەی ڤایرۆسەکەوە، مەترسیی ئەوە ھەیە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە بگوازرێتەوە. 
 
نیشانەکانەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ھاوشێوەی سەرمابوونن کە پێکدێن لە سەرئێشە، بەربوونی ئاوی لووت، کۆکە، تا، ھەناسەتەنگی، ئازاری جەستە و لەرز کە ھەموو کات بەم شێوەیە سادە نییە و ھەندێک جار ھۆکار دەبێت بۆ ھەوکردنی سییەکان و لوولەکانی ھەوا و رەنگە تووشبووەکە بکوژێت. 
 
ڤایرۆسەکە ساڵی ٢٠٠٢ لە چین بڵاوبووەوە و بۆ ٢٥ وڵات گوازرایەوە و ھەشت ھەزار کەسی نەخۆشخست و زیاتر لە ٧٠٠ کەسی کوشت. 
 
جارێکی دیکە لە ساڵی ٢٠١٢دا ڤایرۆسی کۆرۆنا سەریھەڵدا و لە سعودیە و ئوردون بڵاوبووەوە و ھەمان ساڵ لە ٢٥ وڵات تۆمارکرا و نزیکەی ٨٠٠ کەسی کوشت.
 
 ئێستا ژمارەی قوربانییانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین لە زیادبووندایە و حکومەت رێوشوێنی تووندی تەندروستیی گرتووەتەبەر و بەو ھۆیەشەوە بەشێکی زۆری ھاووڵاتییانی ئەو وڵاتە لە ئاھەنگی سەری ساڵی چینی بێبەشدەبن.
 
بەپێی ئاماری دەزگا تەندرووستییەکانی چین، تاوەکو ئێستا لەو وڵاتەدا ھەزار و ٢٧٧ کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و بەھۆیەوە ٤١ کەس گیانیان لەدەستداوە.

رووداو





ئەم هەواڵە 8287جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad