English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
‌هۆكار و نیشانه‌ و چاره‌سه‌ری خه‌مۆكی دوای منداڵبوون
2020-02-09 [10:25 AM]

ZNA-هەولێر


خەمۆکی یەکێکە لە نەخۆشییە دەرونییە بەربڵاوەکان. جۆرێکی سەرەکی خەمۆکی بریتییە لە خەمۆکی لە دوای منداڵبوون، کە بە خەمۆکی زەیستانیش ناودەبرێت، له‌م بابه‌ته‌دا دكتۆر جەعفەر پزیشکی نەخۆشییە دەرونییەکان ڕونكردنه‌وه‌ی‌ پێویست ده‌دات له‌باره‌ی‌ نیشانه‌ و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ری خه‌مۆكی پاش منداڵبوون.

 

ئافرەتان دوای منداڵبوون بەگشتی توشی حاڵه‌تی بێتاقەتی و خەفەت و دڵتوندی دەبن، بەشێیوەیەک کە کارناکاتە سەر ژیانی ئاساییان و نیشانەکان لە ماوەی دوو هەفتەی یەکەمدا دەردەکەون و دواتر نامێنن. ئەم حاڵەتەش بە نەخۆشی هەژمارناکرێت و زۆربەی ئافرەتان پاش چەند هەفتەیەک ئەو دڵتوندی و بێتاقەتییەیان نامێنێت.

 

بەڵام هەندێک لە ئافرەتان توشی نەخۆشی خەمۆکی دوای منداڵبوون دەبن کاتێک کە نیشانەکانیان توند دەبن و کاردەکاتە سەر ژیانیان. ئەمانە نیشانەکانن بۆ ناسینەوەی ئەم جۆرو لە خەمۆکی:

 

1- هەستکردن بە دلتوندی و گریان.

2- توشی خەو زران دەبێت و خەوی تێکدەچێت.

3- ئیشتیهای خواردنی نامێنێت یان هەندێکجار ئارەزوی خواردنی زۆر دەبێت.

4- هێز و وزەی دادەبەزێت و توانای ئیشەکانی رۆژانەی نامێنێت.

5- چێژ لە خۆشییەکانی ژیانی نابینێت و ئارەزی هیچی نییە.

6- سەبارەت بە منداڵەکەی ناتوانێت پەیوەندی لەگەل دروستبکات یان هەندێکجار بیری هەلە سەبارەت بە منداڵەکەی دێت بە مێشکیدا و دەیەوێت زیانی پێبگەیەنێت.

7- ناتوانێت خزمەتی منداڵە تازە لەدایکبووەکە بکات.

8- تورەبوون و هەلچوون و بێئۆقرەیی.

9- گۆشەگیری و دابران لە کۆمەڵ و خێزان.

10- بیری خۆکوژی و خۆبەکەمزانینی هەیە.

 

هۆکارەکانی توشبوون زۆرن، بەلام بەگشتی ئەو ئافرەتانەی کە ئەم خالانەیان تیادایە ئەگەری زیاتریان هەیە توشی خەمۆکی دوای منداڵبوون ببن:

 

1- نەبوونی پشتیوانی کۆمەڵایەتی و هەستوسۆزی.

2- بوونی گرفت و نەخۆشی دەرونی لە پێش سکپری.

3- بوونی فشاری دەرونی و گرفتی خێزانی.

4- سکپرییەکە بەبێ پلان بوبێت و دایك و باوك ئارەزوی منداڵەکەیان نەکردبێت کە بیانبێت.

5- لە سکەکانی پێشووتر توشی خەمۆکی بوبێت.

6- بوونی نەخۆشی خەمۆکی دوای منداڵبوون لە یەکێک لە خزماندا وەکو دایکی یان خوشکی.

7- منداڵەکە بە نەبەکامی لەدایک ببێت یان کێشەیەکی تەندروستی هەبێت.

8- کێشەی هەبێت لەگەل هاوسەرەکەی.

 

بۆ چارەسەری ئەم نەخۆشییە پێویستە سەردانی پزیشکی دەرونی بکرێت بە مەبەستی دەستنیشانکردن و دیاریکردنی جۆری چارەسەر، کە بەگوێرەی کەسەکان دەگۆرێت، هەندێکجار تەنها بە رێنمایی چارەسەر دەکرێت یان لەوانەیە پێویست بە دەرمان بکات هەتا چاکدەبێتەوە.

 

ئەم نەخۆشییە لەوانەیە ببێتە مەترسی بۆسەر ژیانی مندالەکە و دایکەکە ئەگەر بە زووی چارەسەر نەکرێت، لەبەرئەوە پێویستە ئەو کەسانە لەژێر چاودێریدا بمێننەوە و پشتیوانی خێزانی و کۆمەڵایەتییان هەبێت.





ئەم هەواڵە 3250جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad