English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە دەرهاویشتەکانی پەتای کۆرۆنا و دۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان دەکات
2020-03-10 [11:36 AM]

ZNA_ هەولێر


 

• *بڕیاردرا رێوشوێنی پێویست بۆ کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکانی دامودەزگاکانی حکومەت بە پێی رێنماییەکان و لە چوارچێوەی یاسای چاکسازی  و کارنامەی کابینەی نۆیەم بگیرێتەبەر*.  

• *لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا هەماهەنگی بکرێت و دانوستانەکان چڕبکرێنەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە داراییە سەختەی رووبەڕووی عێراق و هەرێمی کوردستان بووەتەوە.*

 

*مەسرور بارزانی:*

• *تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهان تەنیا کێشەیەکی تەندروستی نییە بەڵکو بەداخەوە دەرهاویشتەی نەرێنیشی لە سەر ئابووری جیهان لێ کەوتووەتەوە کە عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.*

• *داوا لە گشت لایەنەکان دەکەم بە هەستکردن بە بەرپرسیاریێتی، لەگەڵ ئەو دۆخە هەستیارە و ئەو قەیرانەی هاتووەتە پێشەوە مامەڵە بکەن بۆ ئەوەی بتوانین بە کەمترین زیان ئەو بارودۆخە سەختە تێپەڕێنین*.

 

• *بەردەوام دەبین لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی* .

 

 

ئەمڕۆ سێشەممە 2020/3/10 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە دەرهاویشتە و لێکەوتە ئابوورییەکانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و دۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان کرد.

سەرۆکی حکومەت سوپاسی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی کرد کە بە شێوەیەکی پیشەییانە رێوشوێنی تەندروستیی پێویستیان گرتووەتەبەر و  داواشی لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان کرد کە پابەند بن بە رێوشوێن و رێنماییە تەندروستییەکان .

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەشکرد کە تەشەنەکردنی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهان، تەنیا کێشەیەکی تەندروستی نییە بەڵکو بەداخەوە دەرهاویشتەی نەرێنیشی لە سەر ئابووری جیهان لێکەوتووەتەوە کە عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە. بەتایبەتی بە هۆی دابەزینی خێرا و زۆری نرخەکانی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا.

سەرۆکی حکومەت روونیکردەوە کە هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، یەکێک لە کارە لە پێشینەکانی حکومەت ئەوەیە و لە سەریشی بەردەوام دەبین کە ئابووری هەرێمی کوردستان هەمەچەشن بکرێت و نابێت تەنیا پشت بە یەک سەرچاوەی داهات ببەسترێت. بۆ ئەم مەبەستەش دەستمان بە کۆمەڵێک رێکاری پێویست کردووە بەڵام بێگومان جێبەجێکردنی ئەجێنداکە، پەیوەستە بە جێگیریی و سەقامگیریی دۆخی سیاسی و ئابووریی و ئاسایشی عێراق و ناوچەکە کە کاریگەرییەکی راستەوخۆی لە سەر هەرێمی کوردستانیش دەبێت.

 سەرۆکی حکومەت داواشی لە لایەنە بەشدارەکانی حکومەت و تەواوی لایەنە سیاسیەکان  و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانیش کرد کە بە هەستکردن بە بەرپرسیاریێتی  لەگەڵ ئەو دۆخە هەستیارە و ئەو قەیرانەی هاتووەتە پێشەوە مامەڵە بکەن بۆ ئەوەی بتوانین بە کەمترین زیان ئەو بارودۆخە سەختە  تێپەڕێنین. 

سەرۆکی حکومەت جەختی لەوەش کردەوە کە بەردەوام دەبین لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و ئاماژەشی بەوەدا کە پێویستە لە گرتنەبەری رێکارە تەندروستیی و ئەو ئامادەکارییانەی بۆ دۆخی سەختی ئابووری لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت، بەرژەوەندی گشتی هاووڵاتیان لە بەرچاو بگیرێت.

لە کۆبوونەوەکەدا ، بڕیاردرا کە  رێکار و رێوشوێنی پێویست بۆ کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکانی وەزارەت و دامودەزگاکانی حکومەت بە پێی رێنماییەکان و لە چوارچێوەی یاسای چاکسازی و کارنامەی کابینەی نۆیەم بگیرێتەبەر. هەروەها لە گەڵ حکومەتی فیدراڵیش لە بەغدا هەماهەنگی بکرێت و دانوستانەکان چڕبکرێنەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە داراییە سەختەی رووبەڕووی عێراق و هەرێمی کوردستان بووەتەوە.





ئەم هەواڵە 1204جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad