English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
دکتۆر رۆژگار شێخانی: لەگەل بڵاوبوونەوەی هەر پەتایەكی گەورە کۆمەلێك گورانکاری کۆمەلایەتی روودەدەن
2020-03-29 [10:01 AM]

ZNA- هەولێر


رۆژگار شێخانی قوتابی دکتۆرا و ماموستای کولێژی ئەدەبیاتی زانکۆ سەلاحەدین بەئاژانسی هەواڵی زگرۆسی راگەیاند:  مێژووی دوور پێمان دەڵێ لەگەڵ بڵاوبوونەوەو تەشەنەکردنی هەر پەتایەکی گەورە کۆمەڵێک لێکەوتەو گۆڕانکاری بنەڕەتی لە بونیادی کۆمەڵایەتی و سیاسی و تەندروستی و ئابوری و کلتوری هاتۆتە ئارا،لە هەندێ کاتدا ئەوگۆڕانکاریانە لە سیستەم و ئەو بەهایانەی کە سیستەمەکانی لەسەر بونیات نراوە دروستبووە،لەم کات و ساتەی ئێستاکەشدا کە ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ(Covid19) لەزۆربەی زۆربەی ووڵاتانی دونیا بەبێ جیاوازی بڵاوبۆتەوەو هەموو مرۆڤایەتی بەخۆی سەرقاڵ کردووەو تا راددەیەکی زۆر جوڵەی کۆمەڵایەتی و ئابوریشی راگرتووە، بێگومان ئەمەش لە داهاتووداو دوای زاڵبوون بەسەر ڤایرۆسەکە کۆمەڵێک لێکەوتەی تەندروستی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسی دێنێتە ئارا کە بەبڕوای من دەتوانین ئەوە بڵێین کە جیهان و مرۆڤایەتی لەگەڵ هاتن و بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە گۆڕانی بەسەردادێت،بەو واتایەی جیهان دوای کۆنتڕۆڵی ئەم پەتایە جیاواز دەبێت لە جیهانی پێش کۆڕۆنا کە دەکرێت بە جیهانی نوێ و مێژووی نوێ ناوی ببەین.
 هەندێک  بیردۆزو تیۆرو توێژینەوەی زانستی کە لە رابردوودا هەبوون و کاریان پێدەکرا بە هاتنی کۆڕۆنا ئیدی هەڵدەتەکێن و فەرامۆش دەکرێن،پێویستە زانایان و پسپۆڕانی بوارە جیاجیاکان بەدوای تیۆری نوێدابن و بەرجەستەی بکەن،توێژینەوەی نوێ بخەنە بەردەست. راستەمرۆڤایەتی لەدوای بڵاوبوونەوەو تەشەنەکردنی خێرای ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە بارێکی سایکۆلۆژی خراپ و ناجێگیردا دەژی کە ئەمە دیوێکی نەرێنی ئەم پەتایەیە،بەڵام دیوی ئەرێنیشی هەیە کە لە ئێستادا هەستی پێ دەکرێت بۆ نموونە لە بواری کۆمەڵایەتیدا هەندێک نۆرمی کۆمەڵایەتی هەن یان دەگۆڕدرێن یانیش کاڵ دەبنەوە،شێوازی رەفتارو هزرو بیرکردنەوەو هەندێک خوڕەوشتی کەسی و نەریتی کۆمەڵایەتی وەکو تەوقەکردن و ماچ کردن و گردبوونەوەی ناپێویست گۆڕانکاریان بەسەردا دێت، مرۆڤایەتی لەوە تێگەیشت کە هەندێک دامەزراوەو پڕۆسەی کۆمەڵایەتی هەن فەرامۆش‌ کرابوون،وەکو دامەزراوەی خێزان،ئێستا هەست بە گرنگی رۆڵی تاک لەناو خێزان و پەروەردەی خێزانی دەکرێت کە ساڵانێکە بەهۆی سەرقاڵ بوون و راکەڕاکەی ژیان پشتگوێ خرابوو، لە بواری تەندروستیشدا بووە هۆی زیادبوونی هۆشیاری تەندروستی و سەلامەتی مرۆڤەکان و شێوازی تەندروستانەی مامەڵەی رۆژانەو گرنگی دان بە پاکو خاوێنی کە پێشتر زۆر گوێی پێ نەدەدرا، لەسەر ئاستی باڵای ووڵاتانیش پێم وایە دوای کۆنتڕۆڵ و بنبڕ کردنی ڤایرۆسەکە وا لە زۆرێک لە ووڵاتان دەکات بە سیستەمی تەندروستیان دابچنەوەو هەڵەو کەموکوڕیەکانی ئەو سێکتەرە گرنگە چارەسەر بکەن.

 

رۆژگارشێخانی گووتی: هەرچەندە وەستانی جوڵەی کۆمەڵایەتی لە زۆربەی ووڵاتان و لە هەرێمی کوردستانیش بەشێوەیەکی کاتیە کە وەکو رێکارێک بەمەبەستی پاراستنی گیان و ژیانی خەڵکی گیراونەتەبەر، بەڵام دڵنیام لەدوای ماوەیەکی دیکە کە تەشەنەکردنی زیاتری ڤایرۆسی کۆڕۆنا کۆنتڕۆڵ دەکرێت و رەوشی تەندروستی جێگیر دەبێت، ئەوا ژیان ئاسایی دەبێتەوەو جوڵەی کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسی و کارگێڕی دەست پێدەکەنەوە بەڵام نەک وەکو پێشتر  هەروەکو ئاماژەم پێکرد هەندێک نۆڕمی کۆمەڵایەتی هەن دەگۆڕدرێن،وە مەرج نیە سروشتی پەیوەندی کۆمەڵایەتی ئێمە تەنها بە دیدارو بەریەککەوتنی راستەوخۆ بێت، دەکرێت لەرێگەی ئامرازی تەکنەلۆژیاو بەشێوەی ئۆنلاین هەندێک لەو ئەرکە کۆمەڵایەتیانە جێبەجێ بکەین،چونکە خەڵکی ئێمه لە مەترسی بوونی ڤایرۆسەکە تێگەیشت دڵنیام لەداهاتوو مامەڵەو پڕۆسەی کۆمەڵایەتیمان بە جۆرێکیتر دەبێت چونکە ئەگەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە کۆنتڕۆڵیش بکرێت بەڵام ئەم نەخۆشیە لەگەڵ مرۆڤایەتی دەمێنێتەوە، بە فەرامۆش کردنی رێنماییە تەندروستیەکان (بەتایبەت بابەتی پاکوخاوێنی) ئەوا هەڕەشەکەی هەر بەردەوامی دەبێت تاکو ڤاکسین یاخود دەرمانێکی بۆ دەدۆزرێتەوە کە لەوانەیە تا کۆتایی ساڵی ‌2020 بەردەوام بێت بەڵام بەرێژەو شێوازی جیاواز.


هەروەها ئەو ماموستاییەی زانکۆ ئەوشی خستەروو: بۆ خۆ گونجاندنی ئەو دۆخەی کە ئێستا هاتۆتە ئارا،پێویستە بەر لە هەموو شتێک لایەنی دەروونیمان ئاسایی بکەینەوە، راستەدەبێ و پێویستیشە پەتاکە بە مەترسی بزانین و پابەندی رێنماییە تەندروستیەکان بین،بەڵام گیانی زاڵبوونیشمان هەبێت بەسەر ڤایرۆسەکە،نابێ لە راددەی خۆی زیاتر لەو پەتایە بترسین چونکە دەبێتە تۆقاندن و فۆبیا، وە کاریگەری دەکاتە سەر سیستەمی بەرگری لەش و لاوازی دەکات،ئەمەش بۆ خودی ڤایرۆسەکە دەبێتە ژینگەیەکی لەبار چونکە وەک ئاشکرایە ئەم ڤایرۆسە زیاتر دووچاری ئەو کەسانە دەبێت کە سیستەمی بەرگری لەشیان لاوازە،بۆیە دەبێت لە رووی دەرونیەوە هێزو ئیڕادە پەیدابکەین،ئینجا کاتەکانی خۆمان رێکبخەین و دابەش بکەین بۆ چەند ئەرک و کارێک،چونکە کات سامانێکی راستەقینەیەو لای کەسانی ژیر بەرهەمی هەیە،دەرفەتێکیشە بۆ ئەو کارانەی کە لە پلانی رۆژانەتدا نەبووە یان دەمێکە نەتکردووەو لەبیرت کردووە وەکو وەرزش کردن کە گرنگی دانە بە جەستەو تەندروستی خۆت،هەروەها خوێندنەوەی کتێبی بەسوودو زانیاری پێویست و خۆ رۆشنبیرکردن و چالاک بوونی مێشک...جگە لەوەش دەبێت کات تەرخان بکەین بۆ هەندێک کاری ناو ماڵ لە گۆڕین و رێکخستنی ناو ماڵ
لێرەشدا دەبێت ئاماژە بەوە بکەین کە زۆر پێویستە کاتی تەواو تەرخان بکەین  بۆ ئەندامانی خێزان، وەک ئاشکرایە ڤایرۆسی کۆڕۆنا مرۆڤی گەڕاندەوە دۆخی سروشتی جارانی بەهاو بنەما سەرەکیەکانی مرۆڤایەتی و باشترین دەرفەتی رەخساندووە بۆ سەرلەنوێ رێکخستنەوەی تێکڕای بەرنامەو پلان و رێچکەو پڕەنسیپی ژیانی خێزانی خۆمان کە پێشتر بەهۆی سەرقاڵبوونمان نەمانتوانیوە وەکو پێویست بپڕژێینە سەر ئەو رێکخستنە کۆمەڵایەتیە گرنگە.

 

 

دڵشاد یونس هەرکی





ئەم هەواڵە 3130جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad