English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
نامەی کۆمەڵێک هونەرمەندی کورد و ئێرانی بۆ هونەرمەندانی جیهان
2020-03-29 [05:41 AM]

ZNA - تاران


کۆمەڵێک لە هونەرمەندانی کورد و ئێرانی لە نامەیەکدا بۆ هونەرمەندانی جیهان نووسیویانە: خه‌ڵکی ئێران ئه‌مڕۆکه‌ به‌ره‌وڕووی دوو قه‌یران بوونه‌‌ته‌وه‌: قه‌یرانێکی هاوبه‌ش به‌ ناوی کۆرۆنا که‌ ئێوه‌ ده‌یناسن و قه‌یرانی ئابڵۆقه‌ی ئابووری‌ که‌ خۆزگه‌ هه‌رگیز نه‌تانده‌ناسی.

 

لە دەقی ئەم نامەیەدا، کە بە واژۆی هونەرمەندانی دیار و هه‌ڵکه‌وته‌ی کورد، لەوانە: کەیهان کەڵهوڕ، هووشەنگ کامکار، ئەردەشیر کامکار، بێهرووز غەریب پوور، سەعید ئاقاخانی، کەیخەسرەو پوورنازری، تەهموورس پوورنازری، سۆهراب پوورنازری، مەهناز ئەفزەلی، کوروش سلێمانی، عەبدولجەبار کاکایی، ئیلهام پاوەنیژاد، شادمێهر ڕاستین و هەروەها کۆمەڵێک لە هونەرمەندانی ناوداری ئێرانی لە به‌شه‌ جۆراوجۆرەکانی هونەری گەیشتووە و واژۆکانی ئه‌و نامه‌یه‌ش هەر بەردەوامە، هاتووە: ئێمه‌ له‌ هه‌ر نه‌ته‌وه و وڵاتێکه‌وه‌ بین، خاوه‌نی نیشته‌جێ‌بوون و سه‌ر به‌ نیشتمانێکی بێسنوور و ئامانجێک به‌ ناوی "هونه‌ر" و له‌ جیهانێکیشداین به‌ ناوی "کولتوور"؛ هیچ هێزێکیش ناتوانێت ئێمه‌ له‌ هه‌بوونی ئه‌م مافی نیشته‌جێبوون و خاوه‌ندارێتییه‌ دوور بکاته‌وه‌.

 

له‌م نیشتمانه‌‌ هاوبه‌شه‌ خه‌یاڵاوییه‌دا، ‌چ ئاسیایی یا ئه‌وروپایی بین و چ ئه‌مه‌ریکی یا ئه‌فریقی بین، خاوه‌نی توانایی لێکتێگه‌یشتنی کو‌لتووریی، به‌هره‌یه‌کی کاریگه‌ری دانه‌ر له‌سه‌ر بیر و هزری خه‌ڵکین و توانایی شیکردنه‌وه و گوڕانکاریی بارودۆخه‌کانمان هه‌یه‌.

 

هه‌موومان، به‌ به‌رهه‌مه‌کانمان ئیمان و کوفر، ئه‌وین و نه‌فره‌ت، ئاشتی و جه‌نگ، زانست و نه‌زانین، کاری باش و خراپه‌ و ناحه‌زییه‌کان و رزگاربوون ـ به‌ چێژ و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی کولتووریی خۆمان ـ گێڕاومانته‌وه‌ و ئه‌وانه‌مان ده‌رخستووه‌؛ هه‌ر بۆیه‌ کۆمه‌ڵگایه‌که‌ی گه‌وره‌تر له‌و وڵاته‌ی که‌ تێیدا ده‌ژین، له‌ رێگای به‌رهه‌مه‌کانی یه‌کترییه‌وه‌ ناسیومانه‌ و ناساندوومانه‌.

 

هه‌رچه‌نده‌ ده‌سه‌ڵاته‌کان و سیاسه‌ته‌کان ‌به‌ هۆی دووبه‌ره‌کییه‌کانیان، له‌ نێوان ئێمه‌دا مه‌ودا و ‌ و دووره‌په‌رێزی و قه‌ده‌غه‌یان دروست کردبێت، به‌ڵام ئێمه‌ له‌ گوازتنه‌وه‌ و ده‌ربڕینی په‌یامه‌کانی‌ هاوبه‌ش و مرۆڤانه‌ بۆ گشت جیهان، شێلگیرانه‌‌تر، ئازایانه‌تر، به‌تواناتر و کاریگه‌ری دانه‌رتر بووینه‌.

 

ئێستاکه‌، هه‌موومان - که‌ له‌ هه‌ر پێگه‌یه‌کی جوگرافی و سیاسیدا بین - له‌گه‌ڵ دوژمنێکی کوشنده‌ و هاوبه‌ش به‌ره‌وڕوو بووینه‌ته‌وه‌ که‌ گرنگ نییه‌ له‌ کوێوه‌ هاتووه‌، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه‌ که‌ خه‌ریکه‌ به‌ ئازادی‌ و به‌ خێرایی بۆ هه‌موو جێگایه‌ک ده‌ڕوات و ئێمه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م دوژمنه‌ وردیله‌ و نه‌بینراوه‌دا، هه‌موومان به‌ یه‌ک راده‌ زیان پێگه‌یشتوو بووینه‌ و له ‌مه‌ترسیداین و ڕزگاربوونی هه‌ر یه‌ک له‌ ئێمه‌، به‌ستراوه‌ به‌ ڕزگاربوونی ئه‌وه‌ی دیکه‌مان‌.

 

کۆرۆنا ته‌نیا یه‌ک ڤایرۆس نییه،‌ به‌ڵکوو پرسیارێکی ساکار و مێژووییه‌ که‌ خه‌ریکی وه‌رگرتنی وڵامه‌ دژوار و ئاڵۆزه‌کانه‌ له‌ میلله‌ته‌کان و ده‌وڵه‌ته‌کانی جیهان.

 

ئایا وڵامی نه‌ته‌وه‌ی ئێران بۆ ئه‌م پرسیاره‌ مێژووییه‌ - له‌ بارودۆخێکدا که‌ رێگای هه‌ناسه‌دانی به‌ چنگی ئابڵۆقه‌یه‌کی جیهانییه‌وه به‌ستراوه ‌- ده‌توانێت له‌ شێوه‌ی و‌ڵامی نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ ده‌بێت؟

 

ئایا ئه‌مه‌ چاوه‌ڕوانییه‌کی لۆژیکی و گونجاو‌ نییه‌ که‌ وڵامی هونه‌رمه‌ندانی سه‌ربه‌ستی جیهان بۆ پرسیاری کۆرۆناش - له‌ بارودۆخێکدا که‌ ئه‌م مه‌ترسییه‌ تا به‌رده‌م ده‌رگای ماڵه‌کانیان هاتووه‌ - و‌ڵامێکی جیاوازتر و کاریگه‌ری دانه‌رتر بێت له‌ وڵامی سیاسه‌تمه‌داران و ده‌سه‌ڵاتداران؟

 

ئه‌م قه‌یرانه‌، سه‌ره‌ڕای زیانه‌ که‌م و زۆره‌کانی تێده‌په‌ڕێت، به‌ڵام چیرۆکه‌ هاوبه‌ش و جیاوازه‌کانی ده‌مێنێته‌وه‌. چیرۆکی ئه‌و په‌ره‌ستاره‌ ماندوانه‌ی که‌ بۆ به‌هێزکردنی وره‌ی نه‌خۆشه‌کان و هاوکاره‌کانیان له‌ که‌شوهه‌وای ئاڵۆزاوی نه‌خۆشخانه‌کاندا سه‌مایان ده‌کرد و په‌رۆشیی خۆیان له‌ که‌مبوونی که‌رسته‌ و پێداویستییه‌کان و ده‌وا و ده‌رمان له‌ پشتی ئه‌م خۆشییه‌وه‌ ده‌شاره‌ده‌وه‌، ده‌مێنێته‌وه‌؛ چیرۆکی ئه‌و پزیشکانەی که‌ چه‌ندین هه‌فته‌یه‌ نه‌ڕۆیشتوونه‌ته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ و به‌بێ ده‌مامک و ده‌سته‌وانه‌ و پێداویستییه‌کانی خۆپارێزی، به‌ نێو نه‌خۆشه‌کاندا ده‌گه‌ڕان که‌ هه‌ندێک له‌وان له‌ رێڕه‌وه‌کانی نه‌خۆشخانه‌کان و له‌سه‌ر زه‌وی خه‌وێنرابوون‌؛ ده‌مێنێته‌وه‌؛ ئه‌مانه‌ هه‌ر هه‌موویان له‌ یاده‌وه‌ریی مێژوویی جیهاندا ده‌مێنێته‌وه‌ و دره‌نگ یا زوو ده‌گێڕدرێته‌وه؛ له‌ لایه‌ن ئێوه‌ یان ئێمه‌وه‌.

 

خوزگه‌ ئه‌وه‌نده‌ دره‌نگ نه‌بێت که‌ هونه‌رمه‌ندانی به‌رپرسیار و کاریگه‌ری دانه‌ر له‌سه‌ر بێروڕای گشتیی جیهان و ده‌سه‌ڵاتداران، به‌ر له‌وه‌ی که چیرۆکی ئه‌و زوڵمه‌ی که‌ له‌ خه‌ڵکی ئێران له‌م قه‌یرانه‌دا ده‌کرێت، به‌ گوێی ده‌سه‌ڵاتداران و سیاسه‌تمه‌داراندا بگه‌یه‌نن، هه‌ناسه‌کانی خۆیان به‌هۆی توشبوون به‌م نه‌هامه‌تییه‌وه، بوه‌ستێت و بکه‌وێته‌ ژماره‌وه‌.

 

خه‌ڵکی ئێران ئه‌مڕۆکه‌ به‌ره‌وڕووی دوو قه‌یران بوونه‌‌ته‌وه‌: قه‌یرانێکی هاوبه‌ش به‌ ناوی کۆرۆنا که‌ ئێوه‌ ده‌یناسن و قه‌یرانی ئابڵۆقه‌ی ئابووری‌ که‌ خۆزگه‌ هه‌رگیز نه‌تانده‌ناسی.

 

بۆ ئێمه‌ی هونه‌رمه‌ندانی ئێرانی، ئێستا گرنگ ئه‌وه‌یه‌ که‌ بزانین ئێوه‌ی - هونه‌رمه‌ندانی جیهان - سه‌باره‌ت به بارودۆخی نه‌خۆشه‌کانی کۆرۆنایی، منداڵان و پیره‌کان و به‌ساڵاچووان له‌ به‌ره‌به‌ری توشبوون به‌م نه‌خۆشییه‌ و که‌موکۆڕیی زیانباری پێداویستییه‌کانی کۆمه‌ڵگای‌ پزیشکانی ئێران له‌م قه‌یرانه‌دا، چۆن بیر ده‌که‌نه‌وه‌؟ له‌م باره‌یه‌وه‌ چی ده‌ڵێن و چی ده‌که‌ن؟

 

 

مه‌نسوور جیهانی

 





ئەم هەواڵە 6532جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad