English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ریفراندۆم و دوای ریفراندۆم
2016-02-29 [11:57 AM]

ئازا حەسیب قەرەداخی


 

بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و جووڵەی سیاسی و سەربازیی لە عێراق و سووریادا زۆر ئاڵۆزە و وردبوونەوە و واقیعبینییەكی زۆری گەرەكە. زنجیرە ئاڵوگۆڕێك روویان داوە و بڕێكی دیكەیش لە ئایندەی نزیكدا روو دەدەن.

جووڵەی ئەمانە زۆر خێرایە. خاڵی سەرنجڕاكێش ئەوەیە كە بڕیاردەران لە رووداو و گۆڕانكارییەكان كارەكتەرانی عێراق و سووریا نین، بەڵكو خەڵكانی دیكەن و هەریەكەیشیان ئاڕاستەی رووداوەكان و رایەڵەی بەرژەوەندییەكان بەرە و لای خۆیان ڕادەكێشن.

بەم هۆیەشەوە ململانێكان زۆر توند بوونەتەوە و ئەگەری توندبوونەوەی زیاتریشیان لێ چاوەڕوان دەكرێ. چاودێران دەڵێن سیاسەتی هەناردەكردنی شۆڕش و فراوانخوازیی كۆماری ئیسلامی ئێران و دەستوەردانی لە كاروباری وڵاتانی ناوچەكە، بەتایبەتیش لە عێراق و سووریا و یەمەن و بەحرەین و لەم دواییانەیشدا سعودیا و وڵاتانی دیكەی كەنداو.

هۆكاری هەرە سەرەكییە لە راكێشانی دەستی ئەوانی دیكە بۆ ناوچەكە. جێی سەرنجیشە كە هێز و لایەنە سیاسییە ناوخۆییەكانی عێراق و سووریا تا رادەیەكی یەكجار زۆر كەوتوونەتە ژێر هەژموون و فەرمانی دەستێوەردەرەكان.

بەواتایەكی دیكە خەڵكی عێراق و سووریا بە لایەنە سیاسییەكانیشیانەوە بڕیاردەر نین لە رووداوەكان و خودان ئیرادەیش نین لە داڕشتنی ئەنجامەكاندا. بەڵام هاوكات لەناو ئەم هەموو ئاڵۆزییەدا.

لەناو ئەم خۆبەدەستەوەدان وبێ ئیرادەییەدا، مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان وەكوو دەربڕی ئیرادەی گەلی كوردستان، بەشداربووی رووداوەكان و داڕشتنەوەی دەرەنجامەكان و ئایندەیە.

كارتێكەرە و كارلێكراو نییە. خۆی بڕیار لە ئایندە دەدات. بۆیە پاشی شەڕی قارەمانانە لەگەڵ داعش و تێكشكاندنی ئەو ئەفسانە تۆقینەرە، ئێستا قسە لە ئایندەی نەخشەی ناوچەكە دەكات و ئیرادەی كوردستانیانی لەدەور كۆدەكاتەوە گرنگترین هەنگاوی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ سوودوەرگرتن لە دۆخەكە، پێكهێنانی كۆمیتەی سەربەخۆیی بوو لە كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆك بارزانی لە 18ـی 5ـی 2015. ئەركی ئەو كۆمیتەیە كە لە نوێنەرانی حزبەكان و پارلەمان و حكوومەت و سەرۆكایەتیی هەرێم پێكدەهات، كاركردن بوو بۆ ریفراندۆم و بڕیاردان لەسەر سیستەمی سیاسیی هەرێم و یەكخستنی پێشمەرگە و ئابووریی سەربەخۆ.

بە واتایەكی دیكە داڕشتنی پلانێكی ستراتیژیی هەمە لایەنە بوو بۆ سەربەخۆیی. لە دوای ئەم هەموو ئاڵۆزی و پێكدادانە، نەخشەی ناوچەكە دەگۆڕێ.

وڵاتانی ناوچەكە و جیهانیش سەرقاڵی ئەوەن هەم كارەكتەربن لە رووداوەكان و هەم داڕێژەرەوەی بەرژەوەندییەكان بن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و بەشی خۆیان بچەسپێنن، كەواتە پێویستە گەلی كوردستانیش خودان بڕیار بێ و بەش و بەرژەوەندی خۆی دیاری بكات. مەسعود بارزانی دەربڕ و جێبەجێكاری ئەم حەقیقەتەیە و ریفراندۆمیشی كردۆتە هەنگاوی یەكەم.

ریفراندۆم و دوای ئەویش رۆیشتن بەرەو سەربەخۆیی بڕیارێكی سەربەخۆییانەی كوردستانییە لە هەلومەرجێكدا كە هەموو خۆیان بەدەستەوەداوە.

قۆناخێكی گرنگە لە ستراتیژیەتی گەلی كوردستان و كاری هەمەلایەنە كراوە بۆئەوەی ئاستەنگەكان رێ لە ئیرادەی گەلی كوردستان نەگرن تا بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات. ریفراندۆم هەنگاوێكە و دوای ریفراندۆم، نوێنەرایەتی سیاسی گەلی كوردستان لەگەڵ پایتەختەكانی ناوچەكە بەتایبەتی و جیهان بەگشتی دەكەوێتە دیالۆگ و گفتوگۆ، بۆ ئەوەی كە زمانی هاوبەش و لێكتێگەیشتن بۆ داهاتوو بدۆزنەوە.

پاش سەد ساڵ خەبات، گەلی كوردستان گەیشتۆتە قۆناغی وەرچەرخان و چیتر خۆ سەپاندن قبوڵ ناكات و بە چاوسوركردنەوەیش پاشەكشە ناكات، لەبەرامبەردا ئامادەیە ساڵانێك لە ئارامیدا، بە بێ ماندوو بوون درێژە بە گفتوگۆ و دانیشتن و كۆبوونەوە و گەڕان بەدوای خاڵ و بەرژەوەندی هاوبەش لەگەڵ هەموواندا بدات.





ئەم هەواڵە 3142جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
زۆر خراپ دەکەوێتە خوارەوە
لە قافا گیرا
سامسۆنگ گاڵتە بە ئەپڵ دەکات
ژیانی خۆی کردە قوربانی سەرشێتیەک
خراپی لێ قەوما
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad