ZNA – هەولێر
بەپێی هەواڵی راگەیاندنەکانی ئەمریکا فڕۆکەیەکی پێداویستی پزیشکی لە چینەوە گەیشتووەتە نیویۆرک کە ١٣٠ هەزار دەمامکی جۆری "N95"، ملیۆنێک و ٨٠٠ هەزار دەمامکی نەشتەرگەری، ٧٠ هەزار گەرمیپێو و نزیکەی ١٠ ملیۆن دەستکێشی پزیشکی هەڵگرتووە.
هەروەها کۆشکی سپی لە روونکردنەوەیەکی دا ئەوەی خستوەتەڕوو، کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەنێوان هەردوو وڵاتدا لەسەر ئاستی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت هەماهەنگی کراوە، لەو چوارچێوەیەشدا بڕیارە چین ٢٠ فڕۆکە پێداویستی پزیشکی رەوانەی ئەمریکا بکات کە یەکەم فڕۆکەیان گەیشتووەتە نیویۆرک.
لە روونکردنەوەکەدا جەخت لەوەكراوەتەوە، هێنانی پێداویستییە پزیشکییەکان لەڕێی دەریاوە ٢٠-٤٠ رۆژی پێویستە، بەڵام بەهۆی مەترسی خێرا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە رێگای ئاسمانییان هەڵبژاردووە و بڕیارە لە ماوەی دوو بۆ سێ رۆژدا هەر ٢٠ فڕۆکەکە بگەنە ئەمریکا.
لەلایەکی دیکەشەوە ناردنی پێداویستی پزیشکی لە چینەوە بۆ ئەمریکا لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ بەردەوام ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) بە "ڤایرۆسی چین" ناودەبات بووە جێی ستایشی هاووڵاتییە ئەمریکییەکان.
ئەم هەواڵە 565جار خوێندراوەتەوە |