ZNA - هەولێر دەزگاکانی راگەیاندنی ئێران بڵاویان کردەوە، پیرەمێردێکی تەمەن ١٠٦ ساڵ تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا دوای ١٤ رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە ئەمڕۆ شەممە نەخۆشخانەی بەجێهێشت و بەتەواوی چاک بووەوە.
ئەو پیرەمێردە لە ژووری نەخۆشخانەی فرقان لە شاری قوم لە ژێر چاودێری چڕ بوو.
بە چاکبوونەوەی ئەو پیرەمێردە دەبێتە دووەم بەتەمەنی سەرووی سەد ساڵ لە ئێران کە پێشتر دەسەڵاتدارانی ئێران رایانگەیاند، پیرەژنێکی ١٠٣ ساڵ لە پارێزگای سەمنان لە باکوری وڵات دوای تووشبوونی بە کۆرۆنا ١٤ رۆژ لە نەخۆشخانە مایەوە و بەتەواوی چاک بووەوە و نەخۆشخانەی بەجێهشت.
وەزارەتی تەندروستیی ئێران ئاماری نوێی کۆرۆنای بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە 24 کاژێری رابردوو دوو هەزار و 560 کەس تووشی کۆرۆنا بوون و 158 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
کیانووش جەهانپوور، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران ئامارەکانی راگەیاند و گوتی، تاوەکو ئێستا 55 هەزار و 743 کەس لە ئێران تووشی کۆرۆنا بوون و هەروەها 3 هەزار و 452 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
هاوکات 19 هەزار و 736 تووشبووی کۆرۆنا لە ئێران چاکبوونەتەوە.

ئاژانسەکان
ئەم هەواڵە 7900جار خوێندراوەتەوە |