ZNA - هەولێر
سەرۆک وەزیری ژاپۆن دەڵێت، وەک هەوڵێک بۆ ڕاگرتنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بڕیارە ژاپۆن لە ڕۆژی سێشەممەوە ڕەوشی نائاسایی لە تۆکیۆ و شەش هەرێـمی دیکە ڕابگەێنێت، هاوکاتی ئەوەی حکومەت پاکجێکی بوژاندنەوەی ئابووری بە بڕی 990 ملیار دۆلا ئامادە دەکات بۆ کەمکردنەوەی ئەو زیانانەی بە ئابوری وڵاتەکە گەیشتووە.
ئەمڕۆ دووشەممە لە تۆکیۆ، شینزۆ ئابی، لە میانەی کۆبوونەوەیەک لە شوێنی فەرمی نیشتەجێی باسی لە ڕێکارەکانی بەگژداچوونەوەی نەخۆشی کۆڤید 19 کرد.
لە ژاپۆن 3500 کەس توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و 85 کەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
بوونی ئەم ژمارەیە لە ژاپۆن بڵاوبوونەوەیەکی گەورەی ڤایرۆسەکە نییە بەبەراورد لەهەندێک لەو شوێنانەی کانگای ڤایرۆسەکەن، بەڵام ژمارەکە هەتا دێت بە ئەندازەیەکی مەترسیدار لە تۆکیۆی پایتەخت لە بەرزبوونەوەدایە، پتر لە هەزار حاڵەتی نەخۆشیەکەی تێدایە بە 83 حاڵەتی نوێی ئەمڕۆ دووشەممەشەوە.
شینزۆ ئابی سەرۆک وەزیری ژاپۆن بە پەیامنێرانی گوت، بە ڕەچاوکردنی ڕەوشی قەیرانەکە لە لایەنی تەندروستیەوە، حکومەت ئامۆژگاری کرا خۆی بۆ ڕاگەیاندنی باری نائاسایی ئامادەبکات.
ئەو باری نائاساییە، وەک شینزۆ ئابی دەڵێت نزیکەی مانگێک دەخاێنێت و دەسەڵات دەداتە پارێزگارەکان داوا لە هاوڵاتیان بکەن لە ماڵەکانیان بمێننەوە و کارداریەکان دابخەن، بەڵام نەک هاوشێوەی هەندێ لە وڵاتانی دیکە دۆخەکە لە ژاپۆن ناگاتە ئاستی لەکارخستنی تەواوی شارەکان.
ئەم هەواڵە 8026جار خوێندراوەتەوە |