ZNA - هەولێر
دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا جارێکی ديكةش جەخت دەکاتەوە لەوەی ئەمریکا هەفتەیەکی قورسی لەبەردەمدایە وەک دەڵێت "لەوانەیە لە قورسیش زیاتر بێت، چونکە چاوەڕوانی بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی ژمارەی توشبووان بە کۆڤید 19 دەکرێت."
لە ئێستادا ئەمریکا لە ڕووی ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا لە ڕیزبەندیی یەکەمدایە، زیاتر لە 363 هەزار کەس تووش بوون.
لەو ژمارەیە زیاتر لە 19 هەزار کەس چاكبوونەتەوە و زیاتر لە 10750 کەسیش بەهۆی ئەم پەتایەوە لە ئەمریکادا گیانیان لەدەستداوە.
دۆناڵد ترامپ لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەکەی درەنگانێکی ڕۆژی دووشەممەیدا ئاماژەشی بەوە کرد لە ئێستادا ڕۆژانە پشکنینی تەندروستی بۆ 125 هەزار کەس دەکرێت و دەڵێت "تا ئێستا یەک ملیۆن و 790 هەزار پشکنین بۆ خەڵک کراوە."
ترامپ، هەمان دەستەواژەی ڕۆژانی پێشووی دووبارە کردەوە و دەڵێتەوە "تروسکایی لەوسەری تونێلەکەدا دەبینین بەهۆی پەرەسەندنی کارکردن لەسەر پێکوتەکانی دژی کۆرۆنا و هەروەها کارکردنیش لەسەر چارەسەرییەکان و بەهۆی هاوکاری نێوان ئەمریکاییەکان و وابەستەبوونیان بە ڕێوشوێن و ڕێنوماییەکانەوە و هەروەهاش بەهۆی هاوکاری نێوان لەشکر و حکومەتیشەوە."
سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت بەڕێوبەرایەتییەکەی لەگەڵ فەرمانڕەوایانی ستانەکاندا هاوکار دەبێت بۆ دابین کردنی پێداویستیەکانی خۆپاراستن لە کۆڤید 19 و ئامێر و کەرەستەی پزیشکی وەک ئامێرەکانی هەناسەپێدان.
لەکۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکە پشتیوانی و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ سەرەک وەزیری بەریتانیا خواست و دەڵێت " هیواخوازم جۆنسن کە هاوڕێمە خێرا چاک ببێتەوە و ئەمریکا، نوێژ و نزای بۆ دەکات."
بۆریس جۆنسن، سەرەک وەزیری بەریتانیا، ڕۆژی دووشەممە پاش تێکچونی باری تەندروستی، بەهۆی کۆڤید 19ەوە، لە نەخۆشخانەدا گواستراوەتەوە بۆ بەشی چاودێری چڕ.
voa
ئەم هەواڵە 8368جار خوێندراوەتەوە |