ZNA - هەولێر
بەرپرسانی رێکخراوی جیهانیی تەندروستیی جیهانی رۆژی چوارشەممە ٨ی نیسان تۆمەتی هاوئاراستەبوون لەگەڵ وڵاتی چینیان رەتکردەوە و رایانگەیاند جیهان لە نێوەندی پەتای بەربڵاوی کۆرۆنادایە و کاتەکە بۆ ئەمە نابێت بودجەی ئەم رێکخراوەیە کەم بکرێتەوە.
رۆژێک پێشتر دۆنالد ترەمپ سەرۆککۆماری ئەمریکا رەخنەی لە رێکخراوەی جیهانیی تەندروستی گرتبوو و گوتبووی ئەم دامەزراوەیە کاتی پەرەسەندنی کۆرۆنا بە لایەنگریکردنی چین، خەڵکی بە هەڵە رێنوێنی کردووە.
لە کاتێکدا ئەمریکا گەورەترین دابینکەری سەرچاوەی دارایی ئەم رێکخراوەیە، رایگەیاندووە بە تەمایە یارمەتییە داراییەکەی کەم بکاتەوە.
برۆس ئیلوارد، راوێژکاری باڵای بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی جیهانیی تەندروشتیش پشتگیریی هاوکاریکردنی چینی کردووە و دەڵێت، هاوکاریکردنی چینییەکان بۆ ناسین و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا باش و بەسوود بووە.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ساڵی رابردوو بڕی ٤٠٠ ملیۆن دۆلار یارمەتیی رێکخراوی جیهانیی تەندروستیی داوە و چین تەنیا بە بڕی ٤٤ ملیون دۆلار یارمەتی دارایی رێکخراوەکەی کردووە.
ئەم هەواڵە 8356جار خوێندراوەتەوە |