ZNA – هەولێر
ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا زیاتر لە 484 ملیار دۆلاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و بووژاندنەوەی ئابووریی وڵاتەکەی پەسندکرد، پرۆژەکە رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانکراوە و لەم هەفتەیەدا لە ئەنجوومەنەکە دەنگی لەسەردەدرێت.
ئێستا پرۆژەبڕیارەکە رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کراوە، بڕیارە ئەنجوومەنەکە رۆژی پێنجشەممە لەم بارەوە کۆببێتەوە و دەنگی لەسەربدات، پێشبینیدەکرێت پرۆژەکە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانیش پەسندبکرێت.
پەسندکردنی ئەو بڕە پارەیە وەک هاوکاریی دارایی بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و بووژاندنەوەی ئابووری ئەمریکا لە کاتێکدایە، تائێستا لە ئەمریکا 819 هەزار و 164 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنابوون، 82 هەزار و 973 کەس چاکبوونەتەوە و 45 هەزار و 340 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
هاوکات بەهۆی پڕبوونی خەزێنەکان و کاریگەریی ڤایرۆسی کۆرۆنا نرخی نەوتی تەکساس لە دوو رۆژی رابردوو دابەزینی مێژوویی تۆمارکرد و گەیشتە سفر دۆلار، بەڵام دوێنێ سێشەممە دووبارە نرخەکەی بەرزبووەوە و ئێستا بە 10 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
ئەم هەواڵە 7369جار خوێندراوەتەوە |