ZNA - ههولێر
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی "WHO" رایدەگەیەنێت، ئەو کەسانەی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا دهبن و دواتر بههۆی كوتانی دژە تەنەکان چاکدەبنەوە، لە ئێستادا هیچ بەڵگەیەک نییە بیسەلمێنێت جارێکی دیكه ئهو كهسانه دووچاری ڤایرۆسەکە نابنهوه.
ئەو ڕێکخراوەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئهمڕۆ شهممه لە میانەی هۆشدارییهكی دا، هۆشداری لە دژی ئەوە دا کە حکومەتەکان ئەو زانیاریانە بڵاوبکەنەوە کە هەر کەسێک کۆرۆنای گرتبێت ئیتر مەترسی نییە.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، ئەم جۆر لێدوانانە لە ڕاستیدا مەترسییەکان زیاتر دەکەن چونکە ڕەنگە ئەو کەسانەی چاک دەبنەوە ڕێنماییەکان پشتگوێ بخەن و خۆیان لە ڤایرۆسەکە نەپارێزن.
ڕێکخراوەکە دەڵێت " هەندێک لە حکومەتان پێشنیازی ئەوەیان کردووە تاقیکردنەوەی دژە تەنی SARS-CoV-2 ئەو ڤایرۆسەی دەبێتە هۆی کۆڤد19 بۆ خەڵکی بکەن، و بەمەش ئەو کەسانە دەستنیشان بکرێن کە بەرگری لەشیان بەهێزە و مەترسیان نییە بۆ ئەوەی بتوانن گەشت بکەن و بگەڕێنەوە بۆ سەر کارەکانیان چونکە پێیان وایە جارێکی تر ڤایرۆسەکە ناگرنەوە."
بەڵام ڕێکخراوەکە دەڵێت " لە ئێستادا هێچ بەڵگەیەک نییە ئەوە بسەلمێنێت کە ئەو کەسانەی کە لە کۆڤد19 چاکدەبنەوە دژەتەنەکانیان بەرگریان لیدەکات و جاری دووهەم نەخۆش ناکەونەوە".
لە هەفتەی ڕابوردوو وڵاتی چیلێ ڕایگەیاند "پاسەپۆرتی تەندروستی" دەدات بەو کەسانەی کە لە نەخۆشییەکە چاکبوونەتەوە، پاش ئەنجامدانی تاقیکردنەوە بۆیان تا بزانن بەرگری لەشیان دژ بە ڤایرۆسەکە بەهێز بووە یان نا، هەر پاش ئەوە دەستبەجێ دەتوانن بچنەوە بۆ کارەکانیان.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت بەردەوام پێداچوونەوە بەسەر بەڵگەکاندا دەکات بۆ دژە تەنەکانی ئەو ڤایرۆسەی کە لە شاری ئوهانی چینەوە بڵاوبۆوە. هەتا ئێستا نزیکەی 2 ملیۆن و 800 هەزار کەس لە جیهاندا توشتی ڤایرۆسەکە بوون و زیاتر لە 196 هەزار کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
voa
ئەم هەواڵە 1747جار خوێندراوەتەوە |