ZNA - ههولێر
بەپێی ئاژانسی فەرمی دەنگ و باسی سوریا، "سانا" سێ هاوڵاتی بەهۆی هێرشی ئاسمانی ئیسرائیلەوە لە دەوروبەری شاری دیمەشقی پایتەختی سوریا کوژراون.
روانگهی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ کوژرانی ئەو 3 کەسە سیڤیلەی پشتڕاست کردۆتەوە و دەشڵێت 4 چەکداری سەر بە ڕژێمی سوریا و سەر بە ئێرانی هاوپەیمانی بەشار ئەلئەسەدیش لەو هێرشە ئاسمانیەدا کوژراون.
سانا دەڵێت، هێرشەکان کراونەتە سەر شارۆچکەکانی ئەلحەجیرە و ئەلعادلیە لە دەوروبەری دیمەشق و چوار کەسیش بریندارن و یەکێکیان منداڵە.
زۆر بە دەگمەن، لەو هێرشە ئاسمانیانەی ئیسرائیلدا خەڵکی سیڤیل بەربکەون.
فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، زوویەکی ئەمڕۆ دووشەممە دەوروبەری شاری دیمەشقی بۆردومان کردووە، بەپێی ڕوانگەی سوریایی و هەروەهاش میدیای فەرمی وڵاتەکە.
ئاژانسی فرانس پرێس دەڵێت پەیوەندی کردووە بە لەشکری ئیسرائیلەوە، بەڵام ئامادە نەبووە هیچ لێدوانێک لەسەر ئەو هێرشە ئاسمانیە بدات.
ڕوانگە دەڵێت، هێرشە ئاسمانییەکان بارەگاکان و شوێنەکانی هێزە سەربازیەکانی ئێران و حزبوڵا و هەروەها هێزە میلیشیاییەکانی تری سەر بە حکومەتی سوریان، کردونەتە ئامانج.
ئیسرائیل بەردەوام جەخت دەکاتەوە لەوەی بەردەوام دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی هەوڵەکانی ئێران بۆ خۆ بەهێزکردن لە سوریادا و ناردنی چەکی پێشکەوتووش بۆ حزبوڵای لوبنان.
voa
ئەم هەواڵە 7855جار خوێندراوەتەوە |