English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
دیندار زێباری له‌سه‌ر دەستگیرکردنی خۆپیشاندەرانی دهۆک روونكردنه‌وه‌یه‌كی راگه‌یاند
2020-05-19 [03:24 AM]

ZNA - هه‌ولێر


 

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت خۆپیشاندەرانی دهۆک بەهۆی سەرپێچیکردن لە فەرمان و رێنماییەکانی تایبەت بە رێکارەکانی خۆپاراستن له‌ کۆرۆنا دەستگیرکراون.

د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت خۆپیشاندانەکەی مامۆستایانی شاری دهۆک کە رۆژی شەممە رێکەوتی 16/5/2020  لە پارکی ئازادی ئەو شارە بەڕێوەچوو، مۆڵەتی نەبووە.

 لە هەرێمی کوردستان خۆپیشاندان و گردبوونەوەی هاووڵاتیان بە یاسا (یاسای رێکخستنی خۆپیشاندان ) ژمارە (11)ی ساڵی 2020  رێکخراوە. بەپێی ئەم یاسایە هەر تاکێکی کۆمەڵگا بۆی هەیە کە گوزارشت لە رای خۆی و پیشاندانی خواستە رەواکانی خۆی بکات بەشێوەیەکی ئاشتیانە و مەدەنیانە و پاراستنی بەرژەوەندییە گشتی و تایبەتییەکان دوور لە ئاژاوەگێڕی و تێکدان، بۆ ئەم مەبەستە پێویستە بە لایەنیکەم بەر لە ئەنجامدانی بە ماوەی (48) کاتژمێر داواکارییەک پێشکەش بە لایەنی پەیوەندیدار بکرێت.

دیندار زێباری دەڵێت: "سه‌ره‌تا چەند کەسێک داوای مۆڵەتیان کردبوو بەناوی مامۆستایان بۆ داواکردنی مووچەکانیان، به‌ڵام داواكه‌یان ره‌تكرابوویه‌وه‌، چونکە بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی ناکرێت هیچ گردبوونەوەیەک بکرێت، لەبەر ئەوەی هێشتا مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ماوە،  لەسەر ئەو بنەمایەش کارگێڕی پارێزگای دهۆک رەزامەندی لەسەر ئەوە نەدا تاوەکو خۆپیشاندان بکرێت  و نووسراوی فەرمی بۆ هەموو دەزگا ئەمنییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان ناردووە، بەڵام وەک ته‌حه‌ددایه‌ك بۆ بڕیارەکان مکوڕبوون لەسەر ئەنجامدانی ئەم خۆپیشاندانە بێ گوێدانە مەترسییەکانی گردبوونەوە، بۆیە دەزگا ئەمنییەکان ناچاربوون بەپێی ماددەی (240) ی یاسای سزاکانی عێراق  ژمارە (111) ی ساڵی (1969) مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن و کارەکەیان سەرپێچییە نەک تاوان، بەپێی ئەم ماددەیە هەر کەسێک سەرپێچی لە فەرمان و رێنماییەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان بکات، دەستگیر دەکرێت."

زێباری رەتیدەکاتەوە سەرجەم ئەوانەی بەشداریان لە خۆپیشاندانەکەدا کردبێ مامۆستا بووبن و دەڵێت :"ئەو کەسانەی بەشداریی گردبوونەوەکەیان کردبوو، 10٪شیان مامۆستا نەبوون و ده‌یانویست خۆپیشاندانه‌كه‌ به‌ره‌و ئاقارێكی دیكه‌ به‌رن".

لەبارەی دەستگیر کردنی ئەو کەسانەی لە خۆپیشاندانەکەدا بەشدار بوون، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: "سەرەڕای نەبوونی مۆڵەت و  نایاسایی خۆپیشاندانەکە و پابەند نەبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان، هەروەها  دەزگا ئەمنییەکان هەوڵی زۆریان لەگەڵ خۆپیشاندەران دا کە پێویستە بڵاوە بکەن، بەڵام لە بەرامبەردا رەفتاری نەشیاویان کرد  و بەردیان لە پۆلیسەکان گرت و کاردانەوەی خراپیان بەرامبەریان هەبوو، بۆیە ژمارەیەکیان راگیران بۆ ماوەیەکی کورت بۆ ئەوەی بڵاوەیان پێ بکرێت کە ژمارەیان نزیکەی (50 تا 60) کەس دەبوون، تەنیا  (19) کەسیان نەبێت بەپێی بڕیاری دادگا دەستبەسەر کران، دواتر ئەوانیش بە کەفالەت ئازادکران".

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بە دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسان کرد لە رووداوەکانی دهۆک و لەم بارەوە گوتی: "سێ رۆژنامەنووس لە کاتی خۆپیشاندانەکان ئامادە بوون، بەڵام مەبەستیان رووماڵکردنی رووداوەکان نەبوو، بەڵکو بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکاندا کردووە و هانی خەڵکیان داوە بۆ خۆپیشاندان. دوای دەستگیرکردنیان هیچ کەرەستەی رۆژنامەنووسی و ناسنامەی رۆژنامەنووسیشیان نەبووە، بەڵام لە لێکۆڵینەوەکاندا تەنیا یەک رۆژنامەنووس خۆی ناساندووە راستەوخۆ ئازاد کراوە."





ئەم هەواڵە 1576جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad