English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
تەندروستیی سلێمانی: نەخۆشخانەکانمان توانای وەرگرتنی 250 نەخۆشیان هەیە.
2020-06-02 [04:53 AM]

ZNA ــ هەولێر


تووشبووانی کۆرۆنا رۆژ لەدوای رۆژ لە سلێمانی زیاتر دەبن، تەنیا لە رۆژێکدا لە و شارە 100 تووشبووی نوێ تۆمارکران، چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی داهاتووشدا ژمارەی هاوشێوە و زیاتریش لە سلێمانی و هەرێمی کوردستان تۆمار بکرێت.
 
سێ نەخۆشخانەی تایبەت بە کۆرۆنا لە شارەکە هەن کە 250 قەرەوێڵەیان تێدایە، تاوەکو ئێستاش 233 نەخۆش لە نەخۆشخانەکان خەوێندراون. بڕیاردراوە بەشێک لە هۆتیل و شوێنە گەشتیارییەکان بکرێن بە نەخۆشخانەی تایبەت بە کۆرۆنا و بەشێک لە نەخۆشەکان ببەنە ئەو شوێنانە.
 
د. هێرش حەیدەر، سەرپەرشتیاری رووبەڕووبوونەی کۆرۆنا لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە سلێمانی توانامان هەیە چاودێریی چڕ بۆ 250 کەس دابین بکەین، بەڵام ژمارەکە زیاتر بەرزببێتەوە ناتوانین وەریانگرین. بۆیە پلانمان داناوە ئەو نەخۆشانەی کە باری تەندروستییان باشترە و نیشانە سووکەکانیان هەیە و پێویستییان بە چاودێریی چڕ نییە، ببرێنە گوندی سەناریای گەشتیاری، ئەو شوێنەی پێشتر بۆ کەرەنتینەکردن دانرابوو و لەوێش تیمی پزیشکی تایبەت دانراوە بۆ چاودێریکردنیان".
 
ئاسا، نەخۆشخانە نوێکەی سلێمانییە کە بۆ کۆرۆنا دروستکرا و ئێستا پڕبووە لە نەخۆش، سەرپەرشتیاری دروستکردنی نەخۆشخانەکە هۆشداری لە دۆخی خراپی بەشێک لە نەخۆشەکان و مەترسی پڕبوونی نەخۆشخانەکان دەدات. ئەوان پێیان وایە دۆخەکە خەریکە لەدەست دەردەچێت.
 
د. شەماڵ جەبار یاوەر، سەرۆکی دەزگای تەندروستیی پێشمەرگە باسی لەوەکرد، "ئێمە پێشبینیمان دەکرد کە ژمارەی تووشبووەکان بەو شێوەیە بەرز ببێتەوە، چونکە وڵاتانی دراوسێ و بەغداش کە دراوسێمانە ژمارەکانی بەشێوەیەکی خراپ بەرزبووەتەوە. ئێمە هەندێک لەسنوورەکانمان لەگەڵیان کراوە بوون، بەڵام دەمانویست کارێک بکەین کە رێ لەو بەرزبوونەوە خێرایە بگرین، بەڵام نەکرا و بەهۆی بێ مووچەیی و دۆخی خراپی ئابورییەوە بێمتمانەیی لەنێوان خەڵک و حکومەت دروستبوو".
 
د. شەماڵ جەبار یاوەر ئاماژەی بەوەشکرد، نەخۆشخانەی ئاسا تەواو پڕبووە لە نەخۆش و "تەندروستیی چەند تووشبوویەکیان خراپە، بەو جۆرە بڕوات دۆخی سلێمانی لەدەستدەردەچێت، بۆیە داوا لە خەڵک دەکەین پابەندی ئەو قەدەخەی هاتووچۆیە بن کە بە ناچاری راگەیێندراوە". 
 
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 200 ئامێری هەناسەدانی دەستکرد هەن، 70 ئامێریان لە سلێمانی و 100 ئامێریان لە هەولێر، 15 یان لە دهۆک، 7 ئامێر لە هەڵەبجە و دوو ئامێریشیان لە گەرمیانە. د. شەماڵ گوتیشی تاوەکو ئێستا هیچ تووشبوویەکیان نەخستووەتە ژێر ئامێرەکە. 
 
د. بژار مووسا، گوتەبێژی تەندروستیی هەولێر رایگەیاند، 53 تووشبووی کۆرۆنایان لە نەخۆشخانەکاندا هەیە و تەندروستیی دوو کەسیان ناجێگیرە، "بەهۆی دووبارە بەرزبوونەوەی ژمارەکان، ئەگەری هەیە دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەربچێت". 
 
ئێستا لە هەرێمی کوردستان 745 تووشبووی کۆرۆنا هەن، 420 کەسیان چاکبوونەتەوە و حەوت کەسیان گیانیان لەدەستداوە

 

 

 

رووداو ـ سلێمانی





ئەم هەواڵە 11056جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad