English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
فه‌تحی شێروانی: پرسی چاکسازی خواستی زۆرینەی هاولاتیانی هەرێمه‌ و ئەم کابینەیە بە جدی و ئیرادەیەکی بەهێز کاری لەسەر کرد و قۆناغی باشی بریوە
2020-06-03 [01:05 AM]

ZNA - هەولێر


ماموستایه‌كی زانكۆ رایگه‌یاند: چاکسازی واتە چاک کردن یان بەرەو باشتر بردن بە هەمان شێوە دەستەواژە ئینگلیزیەکەی کە رێفورمە لە پێشگری (re) واتە دووبارە وە (فۆرم)واتە دروست کردن کە پێکەوە بە مانای دووبارە دروست کردنەوە دێت.

فه‌تحی شێروانی ماموستای زانكۆ به‌ ئاژانسی هه‌واڵی زاگرۆسی راگه‌یاند: چاکسازی یان ریفۆرم لەو کات و شوێنانە دەکرێ کە پرۆسەی بەرێوەبردن تێیدا کێشە و خەلەلی هەیە، بە دلنیاییشەوە پرۆسەی بەرێوەبردن لە هیچ شوێنێک بە بێ کێشە و کەم و کورتی نیە، بەلام رێژەیەکەی لەکات و شوێنێک بۆ کات و شوێنێکی تر دەگۆرێت، بۆیە چاکسازی پروسەیەکی پێویستە لە هەموو کات و شوێنێک دا بەلام ئەم بابەتە لە هەندێک شوێن ئەوەندە پێویستە کەوا بەبێ ئەنجامدانی پرۆسەکە بەردەوام نابێ و هەر وەک لە ناوەکەشی دیارە پرۆسەیەکە واتە شتێک نیە لە نێوان شەو و رۆژێدا ئەنجام بدرێ و تایبەتیش نیە تەنها بە بوارێک و کۆتاییش نایەت، بەلام ئەو بوارانەی پێویستترن دەبێ پێش بخرێن و ئەولەویەتیان پێبدرێ.

فه‌تحی شێروانی ئاشكراكرد: ئەوەی لێرەدا مەبەستمە بیخەمە بەردەم خوێنەران ئەوەیە کە پرۆسەی چاکسازی چ گرینگیەکی هەیە لە ئێستادا، ئەوەش خۆی لە خۆیدا ئاماژەیە بۆ ئەوەی پرۆسەی بەرێوەبردن لە هەرێمی کوردستان تاکوو ئێستا زۆر کێشە و کەم و کورتی تێدابووە و گەیشتۆتە ئاستێک بە بەبێ ئەنجام دانی چاکسازی لە ئێستادا تووشی کێشەی گەورە دەبێ و بە ئاسانی ناتوانێ لێی دەربچێ و کار دەگاتە ئەوەی ئیتر ناتوانێ بەردەوام بێ.

ئه‌و ماموستایه‌ی زانكۆ دیاریكرد: بۆیە کابینەی نۆیەم بە سەرۆکایەتی مسرور بارزانی چاکسازی کردە ئەولەویەتی کارەکانی و پرۆژە یاسای چاکسازی مووچە و خانەنشینی رەوانەی پەرلەمانی کرد و بوو بە یاسا و ئێستا وا ئیش لە سەر جێبەجێ کردنی دەکرێ ئەویش وەک یەکەم هەنگاو بە کەم کردنەوەی مووچەی پلە بالاکان بە رێژەی 50% و برینی مووچەی بندیوار و دوو مووچە و چەند مووچەکان و هەلوەشاندنەوەی خانەنشینی نایاسایی و کۆمەلێک بابەتی تر، بەلام ئەمە کە بەشێکی بچووکی چاکسازیە وا بە دەیان بەربەستی بۆ دروست کراوە و پێویستی بە ئیرادەیەمی بەهێز هەیە بۆ جێبەجێ کردنی و ئەوەی دەمێنیتەوە وەک وەرگرتنی باجی کۆمپانیا زەبەلاحەکان و پرۆژەکانی وەبەرهێنان و گەراندنەوەی قەرزەکانی حکوومەت و بە دەیان کەیسی تر ئیرادەیەکی بەهێزتری دەوێ کە پێویستە بە زووترین کات ئیشیان لەسەر بکرێت بۆ رزگار کردنی حکوومەت لەو باروودۆخەی تێیکەوتووە لە هاتنی پەتای کورۆنا و لێکەوتەکانی کە خەرجیەکی یەکجار زۆری خستۆتە ئەستۆی حکوومەت و داهاتەکانیشی زۆر دابەزاندووە چونکە داهاتی حکوومەتی هەرێم پشت بە کەرتی نەوت و داهاتەکانی ناوخو وەک گەشت و گوزار و باج و گومرگ دەبەستێت کە لە ئەنجامی پەتای کۆرۆنا نرخی نەوت دابەزیوە و گەشت و گوزار نەماوە و هاموشۆی کەل و پەل لە خالە سنووریەکان کەمی کردووە و لە ئەنجادا داهاتەکانی ناوخۆیشی لە خالی سفر نزیک بۆتەوە، ئەوانە هەمووی سەرەرای بوونی رێژەیەکی یەکجار زوری مووچەخۆر کە بەشێکی فەرمانبەری راستەقینە نین بەلکوو بندیوار و دوو مووچە و چەند مووچە و خانەنشینی نایاسایی و دەرمالە نا مستەحەقەکانن کوا لەم قۆناغەدا دەبردرێن.

له‌ كوتاییدا فه‌تحی شێروانی ئه‌وه‌شی خسته‌روو: بۆیە پرسی چاکسازی کە خواستی زۆرینەی هاولاتیانی هەرێمی کوردستانە و لە کابینەی پێشووتریش ئیشی لەسەر کراوە بەلام بە هۆی ناکۆکی سیاسی و بەرژەوەندیخوازی دەست رۆیشتووەکان پەکخرا و نەبوو بە یاسا بەلام خۆشبەختانە ئەم کابینەیە بە جیدی و ئیرادەیەکی بەهێز کاری لەسەر کرد و قۆناغی باشی بریوە، بەلام ئەوەی جێگەی نیگەرانیە بەشێک لەو کەسانەش کە لە گەندەلی تێوەگلاون و کورسی دام و دەزگاکانیان بۆ دەیان سال داگیر کردووە و بۆ بەرژەوەندی خۆیان و خۆ دەولەمەند کردن و مانەوەیان بەکارهێناوە ئێستا خۆیان تێکەلی دەنگی چاکسازی خوازی خەلک کردووە گوایە ئەوەی کردوویانە و بردوویانە رەوا بووە و دەیانەوێ خۆیان بە بێ بەری لە گەندەلی پێشان بدەن هەرچەندە خەلک دەزانێ کێ چی کردووە بەلام پێویستە چاکسازی لێسەندنەوەی هەموو ئەو مولک و مالانەش بێت لەو جۆرە کەسانە کە بە نارەوا دەولەمەند بوون و دەستیان لە مولک و مالی دەولەت نەپاراستووە، ئەگینا چاکسازی هیچ مانایەکی نابێت.





ئەم هەواڵە 3343جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad