ZNA – هەولێر
رۆژی چوارشەممە پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و پرۆژەیاسای وەرگرتنی قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی تاوتوێدەکات و ئەگەر زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارانی بەدەستهێنا، دەست بە وەرگرتنی قەرزدەکات.
بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکە، بڕیارە پەرلەمانی عێراق سبەی كاتژمێر 01:00ی دواینیوەڕۆ کۆببێتەوە، ئامانجی کۆبوونەوەکەش بۆ ئەوەیە پرۆژەیاسای وەرگرتنی قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی بخەنە دەنگدانەوە بە مەبەستی پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجەی ساڵی 2020.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای هەمواری دووەمی یاسای رێگە گشتییەکان، ژمارە 35ی ساڵی 2002 دەکات، دواتر راپۆرتی لێژنەی کشتوکاڵ و ئاو و زۆنگاوەکان تایبەت بە کڕینی بەرهەمی گەنم تاوتوێدەکات.
پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەی دوێنێیدا راپۆرتی شانەی پەرلەمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و چەند پێشنیازێکی بۆ پاڵپشتیکردنی کارمەندانی کەرتی تەندروستی تاوتوێکرد.
ئەم هەواڵە 10450جار خوێندراوەتەوە |