English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ژماره‌یه‌ك بڕیاری نوێی له‌ باره‌ی مووچه‌وه‌ ده‌ركرد
2020-06-21 [07:44 AM]

ZNA - هه‌ولێر


حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ژماره‌یه‌ك بڕیاری نوێی له‌ باره‌ی مووچه‌وه‌ ده‌ركرد..

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

ئەنجومەنی وەزیران چەندین بڕیار دەربارەی خۆگونجاندن لەگەل دۆخی دارایی  ئێستای هەرێم  دەدات

ئەمڕۆ یەکشەممە 2020/6/21  ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بەشداریی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆبوونەوەیەکی تایبەتی ئەنجامدا.

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی دۆخی دارایی ئێستای هەرێم و هەوڵەکانی حکومەت بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرا.  

لە دوای ئەوەی ئەنجومەنی وەزیران چەندین كۆبوونەوەی ئەنجامدا بە ئاراستەی هەرچی زوو دابینكردنی شایستە داراییەكانی مووچەخۆرانی هەرێمـی كوردستان له رێگەی دیراسەكردنی سەرجەم ئەگەر و دەرفەتەكان و بە ڕەچاوكردنی ئەو داهاتەی كە ئێستا لەبەردەستی وەزارەتی دارایی و ئابوورییه كە بەراورد بە خەرجییەكانی مووچە و شایستەی دارایی مووچەخۆران، كورتهێنانێكی بەرچاوی تێدایە، بۆیە بە مەبەستی خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو كورتهێنانە كە هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ دواكەوتنـی ناردنی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن حكومەتی فیدراڵی و لێكەوتە دارایی و ئابوورییەكانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە سەرتاسەری جیهانی گرتەوە بە هەرێمـی كوردستانیشەوە، ئەمە سەرەڕای دابەزینی نرخی نەوت. لە كاتێكدا ئەنجومەنی وەزیران پێزانینی خۆی دەردەبڕێت بۆ تێگەیشتنی مووچەخۆران لەم بارودۆخە داراییە سەختە و بەتایبەتیش پزیشك و كارمەندانی تەندروستی كە لە هێڵی پێشەوەی جەنگن لە دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا، هەروەها هێزەكانی ئاسایش و ئاسایشی ناوخۆ و پێشمەرگەش، ئەنجومەنی وەزیران لە دوای دیراسەكردنی گشت ئەگەرەكان  بڕیاریدا بە:

یەكەم:

أ: تەمویلكردنی ڕێژەی 79% ( لە سەدا حەفتا و نۆی) خەرجییەكانی مووچە و شایستەی دارایی مووچەخۆرانی گشت وەزارەت و دەستە و لایەنەكانی نەبەستراو بە وەزارەت و سەرجەم سەرۆکایەتی و دامەزراوەكانی هەرێم.

 

ب: ڕاگرتنـی تەمویلكردنی ئەو ڕێژەی 21% ( لە سەدا بیست و یەكەی) دەمێنێتەوە لەلایەن وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە بە شێوەیەكی دادپەروەرانە لەسەر سەرجەم مووچەخۆران جێبەجێ دەكرێت بە ڕەچاوكردنی زۆریی و كەمیی شایستەی دارایی مووچەخۆر.

 

ج: ​خەرجكردنی تەواوی 100%( لە سەدا سەدی) شایستەی دارایی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی و كەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت و ئەو مووچەخۆرانەش كە شایستەی داراییان (300) سێسەد هەزار دینار و خوارتره.

 

د​: خەرجكردنی تەنیا ڕێژەی 50% (لە سەدا پەنجای) شایستەی دارایی ڕاسپێردراوان بە خزمەتی گشتی و خاوەن وەزیفە باڵاكان و پلە تایبەتەكان  لە (سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و جێگرەكانیان و ئەندامانی پەرلەمان و وەزیرەكان و ئەوانەی بە پلەی ئەوانن و بریكارەكانی وەزارەت و ئەوانەی بە پلەی ئەوانن و ئەوانەی مووچەی بریكاری وەزارەت وەردەگرن و خاوەن پلە تایبەتەكان و  ئەندامانی ئەنجومەنی دادوەری و دادگای پێداچوونەوە و سەرجەم دادوەران و ئەندامانی داواكاری گشتی و گشت ئەو كەسانەی بەپێـی خشتەی كارپێكراوی مووچە، مووچە و دەرماڵەی هەردوو پلە باڵای (أ) و (ب) وەردەگرن لەسەر میلاكی شارستانی و سەربازی و ئەنجومەن و دەزگای ئاسایش و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ).

هـ: بڕگەی سەرەوە ئەو كەسانەش دەگرێتەوە كە بەو پلە و وەزیفانە خانەنشین كراون  یا لە دوای جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە شایستەی مووچەی خانەنشینی دەبن بەو وەزیفە و پلانە.

دووەم:

أ : پێویستە وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕێنمایی دارایی پێویست بۆ ئاسانكاری جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە دەربكات.

ب : میکانیزمی هاتوو لەم بڕیارە، ڕێکارێکی کاتییە و تەنیا بۆ مووچەی ئەمجارەیە کە دابەش دەکرێت .

ج : گشت وەزارەت و دەستە و لایەنەكانی نەبەستراو بە وەزارەت و سەرجەم سەرۆکایەتی و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان بڕگەكانی ئەم بڕیارە جێبەجێ دەكەن لەبەر ڕۆشنایی ڕێنماییەكانی وەزارەتی دارایی و ئابووری و بە ڕەچاوكردنی ڕێنماییەكانی خۆپارێزیی وەزارەتی تەندروستی لە كاتی دابەشكردنی مووچە.

سێیەم:

ڕاسپاردنی لیـژنەی باڵای دانوستان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی بۆ گەیشتن بە ئەنجام بە ئاڕاستەی دابینكردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان.

چوارەم:

ڕاسپاردنی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ وەرگرتنـی ڕێكاری پێویست بۆ جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی ژمارە (2)ی ساڵی 2020 كە لە سەرەتای مانگی تەمموزی 2020دا دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.





ئەم هەواڵە 6403جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad