English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
لە ھەولێر چەند بڕیارێکی نوێ لە بارەی قەدەغەی ھاتووچۆ دەردەکرێت 
2020-07-04 [06:10 AM]

ZNA- ھەولێر


 
بەسەرپەرشتی د.فرسەت سۆفی پارێزگاری ھەولێر و بە ئامادەبوونی د.عەلی ڕەشید سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەولێر، کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا و کۆبوونەوە گەیشتە ئەم دەرەنجامانەی خوارەوە:- 

 
یەکەم: بەپێی پێوەرە پزیشکییەکان و ڕاو بۆچوونی لێژنەی زانستی پزیشکی و بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەولێر، لەسنووری پارێزگای ھەولێر تاوەکو بتوانرێ کۆنتڕۆڵی ڤایرۆسی کۆرۆنا بکرێت، پێویستمان بەوە ھەبوو بۆ ماوەی (٢٨) ڕۆژ کەرەنتین و قەدەغەی تەواوەتی ھاتووچۆ لە سنووری پارێزگاکەمان ڕابگەێنین، بەڵام لەپێناو بژێو و کارو کاسبی خەڵک، بڕیارماندا لە کاتژمێر (١٢)ی ئەمشەو ٤ لەسەر٥ی ٧/٢٠٢٠، قەدەغەی ھاتووچۆی تەواوەتی لەسنووری پارێزگای ھەولێر ھەڵبگرین، لەگەڵ ئەوەدا داوا لەھاوڵاتییان و دانیشتوانی سنووری پارێزگای ھەولێر دەکەین، لەپێناو ئەوەی ھەموو لایەک سەلامەت بن و بتوانین کۆنترۆڵی ئەم ڤایرۆسە بکەین، ھەر کەسەو لەلای خۆییەوە ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێ بکەن و (دەمامک) ببەستن و لەماڵەکانتان بمێننەوە و پابەندن بن بەم کەرەنتینەی کە (٦) ڕۆژمان لێی تێپەڕاندووە و ھێشتا (٢٢) ڕۆژی ترمان لەپێشدا ماوە، بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت لەماڵەکانتان مەیێنە دەرەوە، بۆ ئەومەبەستەش ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەولێر، داوا لەھەموو (حزبەسیاسیەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر، پیاوانی ئاینی، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕۆشنبیران، میدیاکاران، نووسەران، ڕۆژنامەنووسان، مامۆستایانی زانکۆ)و ھەموولایەک دەکەین ھەڵمەتێکی ھۆشیارکردنەوە ڕابگەێنرێتَ، تاوەکو ئەو (٢٢) ڕۆژەی کەماوە لەکەرەنتین، ھەموومان بەیەکەوە پابەند بین و سەلامەتی خۆمان و ماڵ و منداڵ و ئازیزانمان و تەندروستی گشتی شارەکەمان ببپارێزین و بەسەر ئەم ڤایرۆسە زاڵبین. 
 
دووەم: بڕیارماندا لە کاتژمێر (١٢)ی ئەمشەو ٤ لەسەر٥ی ٧/٢٠٢٠، بۆماوەی یەک ھەفتە تاوەکو کاتژمێر١٢ی شەوی ١١ لەسەر ١٢ی ٧/٢٠٢٠ ڕێکارەکان بەمشێوەیەی لای خوارەوە بێت:- 
 
١- لە سنووری سەنتەری شار و سەرجەم قەزاکانی دیکەی سنووری پارێزگای ھەولێر، لەکاتژمێر (٨)ی ئێوارە تاوەکو (٥) بەیانی، سەرجەم بازاڕ و دوکان و ھەموو ئەو شوێنانەی بۆ خزمەتی ھاوڵاتییان کراوەن دادەخرێن، جگە لە دەرمانخانەکان. 
 
٢- ھاتووچۆ لەنێوان پارێزگای ھەولێر و پارێزگاکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان و عێراق، بەداخراوی دەمێنێتەوە و ڕێگە بە ھیچ کەس نادرێت بێتە ژوورەوە، جگە لەو حاڵەتانە نەبێت کە لە بەیانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دیاریکراون، بۆیە تکامان وایە کەس خۆی لە رێگا نەدات بۆ بازگەکان، چونکە رێگەیان پێنادرێت. 
 
٣-سەبارەت بە دابەشکردنی مووچە، بەپێی ڕێکار و ڕێنماییە تەندروستییەکان و ئەو میکانیزم و شێوازەی لەلایەن وەزارەتەکانیانەوە بۆیان دیاریکراوە، فەرمانگەکان مووچەی فەرمانبەرانیان دابەشدەکەن، ھەرلێرەشەوە داوا لە وەزارەتەکان و فەرمانگەکان دەکەین میکانزمی گونجاو دابنێن بۆئەوەی لەکاتی دابەشکردنی مووچە کەمترین بەریەککەوتن ھەبێت. 
 
٤-کردنەوەی نۆڕینگە و سەنتەر و کۆمەڵگە پزیشکییەکان ئارەزومەندانە دەبێت و ئەوانەشی کراوە دەبن دەبێت ئەو مەرجانەی خوارەوە یان تێدابێت: 
 
ـ کردنەوەی نۆڕینگەکان لە کاتژمێر (٣)ی دوای نیوەڕۆ بۆ (٧)ی ئێوارە دەبێت.
ـ لە ھۆڵی چاوەڕوانی لە چوار نەخۆش زیاتری لێ نەبێت و نێوانی ھەر یەکەیان دوومەتر کەمتر نەبێت. 
ـ پزیشک دەستکێشی لەدەست بێ و (دەمامک) ببەستبێ. 
ـ نەخۆش یەک ھەواڵی زیاتر لەگەڵ نەبێت و ھەردوکیان (دەمامک)یان بەستابێ.
ـ ڕۆژانە نۆڕینگە و سەنتەر و کۆمەڵگاکان (تعقیم) بکرێن. 
ـ لەو ماوەیەدا لە(کاتژمێر ٣ بۆ ٧) لە (١٠) نەخۆش زیاتر نەبینرێت. 
 
٥- سەرجەم شۆفێرانی (تەکسی، پاس، مینی پاس) دەبێت پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بن و بۆ تەکسی لەدوو سەرنشین زیاتری نەبێ و پاسەکانیش لە نیوەی سەرنشینەکان زیاتر نە بێ، خۆیان و سەرنشینەکانییان (دەمامک) ببەستن و ھەر کەسێک سەرپێچی لەم بڕیارە بکات، لەلایەن پۆلیسی ھاتوو چۆوە، ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی دەبێتەوە و بە بڕی(٥٠) ھەزار دینار غەرامە دەکرێت. 
 
٦-چێشتخانەکان، بە پابەندبوون بەڕێنماییە تەندروستییەکان، تەنھا بۆیان ھەیە خواردن بە سەفەری یان بە دلیڤەری بفرۆشن. 
 
٧- بەھۆی بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە شێوەیەکی فراوان لە شاری ھەولێر و مەترسی داری دۆخەکە (مزگەوت، کڵێسا، شوێنە ئاینییە پیرۆزەکان، ھۆڵی بۆنە ئاینییەکان) بەداخراوی دەمێننەوە و پرسە دانان لە ماڵ و ھۆڵ و ھەموو شوێنێک و چوونە سەرقەبران قەدەغەیە. 
 
٨-ئەم شوێنانەش بەداخراوی دەمێننەوە (سەنتەرەکانی فێرکردنی زمان،پارکە گشتی و تایبەتیەکان، شوێنەکانی یاری منداڵان لە ناو مۆڵ و گەرەکەکان، ھۆڵەکانی سینەما، ھۆڵەکانی ئاھەنگ گێران، ھۆڵەکانی بووک گواستنەوە، یانەی شەوانە، نێرگەلەکێشان، ھۆڵ و سەنتەرەکانی لەشجوانی، ھۆڵەکانی وەرزشی، مەلەوانگە، ھۆڵەکەکانی ئاھەنگی شەوانە، یانەکانی مەی خواردنەوە (بار)، گەرماو (حەمام)، سەنتەرەکانی مەساج). 
 
٩- ساردەمەنی، چایەخانە، ڕیستۆرانتی باخچەکان، سەرجەم شوێنەکانی ھاوشێوەیان، تەنھا بۆیان ھەیە بە سەفەری و لە رێگەی ئەو کەل و پەلانەی بۆ یەک جار بەکاردێت کار بکەن و مێز و کورسی دانانرێت.
 
١٠-لە تەواوی سنووری پارێزگای ھەولێر لە ڕۆژانی ھەینی، ھەموو بازاڕ و دوکان و شوێنە گەشتیاری و سەرجەم شوێنە گشتییەکان بەتەواوی داخراو دەبن، جگە لە نانەواخانە و دەرمانخانەکان، ھەرکەسێک پابەند نەبێت رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتە بەر. 
 
١١-لە ڕۆژی یەک شەممە ٢٠٢٠.٧.٥، تەنھا دەوامی فەرمانگە پێویستییەکانی تایبەت بەکاروباری ھاوڵاتییان، جگە لە (تەندروستی، پۆلیس، ئاسایش، فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان)، بەسیستەمی شەفتات و بەڕێژەی لە ٣٠% دەبێت لەڕۆژانی (یەک شەممە تاوەکو چوارشەممە)، لە کاتژمێر ٩ بە یانی تاکو ١ ی دوای نیوەرۆ، سەرجەم فەرمانبەرانی فەرمانگەکان دەبێت (دەمامک) ببەستن، ھەر فەرمانبەرێک لە کاتی دەوام (دەمامک)ی نەبەستابێت رێکاری کارگێری بەرامبەری دەگیرێتە بەر، ھیچ ھاوڵاتییەک و موراجعێک بەبێ بەستنی (دەمامک) بۆی نیە بچێتە ناو ھیچ فەرمانگەیەک، ھەر فەرمانگەیەک قەرەبالغی تێدا دروستبێت بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەیوەندیدار دەوام لەو فەرمانگەیە ڕادەگرین، ئەو فەرمانبەرانەشی جێنشینی دەرەوەی شاری ھەولێرن یان لە پارێزگایەکی دیکەن و دەوامییان لەناوی سەنتەری شاری ھەولێرە، پێویست ناکات دەوام بکەن. 
 
١٢- لە ھەر شوێنێکی بازرگانی و بازار و دوکان و مارکێت و مۆڵ و چێشتخانەیەک رێنماییە تەندروستیەکان جێبەجێ نەکرێن، دەست بەجێ ئەم شوێنە دادەخرێت، بۆ ماوەیەک کە لە یەک ھەفتە کەمتر نەبێت. 
 
١٣- دەسەڵاتی تەواو دەدرێت بە سەرجەم قایمقامەکان بۆ خۆپارێزی لە کۆرۆنا و جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی لەو ڤایرۆسە، ھەر بڕیارێک لە سنووری قەزاکەیان بدەن و لە کاتی پێویستیش بۆیان ھەیە لەسنووری قەزاکەیان کەرەنتین و قەدەغەی تەواوەتی ڕابگەیەنن. 
 
١٤- ئەم بڕیارانە لەکاتژمێر ١٢ی شەوی ٤ لەسەر٥ی ٢٠٢٠.٧ دەچێتە واری جێبە جێکردنەوە تاوەکو کاتژمێر ١٢ی شەوی ١١ لەسەر ١٢ی ٧/٢٠٢٠. 
 
ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەولێر
٢٠٢٠.٧.٤

 





ئەم هەواڵە 2896جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad