English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
بۆ رووبەرووبوونەوەی کۆڕۆنا چوار بڕیار دەدرێت
2020-07-13 [02:20 AM]

ZNA- ھەولێر


 

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٠/٧/١٣ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی لیژنەی باڵای وەزاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆڕۆنای کرد و، لە کۆبوونەوەکەدا چوار بڕیار دران.
لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و ژمارەیەک لە وەزیرە پەیوەندیدارەکان بەشداربوون ، دۆخی ئێستای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان و ھەنگاوەکانی سنووردارکردنی ڤایرۆسەکە و کارایی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و پابەندبوون بە ڕێنماییە تەندروستییەکان ھەڵسەنگێنرا.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، وەزیری تەندروستی ڕاپۆرتێکی دەربارەی ڕێژەی تووشبووان و مردن و چاکبوونەوە خستەڕوو کە ئاماژەی بە ھۆکارەکانی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان و ھەڵکشانی ڕێژەکە کرد کە ھۆکارە سەرەکییەکەی پابەندنەبوونە بە ڕێنماییە تەندروستییەکان.
پاشان وەزیرانی ناوخۆ و گواستنەوە و گەیاندن و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، تێبینی و سەرنج و ھەڵسەنگاندنی خۆیان لە بارەی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ئاستی پابەندبوون بە ڕێنماییەکان خستەڕوو.
سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر مەترسییەکانی تەشەنەکردنی زیاتری ڤایرۆسەکە لە ھەرێمی کوردستان و زیادبوونی ڕێژەی تووشبووان و مردووان و ئاماژەی بەوە دا کە بە داخەوە بە ھۆی بە سیاسیکردنی بابەتەکە و پابەندنەبوون بە ڕێنماییەکان، ژمارەی تووشبووان و مردووان ڕۆژ بە ڕۆژ لە بەرزبوونەوەدایە. بۆیە جارێکی دیکە داوا لە ھاووڵاتییان دەکەمەوە کە پابەند بن بە ڕێنماییە تەندروستییەکان و پاراستنی خۆیان و کەسوکار و کۆمەڵگەکەیان.
دوای ھەڵسەنگاندنی پێویستی بارودۆخەکە ، لیژنەی باڵای وەزاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بڕیاریدا:
یەکەم : بەردەوامبوونی ھەردوو وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆ لە دەرکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنمایی تەندروستی پێویست بۆ ڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و سەپاندنی بە کارھێنانی ماسک و دەستەوانە و تێکەڵاونەبوون لە شوێنە گشتییەکان و وەزارەت و فەرمانگە حکومییەکان و بەداواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی پێشتر لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەرچوون و سزادانی سەرپێچیکاران.
دووەم: بەردەوامبوونی قەدەخەی ھاتووچۆ لە نێوان شارەکان و لە نێوان پارێزگاکان لەو کاتانەی کە لە لایەن ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگاکانەوە ڕاگەیەندراوە و درێژەدان بە داخستنی شوێنە گشتییەکان.
سێیەم: گەشتە ئاسمانییەکان ھەتا ٢٢ ی ئەم مانگە ڕادەگیرێن و دواتر بە ھەماھەنگیکردن لە گەڵ حکومەتی فیدرالی بڕیاری پێویستی لە بارەوە دەدرێت بە لە بەرچاوگرتنی ڕێکار و ڕێنماییە تەندروستییەکان.
چوارەم: وەزارەتی ڕۆشنبیریی و لاوان و فەرمانگەی میدیا و زانیاریی لە چوارچێوەی بڕیار و ڕینماییەکانی وەزارەتی تەندروستی، ڕاسپێردران بۆ بەردەوامبوون و برەودان بە ھەڵمەتی ھوشیارکردنەوەی ھاووڵاتییان بۆ پابەندبوون بە ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی بە ھاوکاری و ھەماھەنگیی لە گەڵ دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ھەرێمی کوردستان.


 





ئەم هەواڵە 1414جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad