English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و زه‌ريف دۆخى ناوچه‌كه‌ تاوتوێ ده‌كه‌ن
2020-07-19 [08:34 AM]

ZNA_ هەولێر


ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ 19/7/2020 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ريف وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى كۆمارى ئيسلاميى ئێران و شاندێكى ياوه‌رى كر

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و ئێران، كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و هه‌وڵه‌كان و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنيان، دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، په‌تاى ڤايرۆسى كۆرۆنا و لێكه‌وته‌كانى به‌تايبه‌تيش له‌ بوارى ئابووريدا، شه‌ڕى دژى تيرۆر له‌ عێراق و چه‌ند پرسێكى ديكه‌يان تاوتوێ كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ به‌ڕێزان جێگرانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و باڵيۆزى ئێران له‌ به‌غدا و ژماره‌يه‌كى به‌رپرسان له‌ هه‌ردوولا ئاماده‌ى بوون، سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و به‌ڕێز زه‌ريف جه‌ختيان له‌ پته‌وكردنى په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئێران و گرنگيى سه‌قامگيريى عێراق و ناوچه‌كه‌ و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ و ئاڵۆزييه‌كان به‌ گفتوگۆ و لێكگه‌يشتن، كرده‌وه‌.

دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ش هه‌ردوولا له‌ لێدوانێكى ڕۆژنامه‌وانيدا تيشكيان خسته‌ سه‌ر ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌كه‌. سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى خۆشحاڵيى خۆى به‌ سه‌ردانى وه‌زيرى ئێران و شاندى ياوه‌رى ده‌ربڕى و ڕايگه‌ياند هه‌رێمى كوردستان به‌ بايه‌خێكى زۆره‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ ده‌ڕوانێت، ئێرانيشى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌ دراوسێيه‌كى زۆر گرنگ له‌ قه‌ڵه‌م دا‌.

به‌ڕێزيان هه‌روه‌ها گوتى: هه‌رێمى كوردستان هيچ كاتێك پشتگيرى و هاوكارييه‌كانى كۆمارى ئيسلامى و گه‌لانى ئێران له‌ كاته‌ سه‌خته‌كان و ڕۆژانى ته‌نگانه‌دا له‌بير ناكات. ئێران هه‌ميشه‌ وه‌ك دۆست و دراوسێيه‌ك له‌ هه‌موو قۆناغه‌كاندا له‌گه‌ڵ ئێمه‌ وه‌ستاوه‌، ئێستاش بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان په‌يوه‌ندييه‌كى دۆسانه‌ى دراوسێيه‌تى له‌سه‌ر بنه‌ماى ڕێز و به‌رژوه‌نديى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ كۆمارى ئيسلامى، پێويستييه‌كى له‌پێش و گرنگه‌.

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان وێڕاى په‌يوه‌ندييه‌كى دێرينى مێژوويى، ئابوورى، كۆمه‌ڵايه‌تى و كولتوورى، جموجووڵێكى فراوانى ئاڵوگۆڕى بازرگانيشی له‌گه‌ڵ كۆمارى ئيسلاميدا هه‌يه‌. په‌ره‌پێدانى ئه‌و په‌يوه‌ندييانه‌ و فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌شى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ كۆمارى ئيسلامى له‌و بوارانه‌دا كه‌ پێويستى و جێى بايه‌خى هه‌ردوولان، خواستێكى به‌رده‌وامى هه‌رێمى كوردستانه‌ و هه‌ميشه‌ كارمان له‌سه‌ر كردووه‌ و ده‌كه‌ين.

هه‌روه‌ها گۆتى: له‌گه‌ڵ جه‌نابى وه‌زير په‌يوه‌ندييه‌كان و دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى ناوچه‌كه‌‌ به‌گشتى، هه‌روه‌ها پێگه‌ و ڕۆڵى گرنگى ئێرانمان له‌ هاوكێشه‌كانى ناوچه‌كه‌دا تاوتوێ كرد. داكۆكيمان له‌ پێويستى و گرنگيى سه‌قامگيرى له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌، گفتوگۆ و لێكگه‌يشتن بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئاشتيانه‌ى كێشه‌ و ئاڵۆزييه‌كان كرده‌وه‌.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا كه‌ باسيان له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تاى ڤايرۆسى كۆرۆنا و كاريگه‌رييه‌كانى كردووه‌ به‌تايبه‌تى له‌ بوارى ئابووريدا، هه‌روه‌ها كاريگه‌ر‌ييه‌كانى له‌سه‌ر هاتوچۆ و جموجووڵى ده‌روازه‌ سنوورييه‌كان له‌گه‌ڵ ئێران، چۆنيه‌تيى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى په‌تاكه‌ و ئه‌زموونى ئێران له‌مباره‌يه‌وه‌، له‌گه‌ڵ چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش.

له‌ كۆتاييدا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاسى به‌ڕێزان باڵيۆزى كۆمارى ئيسلامى له‌ به‌غدا و كونسوله‌كانيان له‌ هه‌ولێر و سلێمانى كرد كه‌ ڕۆڵێكى به‌رچاو له‌ په‌ره‌پێدانى په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ردوولادا ده‌گێڕن.

هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا بەڕێز محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە وتەیەکدا گوتی: سوپاسی میوانداریی گەرمی برا و دۆستی زۆر باشم بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی بەڕێزی هەرێمی کوردستان دەکەم لە هەولێری زۆر جوان، زۆر خۆشحاڵم کە بۆ سێیەمین جار لە ميانى بەرپرسیاریه‌تیم لە سەردانمدا بۆ عێراق ئەو دەرفەتەم بۆ ڕەخسا سەردانی هەرێمیش بکەم.

هه‌روه‌ها گوتى: بۆ ئێمە عێراق بە هەموو نەتەوە و گرووپە مەزهەبی و نەژادیەکانییەوە زۆر ئازیزە و دراوسێیەکی باشە و ئەولەوییەتی سیاسەتی ئێمە عێراقە و دەخوازین کە شاهیدی پەیوەندیی دۆستانە و برایانە و هاوکاری لە ناوخۆی عێراق و نێوان عێراق و ناوچەکە بەتایبەت کۆماری ئیسلامیی ئێران بین.

زۆر خۆشحاڵین کە ئەمڕۆ ناوچەکە لە ڕاستییەکانی عێراقی نوێ تێگەیشتووە. هەڵبەت بۆ هەندێ لە وڵاتانی ناوچەکە زۆری خایاند بۆ قبووڵکردنی ڕاستییەکانی عێراقی نوێ، بەڵام زۆر خۆشحاڵین بەوەی کە ئەمڕۆ ناوچەکە ئەو ڕاستییەی وەرگرتووە، عێراقێک کە لە هەموو نەتەوەکان پێکهاتووە و سەرۆک کۆمارەکەیشی کوردێکی عێراقییە. ئەوەش زۆر گرنگە کە ئەم عێراقە لە ناوچەکەی ئێمەدا بە فەرمی ناسێنراوە و لەگەڵ ئەم عێراقە وەک میحوەرێک بۆ ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

هه‌وه‌ها گوتی: ئێران پێشوازی لە ئەم ڕۆڵەی عێراق دەکات و ئێمه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر نزیكمان له‌گه‌ڵ خوشك و برایانمان هه‌یه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان،‌ په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر نزیكی كولتووری و خێزانی و تەنانەت خزمایەتيش، هەروەها په‌یوه‌ندییه‌كی باشی ئابووریمان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان و عێراق هه‌یه‌ و هاوكاریی ئابووریمان له‌گه‌ڵ عێراق به‌ردەو‌ام له‌ گه‌شه‌سەندایه‌.

به‌ڕێز وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران هه‌روه‌ها گوتى: دڵخۆشین كه‌ ته‌نانه‌ت ڤایرۆسی كۆرۆناش نه‌یتوانی ڕێگری له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییەکانمان له‌گه‌ڵ عێراق و به‌تایبه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكات و ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان به‌رده‌وام كراوه‌ بوون و هیوادارم هه‌رده‌م هه‌روا بێت. ئاماده‌ییی ئه‌وه‌مان هه‌یه‌ كه‌ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئه‌و ڤایرۆسه‌ مه‌ترسیداره‌ له‌گه‌ڵ دۆسته‌كانمان له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ هاوكاری بکەین و بتوانین ئه‌زموونه‌كانی خۆمان له‌ خزمه‌ت دۆسته‌كانمان دابنێین، ئاماده‌ین په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كانمان زیاتر گه‌شه‌ پێبده‌ین و پڕۆژه‌ی درێژمه‌وداتر به‌تایبه‌ت له‌ بواری ناوچە پیشه‌سازییه‌كان و ڕێگه‌ی ئاسن و له‌ بواری وزه‌دا له‌گه‌ڵ عێراق په‌یوه‌ندیمان هه‌بێت. هیوادارین له‌ سه‌ردانی ڕۆژی سێشه‌ممه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی بەڕێزی عێراقدا بۆ ئێران بتوانین زه‌مینه‌ی ئه‌و هاوكارییانه‌ فراوانتر بكه‌ین.

جارێكی دیكه‌ سوپاسی ئه‌و پێشوازی و میواندارییه‌ گەرمەی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی و حكوومه‌تی‌ هه‌رێمی كوردستان و به‌رپرسانی هه‌رێم دەکەم و هیوادارم هه‌موو ڕۆژ په‌یوه‌ندییه‌كانمان به‌رده‌وام و به‌هێزتر بێت. هه‌روه‌ها یادی شه‌هید سولێمانی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ڕۆڵێكی باش و بەرجەستەی هه‌بوو له‌ هاوكاریكردن له‌گه‌ڵ سه‌ربازانی ئازای عێراق و پێشمه‌رگه‌ ئازاكانی كوردستان كه‌ به‌رامبه‌ر داعش و بۆ ڕه‌واندنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی داعش له‌سه‌ر هه‌ولێر وه‌ستابوو، یادی ئه‌و به‌رز هه‌ڵده‌سه‌نگێنین و هیوادارین ئه‌و برایه‌تییه‌ی نێوان ئێران له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان و عێراق به‌ به‌رده‌وامی بمێنێته‌وه‌. جارێكی دیكه‌ سوپاسی میوانداریتان ده‌كه‌م جەنابی سەرۆک.





ئەم هەواڵە 190جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad