English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
جگەرخوین هەرکی: هاتنی جەواد زەریف بۆ هەولێر بەپێی لێکدانەوەوەی روداو و پێشهاتەکان گرنگی خۆی هەبوو
2020-07-20 [10:31 AM]

ZNA- هەولێر


دوێنی ۱۹ـی تەموزی ۲۰۲۰ جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران گەیشتە هەولێر لەگەل هەریەکە لە سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوویەوە.

دکتۆر جەگەرخوین هەرکی، شارەزا لە کاروباری ئێران بە ئاژانسی هەواڵی زاگرۆسی راگەیاند: پێ دەچێ گۆڕانکارییە  چاوەروان نەکراوەکانی ناوچەیی بە تایبەت قسەکردن لە سەر چوونەدەرەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و دۆخی نوێی عێراق و سوریا و هەروەها ئەگەری دانوستانەکانی نێودەوڵەتی ئەم دیدارەیان لەو کاتە نائاساییە هێنابێتە کایە. بۆیە بەپێی لێکدانەوەی ڕووداو و پێشهاتەکان ئەم سەردانە گرنگە و پێ دەچێ تەوەرەکانی دانیشتنی دوولایەنە لەو ئاستە دیپلۆماسیە بابەتی ئابووری و ئەمنی و سیاسی درشت و ورد بن. بە تایبەت دوای هاتنی سەرەک وەزیرێکی شیعەی نۆی کە ھەر لە سەرەتای دەست بەکاربوونی تا رادەیەک جیاواز دەرکەوتووە، گرنگی هەرێمی کوردستانی جارێکی دیکە بۆ ئێران ڕوون کردبێتەوە. بەو پێیەی کە ئێران وڵاتێکی بەھێزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی ئیسلامە و ڕۆڵێکی کارا و کاریگەری هەیە لە ڕووداو و هاوکێشەکانی سیاسیی ناوچەکە، ناسینی توانا و سیاسەتەکانی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە و پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بکەین. لە مەیدانی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان کێشەی کورد وەک پرسێکی ناسراو بوونی هەیە و ئەم کێشەیە ڕۆژبەڕۆژ زیاتر پەرە دەستێنێت و ڕەهەندی هەرێمی و نێودەوڵەتی بەخۆیەوە گرتوە. بە تایبەتی کێشەی کورد بۆ ئێران تایبەتمەندیی خۆی هەیە . هەر گۆڕان و پێشهاتێک کە دۆخی کورد بباتە قۆناغێکی نوێ لە لایەن ئێران وەک بابەتێکی ئەمنی و گرێدراوی ئاسایشی نەتەوەیی سەیر دەکرێت. هەر لەو ڕوانگەوە، گفتوگۆی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی و هەرێمی کوردستان لە سەرووی ئەو بەهایانەی کە باوەڕمان پێیان هەیە و لە سەرووی ئامانجە سیاسیەکانی هەردوولا، کاریگەریەکی زۆری بۆ گەیشتن بە هەڵسەنگاندن و تێگەیشتنێکی باشتر لە بەرژەوەندییەکانی یەکتری هەیە.  قەیرانە کاتییەکان ھەرچەندە گرنگن بەلام گۆڕانکاریی زۆر بنەڕەتی ناهێننە دی و بێ گومان گۆڕینەوەی بیروڕا و دانوستاندن لە ئاستی بەرز و دیپلۆماسی هەرێم و ئێران توانای نوێ لە کارکردن و تەنانەت هاوکاریی سیاسی بۆ تێپەڕاندنی کێشەکانی نێوان هەولێر و تاران دەخاتە بەرچاو.

 


دکتۆر جەگەرخوین هەرکی گووتی:  ئەمە بابەتێکی زۆر گرنگە، کۆماری ئیسلامیی و هەرێمی کوردستان ئەزموونی هاوبەشی سودمەند و سەرکەوتووی زۆریان پێکەوە هەبوە، نموونەی هاوکاریی دوولایەنە لە شەڕی دژی ڕژێمی بەعسی عێراق، هاوکاریی حکوومەت و خەڵکی ئێران لە گەلی کورد لە کاتی کۆڕەوی ملیۆنی گەلی کوردستان و هەروەها لە کاتی کیمیابارانی هەڵەبجە، بە تایبەتی لەدوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام کاتێک ئێران کاریگەریەکی یەکجار زۆری لە مەیدانی سیاسیی عێراق هەبوو، لە کاتی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و نووسینی دەستووری نوێی عێراق تێکگەیشتنی دوولایەنە هەبوو و تێگەیشتنی ئێران لە بەشی زۆری مافەکانی هەرێمی کوردستان بە فیدرالیزمەوە جێی تێڕامانن، هەروەها هاوکاریی دوولایەنەی ئێران و هەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شەڕی تیرۆریزمیی داعش و پەیوەندیی ئابووریی و بازەرگانی و فەرهەنگیی لە ئاستێکی بەرز کە سودی بەرچاوی بۆ هەردولامان هەبوو ئەزموونی باشن بۆ پتەوکردنی پەیوەندیەکی پاک نیەتانەی دوولایەنە. پەیوەندییەکانی سیاسی و سیاسەتی دەرەوەی ھەر وولاتێک درێژەی سیاسەتی ناوخۆیە بۆ پاراستن و بەرگری کردن لە بەرژەوەندی نەتەوەیی خۆی،لە ڕوانگەی ئێمە
ئەوەی لێرەدا دەبێت گرنگ بێت، ئەوەیە کە پێویستە هاوکاریی و پەیوەندیەکان لە سەر بنەمای زانستی سیاسی و دیپلۆماسی و ناسینێکی وردی ئێران بونیاد بنرێت. بە ڕوانین لە ناوەندەکانی داڕێژەری سیاسەتی دەرەوە، وەک بەشی لێکۆڵینەوەی ئاکادیمی وەزارەتی دەرەوەی ئێران و دەیان سەنتەری لێکۆڵینەوەی زانستی و ئاکادیمی ئێران، گرینگیدانی ئەوان بە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی  بەرفراوان و زانستیانە دەبینرێ تەنانەت لە ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیای ئێرانیش، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بۆشاییەکی زانستی یەکجار زۆر هەیە بۆ کارکردن لە سەر زیاتر ناسینی ئێران. لە لای ئێمە دیپلۆماسی مانایەکی جیاوازی هەیە لە چاو چوارچێوەی زانستی سیاسی و دیپلۆماسی ئوسوڵی، پێویستە بۆ ئێمە دیدگامان لە وشەی دیپلۆماسی بگۆڕین و تەنها لە بازنەی پرۆتۆکۆڵ و کۆبوونەوە و میدیا چاو لە چەمکی دیپلۆماسی نەکەین.


 زۆر گرنگ و پێویستە کە دەزگای دیپلۆماسی هەرێمی کوردستان کەلک لە زانکۆ و سەنتەرەکانی ئەکادیمی و نوخبە زانستی و سیاسیەکان وەرگرێت بۆ باشتر کارکردن و تێگەیشتنی ورد لە بەرژەوەندییەکان و چۆنیەتی داڕشتنی سیاسەتی گشتی، بە تایبەت سیاسەتی دەرەوەی ئێران ،بە مەبەستی دۆزینەوەی پۆتانسێل و توانا بەردەستەکان بۆ بەرەو پێشبردنی پەیوەندیەکانمان بە ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندیەکانی گەلەکەمان و سەقامگیریی ئەمنی و سیاسی و ئابووری.

 


هەورەها دکتۆر جەگەرخوین هەرکی شارەزا لە کاروباری ئێران ئەوەشی بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس خستەروو گووتی:  پێم وانیە قەیرانێکی ئەوەندە گەورە لە نێوان هەولێر و بەغدا هەبێت کە پێویستی بە نێوان گیری بکات.
بە شێوەیەکی گشتی دەبێ ئەوە بزانین کە پەیوەندیی نێوان ئێران و عێراق پەیوەندیەکی لێک ئاڵاوە. بەشی هەرە زۆری عێراق شیعە مەزهەبن و بێ گومان تا ماوەیەکی زۆر ئێران دەتوانێت کاریگەری لە مەیدانی سیاسی عێراق هەبێت. ڕوونە کە سەقامگیریی سیاسی و یەکپارچەیی عێراق بۆ ئێران زۆر گرزنگە و ئێران ڕۆڵێکی بەرچاو و بێ بەدیلی هەیە بۆ بەرگریکردن لە یەکپارچەیی عێراق و دەوڵەتی هاوپەیمانی شیعە لە بەغدا. لەم کاتەدا باشتر وایە ئەمە وەکو شتێکی نێوخۆیی عێراق سەیربکرێت. سەرکردایەتی سیاسی کوردستان بە پێداگریی لە سەر سیاسەتی هاوسەنگ و ئاشتیانە دەتوانێت دیالۆگێکی بەهرەمەند لە گەڵ دەوڵەتی نۆی عێراق بکات و کێشەکان بە ئاراستەی چارەسەریی ببات.  بەلام بێ گومان پەیوەندیی باشی ھەرێمی کوردستان و  کۆماری ئیسلامی ئێران ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت لە سەر ئەم بابەتە. پەیوەندی باش و دۆستایەتی ئێمە لە گەڵ ئێران لە سەر بنەمای مێژوو و فەرهەنگی ھاوبەش  گرنگیێکە کە بە دڵنیاییەوە ڕەنگدانەوەی دەبێت لە سەر سەقامگیریی سیاسی، ئەهوەنی پایەدار و گەشەسەندنی ئابووریی ناوچەکە بە گشتی.

 

دڵشا یونس هەرکی





ئەم هەواڵە 2758جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad