English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
وەزیری ناوخۆ : دەسەڵاتمان داوەتە پارێزگارەکان ئاسانکاری زیاتر بکرێت 
2020-07-21 [10:14 AM]

ZNA- ھەولێر


وەزیری ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد لە کۆنفرانسێکی میدیاییدا، رایگەیاند، ناکرێت رێگەکانی ھاتوچۆ بە تەواوی بکرێنەوە و دەسەڵاتی تەواو دراوەتە پارێزگاکانی ھەولێر و سلێمانی کار بە رێگەپێدانی ئەلیکترۆنی بکەن و ئاسانکاری زیاتر بۆ ھاووڵاتیان بکەن.
وتەکانی رێبەر ئەحمەد:
کۆبوونەوەیەکی درێژمان ھەبوو، بە ئامادەبوونی چەند وەزیرێک و پارێزگارەکان و سەرپەرشتیارانی ئیدارەکان و بەڕێوبەرە گشتییەکانی فڕۆکەخانەکان. ماوەیەکی درێژ بوو، کۆبوونەوەی فراوان لەگەڵ پارێزگارەکان نەکرابوو.
لە رابردوو دەسەڵاتی تەواو دراوەتە پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا.
باسەکانی کۆبوونەوە
ئەم کۆبوونەوەیە پێنج کاتژمێر درێژەی کێشا و ئەم خاڵانە باسکرا (فڕۆکەخانەکان، سنوورە نێودەوڵەتییەکانی ھەرێم و تورکیا و ئێران، ھاتنی گەشتیار، گەشتی ھاووڵاتیانی خۆمان، ھاتوچۆی نێوان پارێزگاکانی ھەرێم، ھەروەھا ھەرێم و پارێزگاکانی عێراق، ئەو گەشتانەی بڕیارە لە نێوان شارەکانی عێراق لە رێی فڕۆکەوە بکرێن، کۆنترۆڵکردن و زیاتر کردنی ھاتوچۆی بازرگانی نێوان ھەرێم و ئێران و تورکیا، بە تایبەتی لە دەروازە سنوورییەکانی ئیبراھیم خلیل و حاجی ئۆمەران و باشماخ، بۆ ئەوەی رێکاری نوێ بگیرێنە بەر، بە تایبەتی لە رووی سووتەمەنی و پێداویستی رۆژانە و خۆراک و دەرمان) ھەموو لایەک کۆکبووین رێگە بدرێت شووفێرەکان بێنە ھەرێم و لێرەشەوە روو لە شارەکانی عێراق بکەن. لەسەر خاڵە سنوورییەکان تێستی کۆرۆنایان بۆ دەکرێت، لە لایەن کەرتی تایبەتەوە و بە سەرپەرشتی وەزارەتی تەندروستی و پڕۆژەیەکی ھاوبەشی کەرتی تایبەت و وەزارەتی تەندروستی دەبێت.
فڕۆکەخانەکان
لە بارەی فڕۆکەخانەکانەوە، دیارە ئێستا ئامادەییان نییە بۆ رێکخستنی گەشتە نێودەوڵەتییەکان و داوامان کرد، تا یەکی ھەشت خۆیان رێکبخەن و ھەرچی پێویستە ئەنجامی بدەن بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکان. وەزارەتی تەندروستی، ناوخۆ، گواستنەوە و گەیاندن و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە راسپێردران رێکاری پێویست لەو بارەیەوە بگرنە بەر.
کەرەنتینە
بڕیارێکی پێشوەخت ھەبوو، لە بارەی کەرەنتینە لە ماڵەوە جەختی لەسەر کرایەوە. لە خاڵە سنوورییەکان تێستی کۆرۆنا بۆ گەشتیاران دەکرێت. ئەگەر پۆزەتیڤ بوو، نیشانەی نەبوو دەنێردرێتەوە ماڵەوە و ئەگەر نیشانەی ھەبوو دەبێت بچێتە نەخۆشخانەکان.
ھەرێم و پارێزگاکانی عێراق
ھاتوچۆ لە نێوان ھەرێم و پارێزگاکانی عێراق وەک خۆی دەمێنێتەوە. لەم کۆبوونەوەیە تەئکیدمان کردەوە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ھەرێم و پارێزگاکانی عێراق زیاتر بکرێت. بە تایبەتی لە رووی پەلەوەری و کشتوکاڵی. جەختکرایەوە ئاسانکاری زیاتر بکرێت بۆ ئەوەی بازرگانانی ناوخۆی و عێراقی زیاتر کار بکەن.
ھەولێر و سلێمانی
ھاتوچۆی نێوان پارێزگاکانی ھەرێم خاڵی سەرەکی بوو، یەکێکە لە داواکاری سەرەکی ھاووڵاتیان بە تایبەتی لە نێوان ھەولێر و سلێمانی. دەسەڵاتمان داوەتە پارێزگارەکان ئاسانکاری زیاتر بکرێت. ناکرێت لە کاتی بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە بە شێوەیەکی زۆر، دەروازەکان کراوە بن. تەئکید، ئاسانکاری زیاتر دەکرێت، بە تایبەتی لە رێی بەگەڕخستنی سیستمی ئەلیکترۆنی و دەسەڵات دراوەتە پارێزگارەکانی ھەولێر و سلێمانی. ئەو فشارە زیاتر لە سەر بازگەکانی ھەولێر ھەبوو. داواشمان لە پارێزگاری ھەولێر کردووە، خاڵەکانی داخیلبوون لە نێوان ھەولێر و پارێزگاکان زیاتر بکرێت، بە تایبەتی دێگەڵە و سماقوڵی ئاسانکاری زیاتر بکرێت.
"ناکرێت ھاتوچۆ وەک جاران بێت"
ئێمە رێنماییمان دەرکردووە، ئەو پەڕی ئاسانکاری بۆ ھاووڵاتیان بکرێت، بەڵام ناکرێت ھاتوچۆ وەک جاران بێت. ئەویش لە رێی ئەلیکترۆنییەوە دەبێت. ئەو رێکارانەی باسمان کرد، بۆ دھۆک رەنگە جیاواز بێت، چونکە دھۆک ژمارەی مردنی نەبووە و ژمارەی تووشبووانی کەمن.
قوتابیان و خوێندکارانی دەرەوە
سەبارەت بەو قوتابی و خوێندکارانەی لە دەرەوە خوێندنیان ھەبووە و ئێستا خوێندن لە وڵاتەکانی دیکە کراوەتەوە و دەروازەکان بۆیان کراوە دەبن بۆ سەرفەرکردنیان.
دەروازەکانی تورکیا و ئێران
دەروازەکان بە رووی تورکیا و ئێران بۆ نەخۆشان و ئەوانەی زۆر پێویستیانە بە رێگەی ئەلیکترۆنی دەبێت.
ھەروەھا بڕیارماندا ئەو کۆمپانیایانەی لە رێی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێم کاردەکەن، یان ئەوانەی پڕۆژەیان ھەیە، بە زووترین کات رێگەپێدانیان بۆ درووست دەکەین، بە رەچاوکردنی رێکارەکانی وەزارەتی تەندروستی دەتوانن بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.
ئاستی ھۆشداری بەرز بووەتەوە
خۆشبەختانە لە ماوەی رابردوو ھاووڵاتیان ئاستی ھۆشداریان لە بارەی مەترسی کۆرۆنا زیاتر بووە. خۆپارێزی دەکەن.
لە ھەر شوێنێک ھەست کرا ژمارەی تووشبوون زیاد بووە، دەسەڵات دراوە قەدەغەی ھاتوچۆ رابگەیەنرێت. رێکاری پێویست بۆ سزادانی ئەو شوێنانەی پەیڕەوی رێنماییەکان ناکەن دەرچوونە.
فەرمانگەکان
یەکێک لەو بڕیارانەی تەئکیدمان لێکردەوە، فەرمانگەکان، خۆیانن، بەشێک لە فەرمانگەکان رێکارەکان وەک خۆی جێبەجێ ناکەن. لە ئاستی ئەنجوومەنی وەزیران دەسەڵات دراوە بە وەزارەتی ناوخۆ بەدواداچوون بکەین، بۆ لێپرسینەوە لەوانەی رێنماییەکان جێبەجێ ناکەن. لیژنەیەکمان درووست کردووە، سەردانی وەزارەتەکان بکەن. ھەر شوێنێک پابەند نەبێت، سزا دەدرێت. لە ئاستی پارێزگاکانیش لیژنە درووست کراوە و لە ھەر شوێنێک فەرمانگەکان پابەندی رێنماییەکان نەبن، سزا دەدرێن.
مزگەوت و ھۆڵی بۆنەکان
لەم کۆبوونەوەیە بڕیارماندا و جەختمانکردەوە شوێنەکانی بۆنە و ئاھەنگگێڕان ناکرێنەوە. ھۆڵەکانی وەرزش و لەشجوانی و نێرگلە کێشان بە داخراوی دەمێننەوە.
سەبارەت بە مزگەوتەکانیش تا ئێستا وەک خۆی دەبێت، دواتر رێنمایی پێویست دەردەچێت. بە رەچاوکردنی ئەوەی ئەمساڵ حاجیمان نەبووە و حەج نەبووە، ھەرێمی کوردستانیش دەبێت خۆی بگونجێنێت لەگەڵ ئەو بارودۆخە و رەنگە پێویست نەبێت قەرەباڵغی درووست بکرێت. ھەندێک ئاسانکاری ھەیە بۆ نوێژی جەژن و ھەینی و ھەندێک رێنمایی دەردەچن.
چاکسازییەکان
لە ئاستی ئەنجوومەنی وەزیران لیژنەی باڵا درووستکراوە بۆ سەردانی ئەو شوێنانەی زیندانیان تێدایە و ھەڵسەنگاندنی رەوشیان. لە مەودایەکی نزیکدا راپۆرتێک دەدرێتەوە ئەنجوومەنی وەزیران.
بۆ ئەوانەی مانیان گرتووە، داوایان لێدەکەین بچنەوە سەر ژیانی خۆیان و پشتیوانی لە وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی دەکەین بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری زیاتر پێشکەش بکرێت و رێگە نەدرێت نەخۆشییەکە لە زیندانەکان بڵاوبێتەوە.

 





ئەم هەواڵە 1639جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad