English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
بەڕێوەبەرایەتى گشتى ڕوونکردنەوە لەسەر ئەم وێنەیە دەدات
2020-07-26 [03:11 AM]

ZNA - هه‌ولێر


 

پاش بڵاوبوونەوەى وێنەى هاووڵاتیەکى بەساڵاچوو لەسەر یەکێک لە شەقامەکانى شارى سلێمانى، بەڕێوەبەرایەتى گشتى لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایدەگەیەنێت ئەو هاووڵاتیە ئامادە نییە بێتە ماڵى بەساڵاچووان خزمەت بکرێت و بەردەوام دەبین لە هەوڵدان بۆ ڕازیکردنى یان دۆزینەوەى چارەسەرى تر بەو جۆرەى لەگەڵ بەرژەوەندى ئەو هاووڵاتیە دەگونجێت.

هەر لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە کە بەڕێوەبەرایەتى گشتى چاودێرى و گەشەپێدانى کۆمەڵایەتى سلێمانى بە دڵسۆزى کارمەندان و بەڕێوەبەرو بەرپرسانى چاودێرى کۆمەڵایەتى توانیومانە باوەش بۆ هەر بەساڵاچوو و مندالێک بکەینەوە کە بەهەر هۆکارێک خێزانەکەى لەدەست دەدات، و لەم ڕووەوە سلێمانى پیشەنگە.

 

دەقى ڕوونکردنەوەکە:

 

ڕوونکردنەوەیەک له‌باره‌ی‌ مانەوەی‌‌هاووڵاتیەکی‌ به‌ساڵاچوو له‌ شەقامێکی‌ سلێمانی‌

 

له‌باره‌ی‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ وێنه‌ی‌ هاووڵاتیه‌كی‌ بەساڵاچوو له‌ شاری‌ سلێمانی‌، هاووڵاتیان‌و دەزگاکانی‌ ڕاگەیاندن ئاگاداردەکەینەوە، کە ئەو هاووڵاتیەی‌ وێنەکەی‌ بڵاوکراوەتەوە، لە دوو مانگی‌ ڕابردوودا تیمەکانمان چەند جارێک قسەیان لەگەڵ کردووە بۆ ئەوەی‌ لەو سەر شەقامە نەمێنێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو ئامادەکارییەک کراوە بۆ وەرگرتن‌و خزمەتکردنی‌ لە ماڵی‌ بەساڵاچووانی‌ سلێمانی‌.

 

ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٦ی‌ ٧ی‌ ٢٠٢٠، جارێکیتر سەردان کرایەوە، بەڵام ئەو هاووڵاتیە بە پاساوی‌ جیاجیا تا ئێستا خۆی‌ ئامادە نەبووە ئەو داواکارییەی‌ توێژەرانی‌ ئێمە پەسەند بکات‌و لە ماڵی‌ بەساڵاچووان ژیان بکات.

 

ماڵی‌ بەساڵاچووانی‌ سلێمانی‌، بەشێوەی‌ بیست‌و چوار سەعات، دەرگای‌ کراوەیە بۆ لە ئامێزگرتنی‌ ئەو بەساڵاچووانەی‌ کە بەهەر هۆکارێک پێویستیان بەو شوێنە شایستەیە هەیە و خزمەتگوزاری‌ کۆمەڵایەتی‌‌و دەروونی‌‌و تەندروستی‌‌و پێویستی‌ ڕۆژانەی‌ ژیانیان پێشکەش دەکات.

 

ماڵی‌ بەساڵاچوان دامەزراوەیەکی‌ ئارەزوومەندانەیەو ناتوانێت هاووڵاتی‌ ناچار بکات ماڵی‌ بەساڵاچووان هەڵبژێرێت بۆ ژیانکردن، لە بنەماشدا ئێمە کاردەکەین بۆ مانەوەی‌ هاووڵاتی‌ لە چوارچێوەی‌ خێزاندا، بە دڵنیاییەوە لە ڕۆژانی‌ داهاتووشدا هەوڵی‌ تر دەدەینەوە بۆ ئەوەی‌ ئەو هاووڵاتیە لە شوێنێکی‌ شایستە بژی‌و مافەکانی‌ پارێزراوبن.

 

هەروەها بە پێویستی‌ دەزانین هاووڵاتیان‌و دەزگاکانی‌ ڕاگەیاندن ئاگاداربکەین بەرلەوەی‌ وێنەی‌ ئەو هاووڵاتیانە بگرن‌و بڵاویان بکەنەوە، کە ئەمە کێشەی‌ تر بەدوای‌ خۆیدا دەهێنێت، سەرەتا پەیوەندی‌ بە دامەزراوەی‌ کۆمەڵایەتی‌ لە سلێمانی‌ بکەن، ئێمە بە پێی‌ ئەرکە یاساییەکانمان کاریان بۆ دەکەین، تا لەلایەک بە بڵاوکردنەوەی‌ وێنەیان ناوبانگیان نەزڕێت و لەلایەکی‌ تریشەوە نەبێتە کێشەی‌ تری‌ خێزانی‌ بۆیان.

 

لەگەڵ رێزدا

 

ڕاگەیاندنی‌ بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ چاودێری‌‌و گەشەپێدانی‌ کۆمەڵایەتی‌ سلێمانی‌

٢٦ی‌ ٧ی‌ ٢٠٢٠

 





ئەم هەواڵە 1168جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad