English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
به‌غدا... کوژراو و بریندار له‌ خۆپیشاندانه‌كان كه‌وته‌وه‌
2020-07-27 [12:40 PM]

ZNA - هه‌ولێر


 

لە مەیدانی تەحریر لە بەغدا، شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی ئاژاوە و خۆپیشاندەراندا ڕوویانداوە و زیاتر لە 21 کەسیش بریندارن.

سەرچاوە تەندروستییەکان بە ئاژانسی فرانس پرێسیان ڕاگەیاندووە ئەو دوو خۆپیشاندەرە سەرلەبەیانی ڕۆژی دوشەممە گیانیان لەدەستداوە.

سەرچاوە تەندروستییەکان دەڵێن ئەو دوو خۆپیشاندەرە بە هۆی بۆمبی فرمێسک ڕژێنەوە، بە سەختی بریندار بوون و یەکێکیان بەر سەری کەوتووە و ئەوی تریشیان بەر ملی کەوتووە.

لەوەتای مانگی 5 ی ڕابردووەوە ئەمە یەکەمین پێکدادانی خوێناوی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئاسایشییەکانی عێراقە کە موستەفا ئەلکازمی، پۆستی سەرەک وەزیری وەرگرتووە.

خۆپیشاندان لە شاری بەغدا و ژمارەیەک شار و شارۆچکەی تری عێراقدا ڕوویانداوە بەهۆی کەمی كاره‌با وەک دەگوترێت حکومەت ڕۆژانە تەنها چەند کاتژمێرێک كاره‌با دابین دەکات لە کاتێکدا لەم هەفتەیەی ڕابردوودا، پلەی گەرما 50ی سەدیی تێپەڕاندووە.

هەتا ئێستاشی لەگەڵدابێت، حکومەتی عێراق نەیتوانیوە چارەسەرێکی یەکلاکەرەوەی بۆ کەمی كاره‌با لە وڵاتەکەدا هەبێت.

لە مانگی 10ی ڕابردووەوە خۆپیشاندانی ناڕەزایی دەربڕین زۆرێک لە شار و شارۆچکەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراقی گرتۆتەوە کە زیاتر لە 550 کەس لەو شەپۆلی ناڕەزایەتیەدا کوژراون و نزیکەی 30 هەزار کەسیش بریندران، ئەمە بێ لەوەی دەیان چالاکوان ڕفێندراون و کوژراون یان بێ سەروشوێن کراون.

موستەفا ئەلکازمی، سەرەک وەزیری عێراق لە ڕاگەیاندنە بەراییەکانیدا پەیمانی لێکۆڵینەوەی دابوو لەو کردەی کوشتنانەی خۆپیشاندەران.

ڕێکخراوە سیڤیلییەکان لە عێراق حکومەتی وڵاتەکەیان گوناهبارکردووە بەوەی ئەو بۆمبە فرمێسک ڕژێنانەی بەکاریان دەهێنێت دژی خۆپیشاندەران. لە جۆری لەشکرین و 10 هێندەی بۆمبی تری فرمێسکڕژێن بەهێزترن کە لە شوێنەکانی تری جیهاندا بەکاردەهێنرێن.

ژمارەیەک لە چالاکوانانی عێراقی لە تۆڕەکانی سۆشیال میدیا دەڵێن "حکومەتەکەی کازمی هەمان ڕێبازی سەرکوتکارییەکانی حکومەتەکانی پێش خۆی دووبارە دەکاتەوە."

وتەبێژی سەرکردەی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە ڕاگەیاندنێکدا دەڵێت " هێزە ئاسایشییەکانی عێراق ڕێنومایی ئاشکرا و توندیشیان پێدراوە کە نابێت بەرەنگاری خۆپیشاندەران ببنەوە و نابێت پەنا ببرێتە بەر بەکارهێنانی هێزی لە ڕادەبەدەر، تەنها لە کاتی زۆر زۆر پێویستدا نەبێت."

لە ڕاگەیاندنەکەدا هاتووە " هەندێک ڕووداوی نەخوازراو ڕوویانداوە کە جێی مەخابنن و دەستکراوە بە لێکۆڵینەوە و ئەوانەش کە دەخوازن هێزە ئاسایشییەکان بوروژێنن و پێکدادان دروست بکەن، ئەوانەن کە سەقامگیرییان لە عێراقدا ناوێت."

لەو ڕاگەیاندنەی وتەبێژی سەرکردەی هێزە چەکدارەکانی عێراقدا هیچ ئاماژەیەک بە زیانی گیانی نەکراوە، نە لەناو خۆپیشاندەراندا و نە لەناو هێزە ئاسیشیەکانیشدا.

نەتەوە یەکگرتووەکان ناڕەزایی خۆیی دەربڕیوە بەرامبەر توندوتیژییەکان و سەرکوتکردنەکان و لە ڕاگەیاندنێکدا داوای لە حکومەتی عێراق کردووە تا لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو ڕووداوانەی شەوی یەکشەممە بکرێت و گومانبارانی ئەو ڕووداوانەش دادگایی بکرێن.

 

voa





ئەم هەواڵە 6055جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad